خۆڵەمێشی

له‌لایه‌ن: - ئیلهام ئەنوەر - به‌روار: 2022-04-14-02:51:00 - کۆدی بابەت: 8243
خۆڵەمێشی

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

ڕەنگی خۆڵەمێشی یان ڕەساسی (بە ئینگلیزی: grey، بە فارسی: طوسی یان خاکستری، بە عەرەبی: رمادي، رصاصي) ڕەنگێکە کە لە شەبەنگی بينراودا دەکەوێتە نێوان کۆتایی دوو ڕەنگی (ڕەش و سپی). ئەم ڕەنگە زەق و بریقەدار نییە، سەرنجەکان بۆ خۆی ڕاناکێشێت و دەکرێت بێزارکەر، دڵگیر یان ئیلهام بەخش بێت، ڕەنگی خۆڵەمێشی کەمێک ئاڵۆز و ناڕوون دەردەکەوێت، دەتوانرێت وەکوو ڕەنگی ڕەش ئەم ڕەنگەش بۆ دەرخستنی ڕەنگەکانی تر بەکاربهێنرێت، خۆڵەمێشی ڕەنگێکی تەواو ماتە و نیشانەی ژیری، تێگەیشتوویی، پێگەیشتوویی و بەرپرسیاریەتییە، بەگشتی بە ڕەنگێکی جوان و سەرنجڕاکێشی دادەنرێت.

ڕەنگی خۆڵەمێشی لە کولتوورە جیاوازەکاندا

ڕەنگی خۆڵەمێشیش وەکوو هەموو ڕەنگەکانی تر لە کولتوورە جیاوازەکاندا واتای جیاوازی هەیە، بۆ نموونە لە سەدەکانی ناوەڕاستدا، هەژارەکان و ڕەبەنەکان جلوبەرگی لەم ڕەنگەیان دەپۆشی و لەو کاتەدا باوەڕیان بەوە هەبوو کە ڕەنگی خۆڵەمێشی و قاوەیی هێمای هەژارین، لە کۆمەڵگای مەسیحیدا ڕه‌نگی خۆڵەمێشی هێمای ڕۆژوو و پرسە دارییەکان بوو، لە وڵاتانی ئاسیاییدا خۆڵەمێشی نیشانەی قبوڵکردنی بەرپرسیارێتییە و لە ئەمریکادا واتای هاوڕێیەتی و شانازی دەگەیەنێت، لە چین دەستەواژەی Hui (هوی) بۆ ڕەنگی خۆڵەمێشی بەکاردەهێنن کە بە واتای خۆڵەمێش، تەپوتۆز، خەمۆکی و نائومێدی دێت، ئەوان خۆڵەمێشییان بە ڕەنگێکی بێفیز داناوه کە بە گشتی ڕەنگی پۆشاکی جوتیاران و کەسانی ئاسایی بووە، لە سکۆتلەندا و بەریتانیا، قەشەکانی گرووپی فرانسیسکن پۆشاکی خۆڵەمێشیان دەپۆشی. لە ئاسیاش بەهەمان شێوە قەشەکان بەگشتی جلی خۆڵەمێشی لەبەردەکەن، لە فەرهەنگی گشتیدا، خۆڵەمێشی بۆ نیشاندانی ڕەنگی جلوبەرگ یان پێستی بوونەوەری ئەفسانەیی بەکاردێت.

ناسینی کەسایەتیی ڕەنگی خۆڵەمێشی

کەسانێک کە زیاتر پۆشاکی ڕەنگی خۆڵەمێشی دەپۆشن بەگشتی کەسایەتییەکی  گۆشەگیریان هەیە، وریا، خۆپارێزن و پێیان خۆش نییە لە ناو کۆمەڵگادا دەربکەون، نایانەوێت جیاواز و نامۆ بن بەشێوەیەک کە سەرنجەکان ڕابکێشن، لەلایەکی ترەوە جلوبەرگی خۆڵەمێشی کەشخەیە و دەتوانێت کەسایەتی پیشەیی و فه‌رمی بوونی کەسەکە نیشان بدات.
بەگشتی کەسانێک کە خاوەنی کاری بازرگانین زیاتر جلوبەرگی خۆڵەمێشی لەبەردەکەن، چونكه‌ ئەم ڕەنگە زۆر بەجۆش و خرۆش و وروژێنەر نییە، بەتەواوی گونجاوە بۆ شوێنی کارکردن، کەسانێک کە داواکاری پێشکەش دەکەن بۆ کارێکی تازە، لەکاتی چاوپێکەوتنی کاردا باشتره کە ڕەنگی خۆڵەمێشی بپۆشن، چونکە بەهۆی ئەوەوە ئەو کەسانەی کە چاوپێکەوتنەکەیان لەگەڵ ئەنجام دەدەن بەو باوەڕە دەگەن کە داواکارەکە زیاتر سەرنجی لەسەر کارەکەیەتی و ئەمادەیی تێدایە بۆ قبووڵکردنی یاساکانی شوێنی کارە نوێیەکەی.  

