دەربەندیخان

له‌لایه‌ن: - لەنیا کەریم - به‌روار: 2022-04-26-21:00:00 - کۆدی بابەت: 8396
دەربەندیخان

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

دەربەندیخان (بە ئینگلیزی: Darbandikhan)، شارێکە لە پارێزگای سلێمانی، ئەم شارە ناوەندی ناحیەی دەربەندیخان و قەزای دەربەندیخانە.

ناوەکەی

سەبارەت بە ناوی دەربەندیخان دوو بۆچوون هەیە:

  • یەکەمیان: لە سەردەمی عوسمانییەکاندا پیاوێکی دەوڵەمەند و بە دەسەڵات هەبووە بە ناوی (محەمەد خان یان ئەحمەد خان) کە باج و سەرانەی لە خەڵک سەندووە و لە ئەو دەربەندەدا کە کاروانچییەکان گوزەریان پیادا کردووە، ئەم پیاوە (خان)ێکی هەبووە وەک (دیوەخان) یان (ئوتێل) بە گوزارشتی ئەمڕۆ بۆ حەوانەوەی کاروانچییەکان ئەم خانە چەند ژوورێکی گەورە و فراوانی تێدا بووە بە قسڵ دروستکراوە.
  • دووەمیان: (خان) لە کوردەواریدا بەو شوێنە دەووترێت کە وڵاخ و ئاژەڵی تێدا دەبەسترێتەوە و لە گەوڕ گەورەترە، لە گوێ چەمی سیرواندا ئەم (خان)ـە هەبووە و بۆ کاروانییەکانی ئێڵی جاف کە وڵاخەکانیان تێدا بەستووەتەوە و خۆشیان لە شوێنە باشەکانیدا پشوویان داوە، سەبارەت بەناوی (دەربەند) ئەو تەنگەبەرەی دەکەوێتە نێوان هەردوو چیا پێی دەگوترێت دەربەند، لەنێوان زنجیرە چیای بەرانان و زمناکۆدا ڕووباری سیروان گوزەری کردووە و گەرمیان و کوێستانیان کردووە، بە نێوان ئەو دوو چیایە وتراوە دەربەند و لە نزیکیشەوە (خان)ێک هەبووە، ئیتر ناونراوە ئەو دەربەندەی خانەکەی تێدایە و پاشان ناسراوە بە دەربەندیخان.

جوگرافیا

دەربەندیخان لە باکوور هاوسنوورە لەگەڵ گوندی فەقێ جنە و لە باشوور لەگەڵ گوندی ژاڵەناو و لە ڕۆژهەڵات لەگەڵ گوندی زمناکۆ و لە ڕۆژاوا لەگەڵ گوندی گوڵانی حەمەی مەحموود.

مێژووەکەی

بنەچەی شارۆچکەی دەربەندیخان لە گوندی (سەلیم پیرک)ـەوە دەست پێدەکات کە لە بناری چیای تونیلەکەدا بووە و ناوەکەی لەو پیاوەوە هاتووە کە ئاوەدانی کردووەتەوە، (ساڵحی پیرک، سان ئەحمەد، حەمەئەمین عبدالقادر، حەمەئەمین سەلمە و کاکە ئەمین) ڕیش سپی ئەم گوندە بوون و نزیکەی (٢٠) ماڵێک بوون، لەبەرەی خۆرئاوای ئەم گوندەوە بە دووری دوو کیلۆمەتر یان کەمتر هەشت نۆ ماڵێک هەبوون لە نزیک سەرچاوەی ئاوێک کە ئاسک بۆ ئاو خواردنەوە ڕوویان تێکردووە و ناوی (کانی ئاسکان) بووە و فەقێ مەحمودی وەڵەد بەگی ئاوەدانی کردوەتەوە و پاشان ئەم ئاوە چووە بۆ گوندی کانی سارد، بەپێی بەڵگەنامەیەکی عێراق کە لە ساڵی ٢٠٢٢ لە بەغداد دۆزراوەتەوە، بە واژووی ئەحمەد حەسەن بەکر لە ١٩٧١/١٠/١١ دەربەندیخان کراوە بە قەزا.

ئاو و ھەوا

بەھۆی ھەڵکەوتە جوگرافییەکەیەوە کەشوھەوایەکی مامناوەندی ھەیە، زستانی مەیلەو سارد و ھاوینی فێنک و مەیلە و گەرمە. بەرزی لە ئاستی ڕووی دەریاوە ٥١٣ مەترە.

