ئاوات

له‌لایه‌ن: - سروشت ناجی - به‌روار: 2022-04-17-23:00:00 - کۆدی بابەت: 8294
ئاوات

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

(سەید کامیل ئیمامی)ـی شاعیر و نیشتمانپەروەر ناسراو بە (ئاوات) ساڵی ١٩٠٣ لە گوندی زەنبیل سەر بە شاری بۆکان لە ڕۆژھەڵاتی کوردستان لەدایکبووە. ئەم شاعیرە کوڕی سەید عەبدولحەکیم کوڕی سەید عەبدولکەریمی زەنبیلە، کە لە ڕێبەڕانی تەریقەتی نەقشبەندی و قادری بوون.

ژیاننامە

ئەم شاعیرە لەناو خوێندەوار و فەقێدا پەروەردەبووە، لای زۆر مامۆستای ئایینی ناسراوی ناوچەکەی خوێندوویەتی، بۆ ماوەیەکیش لای مامی واتە (حاجی بابەشێخ) وەزیری کۆماری کوردستان لە مەھاباد خوێندوویەتی. لە ساڵی (١٩١٢)دا لەلای (مەلا مەحموودی مەشهور) دەستی کردووە به خوێندنی سیپارە و دەرسە فارسی و عەرەبییەکانی ئەو سەردەمه، پاش دوو بۆ سێ ساڵ لە خزمەت کاکی خوالێخۆشبووی (سەید محەمەد نورانی) چووەتە لای مامی (مەرحومی حاجی بابە شێخ) لە ئاوایی جەمیان بۆ خوێندن. لە ساڵی (١٩٣٠) زایینی بەهۆی ناساغی باوکییەوه دەستی لە خوێندن هەڵگرتووە و ژنیان بۆ هێناوە، لە ساڵی (١٩٣٤) زایینی باوکی کۆچی دوایی کردووە، دوای ساڵێک ماڵی چووەته ئاشی چۆمی زەنبیل و ساڵێک لەوێ بووە، خەریکی کشتوکاڵ بووە و بووە بە خاوەنی منداڵ، پاشان ماڵی چووەتە گوندی گەردیگلان. له سەرەتای ژیانییەوه به دەست و قەڵەم و نووسین و چەک دژی شا و رژێمەکەی کاری کردووە، لە ساڵی (١٩٤٦) بە دەستی بەکرێ گیراوەکانی پەهلەوی گیراوە و خراوەتە بەندیخانە، ماوەی دوو ساڵ لە زیندانەکانی بۆکان و سەقز و ورمێ و مەهاباددا ماوەتەوە، لە سەرەتای ساڵی (١٩٤٨) ئازادکرا و هاتەوه ماڵێکی ساردوسڕ و بێنان و ئاو، چونکە منداڵەکانی وردبوون و تەنیا کاکی پێیان ڕادەگەیشت، سەید کامیل ئیمامی شاعیر لەگەڵ زۆربەی شاعیر و ھونەرمەندی ئەو کاتە دۆستایەتی نزیکی هەبووە، وەک: (سوارە ئیلخانیزادە، ھەژار، عەباس حەقیقی)، ھەروەھا لەگەڵ ھونەرمەندی ناسراوی کورد (حەسەن زیرەک) وەک گۆرانیبێژ و شاعیر پەیوەندییەکی نزیکی هەبووە. 

ساڵی ١٣٣٣ چووەته دێی قاقڵاوا و تاکوو کاتی مردنی هەر لەو گوندە و خەریکی کشتوکاڵبووە. 

کۆچی دوایی

ئەم شاعیرە نیشتیمانپەروەرە لە ڕۆژی ٢٧/٧/١٩٨٩ کۆچی دوایی کردووە و دیوانێکی شیعری لەدوای خۆی جێهێشتووە.

نموونەی شیعر

من دەڵێم شاری دڵم باغ و گوڵستانە، دەچم

عەقڵ ئەڵێ نا، قەسەبەی شۆڕشی مەستانە، نەچی

من دەڵێم نوختەیی ئەو ڕەوزەیی ئیمانە، دەچم

ئەو دەڵێ نا، ڕەشەجێ ڕاوگەیی شەیتانە، نەچی

من دەڵێم مەسکەن و ئارامگەیی جانانە، دەچم

ئەو دەڵێ سەربەسەری تێکچووە، وێرانە، نەچی

من دەڵێم جێگەیی هەر شێت و جنوونانە، دەچم

ئەو دەڵێ نا، زەدەیی پەنجەیی پەریانە، نەچی

من دەڵێم مەرکەزی ئەسڕاڕی حەریفانە، دەچم

ئەو دەڵێ جێ تەمەعی چاوی حەسوودانە، نەچی

من دەڵێم وەختی خەتەر مەئمەن و قەڵگانە، دەچم

ئەو دەڵێ کونکونە، جێگەی سەرەپەیکانە، نەچی

لەو هەموو چوون و نەچوونە سەری سوڕ ما "کامیل"

من دەڵێم جوانە دەچم، ئەو دەڵێ واجوانە نەچی


سەرچاوەکان



479 بینین