ئەگەر کەسێک جلوبەرگی خۆڵەمێشی لە ڕەنگەکانیتر بە پەسەندتر دانا، ئەم تایبەتمەندییانەی تێدایە:

- هەندێک لەوان کەسایەتییەکی خاکییان هەیە و خاوەن کردارن و بەرپرسیارێتییەکانیان قبووڵ دەکەن
ـ پێیان خۆش نییە سەرنجی کەسانی تر بۆ خۆیان ڕابکێشن و ئارەزوو دەکەن بە نادیاری بمێننەوە
ـ کەسانێکی پارێزکارن چونکە هەمیشە هەست بە مەترسی دەکەن
ـ هەندێک لەوان کەمتەرخەمن و گرنگی بە ڕووداوەکان نادەن

کاریگەرییه‌كانی ڕەنگی خۆڵەمێشی

- ڕەنگەکان لەلایەنی جەستەیی و ڕۆحی کاریگەری دەکەنە سەر ئێمە، کاریگەرییەکانی ڕەنگی خۆڵەمێشی بە بەراورد بە ڕەنگەکانی تر کەمترە، لەگەڵ ئەوەشدا ده‌كرێت ئه‌م ڕه‌نگه‌ كاریگه‌ری بكاته‌ سه‌ر شێوازی ڕه‌فتار و هه‌ڵسوكه‌وتی تاك، خۆڵەمێشی بەتەواوی ماتە و بەشێوەیەکی گشتی جلوبەرگی خۆڵەمێشی ئاسوودەیی و ئارامی بە مرۆڤ دەبەخشێت، بەڵام هەندێک کات دەتوانێت دڵگیر بێت.

- کاریگەرییه‌كانی خۆڵەمێشی کاڵ: ئەم ڕەنگە ئاسوودەیی و كۆبیری دەبەخشێت و یارمەتی باشتر بیركردنه‌وه‌ی كه‌سه‌كان ده‌دات.

- کاریگەرییه‌كانی خۆڵەمێشی تۆخ: ڕەنگەکانی خۆڵەمێشی تۆخ دەتوانن ببنە هۆی دڵتەنگی چونکە دڵگیر و خەماوین، کە هەڵبەتە ئەمەش دەکەوێتەوە سەر چۆنیەتی و شوێنی بەکارهێنانی، بۆیە واباشترە کەسانێک کە تووشی خەمۆکی و نائومێدی بوون لەم ڕەنگە دووربکەونەوە، خۆڵەمێشی تۆخ زیاتر ئاڵۆز و فەرمی دەردەکەوێت.

ڕەنگی خۆڵەمێشی و کەسایەتییە ناودەرەکان

ئەلبێرت ئەنیشتاین: ئەلبێرت ئەنیشتاین بە زۆری چاکەت و پانتۆڵی خۆڵەمێشی هەبووە، چونکە لەوبڕوایەدا بوو کە نابێت وزە و هێزی مێشکی لە هەڵبژاردنی ڕەنگی جیاوازی جلوبەرگدا بەفیڕۆ بدات،

- مارک زوکەربێرگ: مارک زوکەربێرگ کە خاوەنی تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووکە، زۆربەی کات تیشێرتێکی خۆڵەمێشی لەبەردایە.

- باراک ئۆباما: باراک ئۆباما سەرۆکی پێشووی ئەمریکا، ئەو کەنتۆری جلوبەرگەی کە لە کۆشکی سپی هەیبوو پڕ بوو له‌ جلوبەرگی ڕه‌نگ خۆڵەمێشی و شین.