ناوچە گەشتیارییەکانی

  • بەنداوی دەربەندیخان و ناوچەی شەمێران یەکێکە لە ناوچە گەشتوگوزارییەکانی ئەم شارە کە گەشتیارێکی زۆر ڕووی تێدەکات، ئەم بەنداوە دەکەوێتە سەر زێی سیروان کە بۆ بەدەستهێنانی وزەی کارەباش بەکاردێت، لەناو دەریاچەی دەربەندیخان نیمچە دوورگەیەکی مام ناوەندی تێدایە پێی دەوترێت بانی قۆین کە ئاوی بەنداوەکە سێ لای دەورە دراوە، لەبەر زۆری ژمارەی گەشتیاران، قەرەباڵغترین شوێنی گەشتیاری دەربەندیخانە.
  • سەرتەکی بەمۆ بە دووری ١٩ کیلۆمەتر دەکەوێتە باشووری ڕۆژهەڵاتی شارەکەوە ساڵانە گەشتیارێکی زۆر ڕووی تێدەکەن هەروەها ئەم ناوچەیە بە جۆرەها میوە بەناوبانگە بەتایبەت هەنجیر.
  • تونی بابا عەمرە بە دووری ٨ کیلۆمەتر دەکەوێتە باشووری شارەکەوە ناوچەیەکی ئەفسوناوییە سەرگوزەشتە و بەسەرهاتی زۆری لەسەر گێڕدراوەتەوە بە یەکێک لەناوچە جوان و سەرنجڕاکێشەکانی باشووری کوردستان دادەنرێت.
  • ئەشکەوتی کونەبا بە دووری ٥ کیلۆمەتر دەکەوێتە ڕۆژئاوای شارەکە لە بناری شاخی گوڵان یەکێکە لە دەگمەنترین ئەشکەوتەکانی باشووری کوردستان هەرچەندە ساڵانە گرووپی گەشتیاری سەردانی دەکەن بەڵام تا ئێستا هیچ کەس و گرووپێک نەیتوانیووە بگات بە کۆتایی ئەشکەوتەکە، ئەشکەوتەکە بریتییە لە تەنها ڕێگایەک و دوواتر دابەش بووە بۆ دوو ڕێگا بە ئاراستەی باکوور و باشوور و ڕێگەی باکوور درێژترە و بریتییە لە چەند ڕێگایەکی دابەش بوو.
  • ئەم ئەشکەوتە پێکهاتەیەکی سرووشتییە و پێکهاتەی ناوەوەی بەرد، قسڵ، کلس و خۆڵە لە ئەنجامی بوونی ڕادەی بەرزی شێ و ئاو پێکهاتەیەکی بەردی کلسینی جۆری ئەسکەلەتایت و مەگناتایت ڕووپۆشی ناوەوەی ئەشکەوتەکەی کردووە بە چینێکی میتالیکی جوانی درەوشاوەی ناوازە بەردە کلسینەکان کۆمەڵێکی ڕەنگاوڕەنگی جیاواز بە یەکن بەپێی دابەشبووی جۆری ڕەنگی خۆڵەکان.
  • ژاڵەناو گوندێکە دەکەوێتە سەر ڕووباری سیروان بە دووری ٣ کیلۆمەتر لە شارەکەوە ناوچەیەکی گەشتیارییە، لە ساڵی ٢٠٢٠ـەوە پڕۆژەی سەرمایەگوزاری گەشتیاری ئۆتێل، کەپر و چەند بابەتێکی تری تێدا دروستکراوە، ئێستا گەشتیاران لە هەر چوار وەرز دەتوانن گەشت و سەیرانی تێدا ئەنجام بدەن.

هونەر و میوزیک

  • مامۆستا عەزیز لە ساڵی ١٩٨٠ گۆرانی مەلەکەی تۆمار کردووە کە دەنگدانەوەیەکی زۆری هەبووە، دانیشتوی شاری دەربەندیخانە و ئێستاش لەو شارە دەژی و پیشەی مامۆستایە.
  • گروپی میوزیکی دەربەندیخانیش کۆنترین گروپی میوزیکی شارەکەیە و لە ساڵی ١٩٩٦ـەوە دامەزراوە و بەردەوامن لە خزمەت کردنی میوزیک.
  • گروپی دەفی وەفایی یەکێکە لە گروپەکانی ئەم شارە لە بواری مۆسیقادا کاردەکات، لە ساڵی ٢٠٠٤ دامەزراوە و چەندین گەنج لە گرووپەکەدا بەشدارن کە دەگەنە نزیکەی (٤٠) ژەنیار، زیاتر دەف بووە بە ناونیشانی گروپەکە و ئەم نازناوەش دراوە بە شارۆچکەی دەربەندیخان، ئەم گرووپە لە زۆربەی فیستیڤاڵەکاندا بووە بە یەکەم و بە باشترین گرووپی دەف لە باشووری کوردستان.


سەرچاوەکان



919 بینین