زارۆ تیڤى

له‌لایه‌ن: - ڕێزدار ئەحمەد - به‌روار: 2022-04-22-04:49:00 - کۆدی بابەت: 8349
زارۆ تیڤى

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

کەناڵی زارۆ تیڤى (بە ئینگلیزی: Zaro Tv) کەناڵێکى تەلەڤزیۆنى کوردیى منداڵانە و سەر بە کەرتى حکوومیە و لەلایەن وەزارەتى ڕۆشنبیرى و لاوانى حکوومەتى هەرێمی کوردستانەوە پشتگیرى دەکرێت لە ڕووى کارگێڕییەوە سەر بە بەرێوەبەرایەتى گشتى راگەیاندن و چاپ و بڵاوکردنەوەیە، ئێستا راگیراوە. لە سەر سیستمى دیجیتاڵ DVB-T پەخشى ناو هەرێم دەکات. زارۆ تیڤى دەنگ و ڕەنگى منداڵانى کوردستانە. 

مێژوو

هەنگاوەکانى هاتنەئاراى زارۆ تیڤى زۆرن، کۆششێکى بەردەوام دراوە بۆ بەدیهێنانى خەونى دامەزراندنى کەناڵێک کە کۆدەنگ و کۆڕەنگى منداڵانى کوردستان بێت. بەڵام لەمپەڕە دارایى و دەرەکیەکان ڕێگربوون و پەخشى کەناڵەکە زۆر لە وادەى خۆى دواکەوت. بە گوێرەى لێدوانەکانى (هەڵگورد جوندیانى) بەڕێوەبەرى گشتى ڕاگەیاندن و سەرپەرشتیارى کەناڵى زارۆ تیڤى کێشەداراییەکانى حکوومەت هۆکارى سەرەکى بوون بۆ دواکەوتنى پەخشى کەناڵەکە لە ڕێگەى پەخشى ئاسمانییەوە و پەنابردن بۆ پەخشى دیجیتاڵى ناوخۆ وەک رێگە چارەیەکى کاتییە. لە هاوینی‌ ساڵى 2013 ئامادەکارى چڕ فەراهەمکران لە پێناو دامەزراندنى کەناڵێکى تەلەفزیۆنى شایستە بە منداڵانى کوردستان و تیم و ستافی‌ تەلەڤزیۆنى لە ئۆفیسی‌ سەرەکی‌ پایتەختی‌ کوردستان و لە سلێمانی‌، دهۆک، کەرکوک و ئامەدی‌ باکوور کاراکران و دەستبەکاربوون بۆ مەشقپێکردن و ڕاهێنانیان لەلایەن ئەو ستاف و لایەنە نێودەوڵەتیانەی‌ کە بانگهێشتکرابوون. کرداری‌ بەرهەمهێنانیش هەنگاوى دووەم بوون چی لە بواری‌ بەرنامە ناوخۆییەکان و چی ئەو فیلم و زنجیرە کارتۆن و بەرنامانەی‌ کە لە کۆمپانیا جیهانیەکانەوە مافى دۆبلاژکردنیان سەندرابوو. لە 22 کانوونى یەکەمى ساڵى 2013 کەناڵەکە بە فەرمی‌ کرایەوە و بەو هیوایەی‌ کە لە نەورۆزی 2014 دا پەخشی‌ ئاسایی خۆی‌ لەسەر هەرسێ مانگی‌ دەستکردی‌ (نایلسات، تورکسات، هۆتبیرد) کارا بکات. پەخشى کەناڵەکە کاتییە و کۆششى بەرێوبەرایەتى کەناڵەکە بەردەوامن بۆ پەرەدان بە بەرنامەپەخشکراوەکان لە ڕووى بابەت و کوالیتى و هونەریەوە. لە مانگى ئایارى 2016 لە بەر هۆى نەبوونى پشتگیرى دارایى بە فەرمانێکى وەزارى پەکخرا.

هێڵە گشتیەکان

زارۆ تیڤى هەوڵ دەدات بەرنامەکان، بڕگەکان، گوتارەکان، گۆرانییەکان، کارتۆن و دراماکان ئەم خاڵانەیان تێدا رەچاوکرابێت:

  • بەرژەوندى باڵاى نیشتمان و هەستکردن بە بەرپرسیارییەتى.
  • دوور کەوتنەوە لە توندوتیژى و ڕەگەزپەرستى.
  • گرنگیدان بە کولتوورى نیشتمانى و مرۆڤایەتى، بە جۆرێک لە پێناو بنیادنانى کۆمەڵگایەکى تەندروست کە گیانى پێکەوە ژیان و لێبوردەیی و هاوکارى تێدا زاڵ بێت.
  • بەرنامەکانى بێ جیاوازى بۆ هەموو منداڵان بێت و لە سەرووى بەربەستە کۆمەڵایەتى و جوگرافیاییەکانەوە بێت.
  • گرنگیدان بە بەرنامە ڕاستەخۆکان کە دەنگ و ڕەنگى منداڵەکان ئاسانتر ئاوێتە دەبن. بە یەکسانى رەگەز و تەمەنى منداڵەکان و بارى سایکۆلۆجیان ڕەچاوبکرێت. هەر ئاماژەو هێمایەک کە ورووژاندنى سێکسى تێدا بێت بەلاوە بنرێت.
  • گرنگی بەو بەرنامانەى بدرێت کە ئاستى هۆشیارى و ژیارى و زانستى منداڵان بەرزدەکەنەوە و دەبنە هاندەر و هۆکار بۆ بەرەوپێشووەچوونیان.
  • ڕەچاوى تەمەن بکرێت و پۆلینکردن هەبێ لە پەخشەکاندا.


سەرچاوەکان



260 بینین