دەروونناسیی ڕەنگی خۆڵەمێشی

کەسانێک کە ئاره‌زووی ڕەنگی خۆڵەمێشی دەکەن، خاوەنی تایبەتمەندی متمانە بەخۆبوون و دڵنیایین، لە کاتی ڕووبەڕووبوونەوەی بارودۆخەکاندا هەوڵدەدەن کە کاردانەوەیەکی بێلایەنانەیان هەبێت، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ تایبەتمەندی بێلایەنی و جێگیری ئەم ڕەنگە کە جۆرێک لە سازان و گونجان لە کەسەکدا دروست دەکات، هەروەها هەبوونی ئاستێکی بەرچاو لە زیرەکی و هێزی بیرکردنەوە یەکێکی ترە لە تایبەتمەندییە دیارەکان لەو کەسانەی کە ئەم ڕەنگەیان لەلا پەسەندە، هه‌روه‌ها هه‌ندێكیان بەهۆی هۆش و زیرەکییەوە خاوەنی کاری سەربەخۆی خۆیانن، ئاسوودەیی و ئارامی لەم کەسانەدا زۆر بەڕوونی دیارە و لە ڕووبەڕووبوونەوەی بابەتەکاندا بەئاسانی هێمن دەبنەوە و کەمتر دووچاری ترس و دڵەڕاوکێ دەبنه‌وه‌.
هەروەها هه‌ندێكجار نەبوونی هۆگری لەم کەسانەدا دەبینرێت کە لە ڕاستیدا ئەمە دەتوانێت بێلایەنییەکەیان نیشان بدات، سازان و گونجانیش لەم ڕەنگەدا لەبەرئەوەیە کە خۆڵەمێشی ڕەنگێکە لە نێوان ڕەش و سپی، لەگەڵ هەبوونی دوو لایەنی جیاواز تێکەڵەیەکی جوانی ڕەنگەکانیایان پێکهێناوە تایبەتمەندییەکی تری ئەم کەسانە، ئەوەیە کە پێیان خۆش نییە سەنتەری سەرنجڕاکێشان و گرنکیپێدان بن.
خۆپارێزی تایبەتمەندییەکی تری ئەو کەسانەیە کە ڕەنگی خۆڵەمێشیان خۆشدەوێت، ئەمەش نیشانی دەدات کە ئەم کەسانە جێگای متمانەن، لە دەروونناسی ڕەنگی خۆڵەمێشیدا دەکرێت ئەو کەسانەی کە حەز بە خۆڵەمێشی تۆخ دەکەن ڕۆحیان ماندوو بێت، کە ئەمەش وادەکات پەیوەندی کۆمەڵایەتییان لاواز بێت و لە کۆتاییشدا دەبێتە هۆی خەمۆکی.

بەکارهێنانی ڕەنگی خۆڵەمێشی لە دیزایندا

وا باشترە ئەم ڕەنگە لە دیزاینه‌كاندا بۆ دروستکرنی شوێنێکی جوان بە لێهاتووییەوە بەکاربهێنرێت، لەبەر ئەوەی دەکرێت لەگەڵ زۆربەی ڕەنگەکانی تردا بەکاربێت، بۆیە بەکارهێنانی لە دیکۆری ناوەوەدا دەتوانێت وێنەیەکی جوان و درەوشاوە پێکبهێنێت، لەکاتێکدا کە دەتانەوێت ژووری خه‌و درەوشانەوەیەکی زیاتری هەبێت، ئەوا گونجاوترین و باشترین ڕەنگ بۆ ژووری خەو ڕەنگی خۆڵەمێشی تۆخە.
بەکارهێنانی ئەم ڕەنگە لە دیکۆری ژووردا دەبێتەهۆی ئەوەی کە هەموو ڕەنگە بەکارهاتووەکان لە ژوورەکەدا زیاتر دەربکەون، کەواتە کاتێک کە ڕێژه‌ و پله‌ی ڕەنگی خۆڵەمێشی گونجاوتان بۆ دیکۆری ناوەوە هەڵبژارد، لەدوای ئەوە دەبێت بەدوای ڕەنگی گونجاودا بگەڕێن بۆئەوەی لەگەڵیدا بەکاریبهێنن، کەواتە بە بەکارهێنانی ڕەنگی خۆڵەمێشی لەگەڵ ڕەنگە کراوەکانی وەکوو سەوز، شین و سپی دەتوانن دیزاینێكی جوان و کراوەتان لە ناو ماڵەکانتان هەبێت.


سەرچاوەکان



1322 بینین