ئەحمەد شەماڵ

له‌لایه‌ن: - سروشت ناجی - به‌روار: 2022-04-13-21:03:00 - کۆدی بابەت: 8237
ئەحمەد شەماڵ

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

ئەحمەد مەحموود یان ئەحەی خولە سنەیی ناسراو بە ئەحمەد شەماڵ، گۆرانیبێژێکی کوردبووە کە لە ساڵی ١٩٢٣ لە سلێمانی لەدایکبووە، خێزانەکەی بە ڕەچەڵەک خەڵکی ڕۆژھەڵاتی کوردستانن، بەھۆی کاری کاروانچێتییەوە باوک و باپیری لە شاری سنەوە ھاتوونەتە شاری سلێمانی و ھەر لەو شارە نیشتەجێبوون، لەبەر ئەم هۆیەش بە ئەحەی خولەسنەیی ناسراوە.

ژیاننامە

ئەحمەد شەماڵ لە گەڕەکی چوارباخی سلێمانی لەدایک بووە، خێزانەکەی کەم دەرامەت بوون، لەسەرەتادا خراوەتە حوجرە بۆ خوێندنی قورئانی پیرۆز، لەبەر ھەژاری وازی لە خوێندن ھێناوە و دەستی بە کارکردن کردووە و ئاوارەی شاران بووە. خەم و کەسەر و مەینەتی دەبنە بەشێک لە ژیانی ئەم ھونەرمەندە، ئەحمەد شەماڵ ھەر لە سلێمانی ژنی ھێناوە و چەند منداڵێکی ھەیە، بە ناوەکانی (جەمال و جەلال و جەزا و شەماڵ و ناسک و بەناز).

لە ساڵی ١٩٥٣ دەستی بە کاری ھونەری کردووە، پاش ئەوەی کە خەڵک وردە وردە گوێبیستی دەنگی ئەو ھونەرمەندە بوون بەناوبانگ دەبێت و کەسانێکی زۆر حەز بە دەنگی دەکەن، لەگەڵ زۆربەی ھونەرمەندەکانی ئەو سەردەمە گۆرانی وتووە، وەکوو: محەمەد ماملێ، حەسەن زیرەک و عەلی مەردان.

زۆرن ئەو کەسانەی، کە بە ئامێرە مۆسیقییەکانیان یارمەتییان داوە، وەک ھونەرمەندان سمکۆ و بەساز ئومێد ڕەحیم بە نەی، ئیسماعیل بە زەڕب و عوسمان کە برای ھونەرمەندە بەلێدانی زەڕب.

پەیوەندیی نێوان ئەحمەد شەماڵ و حەسەن زیرەک

ئەحمەد شەماڵ دۆستایەتییەکی نزیکی لەگەڵ ھونەرمەند حەسەن زیرەکدا ھەبووە، وەک خۆی وتوویەتی (ھەر کاتێک زیرەک سەردانی باشووری کوردستانی بکردایە سەری لە ئێمەش دەدا، ماوەیەک لەلامان دەمایەوە و چەندین ئاھەنگمان بەیەکەوە دەگێڕا، بەڵام بەداخەوە ئەو ئاھەنگانە تۆمار نەکراون)، شەماڵ لە یەکێک لە ئاھەنگەکانیدا بەم شێوەیە باسی ھونەرەکەی زیرەک دەکات و دەڵێت:

وەرە خەڵکە پێم بڵێن ھونەر شەتڵە
قەڵەمە یان تۆوە؟
ئەی چییە و ناوی چییە ئەی بۆچی چاکە؟
کێ دیبووی ھونەرێکی وەک زیرەک
بەدووچاو لەم خاکە
ئەی ئافەرین کە ئێستا مردووە
پێی دەڵێن کاکە

دەربارەی کارە هونەرییەکانی

گۆرانییەکانی باسی ژیانی خۆی دەکات و زۆر لە گۆرانییەکانی ڕەنگدانەوەی ژیانی خۆیەتی، چەند چیڕۆکێکی ھەیە و لە شانۆی (مەتەدا) ڕۆڵی سەرەکی بینیوە، تاکوو لە ژیاندابووە گرنگی پێنەدراوە و لە ماڵاندا کارە ھونەرییەکانی ئەنجامداوە، بەڵام بەو شێوەیەش توانیویەتی مۆسیقا و ھونەری کوردی بەرەو پێش ببات، بە گوێگرتن لە گۆرانییەکانی گوێگر بۆی دەردەکەوێت کە لە چ ڕەوشێکدا ژیاوە و چەندە ھەژار بووە، ھەر ئەم ھەژارییەش وای کرد کە گۆرانی بڵێ و ھەمیشە گلەیی لە چارەنووسی خۆی و سکاڵای لە چەرخی گەردوون کردووە، وەک دەڵێت:

ئەی گەردوون قابیلی خۆتە چەرخت بگێڕی
زۆر ناپیاوت کردە پیاو زۆر پیاویشت کردە خوێڕی

جگە لەوەی، کە گۆرانییەکانی ڕەنگدانەوەی ژیانی خۆی بووە، گۆرانی بۆ ئەوینداران و سروشتی کوردستانیش وتووە و کەسێکی نیشتمانپەروەر بووە، لە ژیانی دا زۆر کاری وەک توتنچێتی و کاروانچێتی و حەماڵ و شوانی کردووە، ژیانی ھەمیشە پڕبووە لە دەرد و کەسەر و ناخۆشی، بەڵام لەگەڵ ئەمەشدا لەناو خەڵکیدا بە قسەخۆش ناوبانگی دەرکردووە، ھەمیشە قسەی خۆشی لەسەرزار بووە، بۆیە خەڵکانێکی زۆر خۆشیان ویستووە و ھەمیشە سەردانیان کردووە، بەڵام لەو سەردەمەدا ھونەر نرخی کەمبووە و بەشێوەیەکی زۆر ناشیرین سەیرکراوە و بەگۆرانیبێژ گوتراوە لۆتی، بەمەش ئازاری زۆری دەروونی ھونەرمەندیان دەدا ھەر بۆیە شەماڵ دەڵێت:

ھونەر زۆر بەنرخە، ئاخ نرخی نییە
لەناو کوردی ئێمەدا قیمەتی نییە
بە ناشیرین بانگی دەکەنی پێی دەڵێن
ئەو کابرایە لۆتییە
لەو خراپتر کە فەقیر بوو پێی دەڵێن کونییە
بەڵام سەروەت و ماڵێکی زۆری ھەبێ
ھەرچی جۆری بێ
ئەشھەدووی پیادەکێشن پێی دەڵێن
پیاوی وا ھەر نییە

ئەمەش وەڵامی شەماڵ بوو بۆ ئەو کەسانەی، کە بەو شێوەیە لە ھونەر و ھونەرمەندیان دەڕوانی، بەڵام شەماڵ بە قسە و قسەڵۆکەکانی خەڵک سارد نەبوویەوە و ھەروەک خۆی دەڵێت: (ھەرکەسێک قسەم بۆ بکات گوێزم بۆ ھەڵدەدات بەسەر گومەزا)

مردن

شەماڵ لە ٣ی نیسانی ١٩٩٧ بەھۆی نەخۆشییەوە لە سلێمانی کۆچی دوایی کرد.


سەرچاوەکان



886 بینین