ناوهڕۆك
ناسک
شاعیر: کامەران موکری
بەرهەم: ئاوات و ڕەنج
هۆنراوە: ناسک
ناسک ناسک
بەرگەردن و کوڵم و باسک
ناسکە ئەندامی لەشی
ڕوومەت، لامل، کوڵمی گەشی
سنگی ئاستی درزی بلووز
پێستی، ئێجگار ناسکی پووز
پێ و پلی سپی وەک بەفر
بە پڕیشکی نیگای ئاگر
لەوانەن وەک بەفر، یا مۆم
بتوێنەوە پێڵووی خۆم
ناسک ناسک
بەرگەردن و کوڵم و باسک
لە دڵی فریشتەی دڵما
لە چاوی ئەشکی بە کوڵما
ئەم جوانە وەکوو پەری
لەگەڵ دڵی منا ئەگری
چونکە گەردەلوولی ژیان
ئەیبا بەرەو دەشتی گریان
دڵی ناسکی ئەشکێنن
نازانن ناسک بیدوێنن
کێ بێ نازی ئەو هەڵگرێ
تا ئەو ناسکییە نەمرێ
نرخی ناسکۆڵەیی جوانێ
مەگەر هەر شاعیر بیزانێ
ناسک ناسک
بەرگەردەن و کوڵم و باسک
سەرچاوەکان
583 بینین