ناوهڕۆك
شۆخی شنۆ
شاعیر: مەلا عەبدوڵڵا ئەفزاری
بەرهەم: دیوانی شیعر
هۆنراوە: شۆخی شنۆ
ئەرێ ئەی شۆخی نێو شاری شنۆیه
برۆت تیغ و دوو چاوت وەک هەڵۆیه
بڕا جەرگم به ئەبرۆی تازە ساوت
دڵی بردم لەری ئەو دوو لیمۆیه
لەسەر سینەی بلووریت جووتێ هەرمێ
بەهایان موسڵ و هەولێر و کۆیه
له شەرما عارەقی کۆڵم و مەمانت
دەبارێ هەر دەڵەی شەکر و گەزۆیه
وەفا و جوانیت بە قەد یەک با گوڵی من
دەبۆ جەننەت له بۆ من ئەو شنۆیه
ئه وەی جوانن هەموویان بێوەفانه
بەشی زۆری بەڵام تاوانی تۆیه
مەلی عەقڵم که تۆی دی باڵی لێکدا
له خانێ هەڵفری هاته شنۆیه
بەرامبەر ماڵی ئێوه نیشته سەر دار
دەکا ڕاز و نیاز و گفتوگۆیه
کەساس و هێڕ و ماتی بێ وەفاییم
لەلام سەیره بەشم لای تۆ درۆیه
دەسی ڕاستت بنێ بان شانی حافز
که (ئەفزاری) هیوای ئەلتافی تۆیه
سەرچاوەکان
423 بینین