ڕۆژووگرتنی کەسانی تووشبوو بە نەخۆشی شەکرە

له‌لایه‌ن: - زیلان ئازاد - به‌روار: 2022-04-27-01:29:00 - کۆدی بابەت: 8401
ڕۆژووگرتنی کەسانی تووشبوو بە نەخۆشی شەکرە

ناوه‌ڕۆك

نەخۆشی شەکرە و ڕۆژووگرتن

لەگەڵ ئەوەی ڕۆژووگرتن بۆ ماوەی زیاتر لە ٢٤ کاتژمێر مەترسیدارە بۆ سەر تەندروستی مرۆڤ، بەڵام دەکرێت ئەو کەسانەی کە نەخۆشی شەکرەی جۆری (٢)ـیان هەیە بەشداری لە ڕۆژووگرتنی مانگی پیرۆزی ڕەمەزاندا بکەن، بەڵام لەگەڵ جێبەجێکردنی چەند ڕێنمایی و ئاگادارکردنەوەیەک.

پێش هەموو شتێک لە سورەتی (البقرة) ئایەتی (١٨٤-١٨٥)ــدا هاتووە کە ڕۆژووگرتن دروست نییە بۆ ئەو کەسانەی کە نەخۆشییەکی درێژخایەنیان هەیە یاخود هەست بکەن بەهۆی ڕۆژووگرتنەوە زیاتر زیان بە باری تەندروستیان دەگات، خودای گەورە لەم ئایەتەدا دەفەرموێت (أَيَّامًا مَعْدُودَاتٍ ۚ فَمَنْ كَانَ مِنْكُمْ مَرِيضًا أَوْ عَلَىٰ سَفَرٍ فَعِدَّةٌ مِنْ أَيَّامٍ أُخَرَ ۚ وَعَلَى الَّذِينَ يُطِيقُونَهُ فِدْيَةٌ طَعَامُ مِسْكِينٍ ۖ فَمَنْ تَطَوَّعَ خَيْرًا فَهُوَ خَيْرٌ لَهُ ۚ وَأَنْ تَصُومُوا خَيْرٌ لَكُمْ ۖ إِنْ كُنْتُمْ تَعْلَمُونَ) واتا: چه‌ند ڕۆژێكی ژمێراوی دیاریكراوە (كه‌ مانگی ڕه‌مه‌زانه‌)، خۆ ئه‌گه‌ر كه‌سێك له‌ ئێوه‌ نه‌خۆش بوو یان له‌ سه‌فه‌ردا بوو با به‌ ئه‌ندازه‌ی ئه‌و ڕۆژانه‌ی بۆی نه‌گیراوه‌ له‌ ڕۆژانێكی تردا بیانگێڕێته‌وه‌، ئه‌وانه‌ش كه‌ به‌ زه‌حمه‌ت ده‌توانن به‌ڕۆژوو بن (وه‌كو پیره‌مێرد و نه‌خۆشه‌ به‌رده‌وامه‌كان) ئه‌وه‌ با ژه‌مێك خوداردن ببه‌خشن به‌ هه‌ژارێك، ئه‌وه‌ی زیاتر ببه‌خشێت ئه‌وه‌ باشتره‌ بۆی، بێگومان ئه‌گه‌ر به‌ڕۆژوو بن چاكتره‌ و پاداشتی زۆرتره‌ ئه‌گه‌ر بزانن و بتوانن، لە ئایەتەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە ڕۆژوو بۆ هیچ کەسێک دروست نییە کە مەترسی لەسەر تەندروستییان دروستبکات.

چەند ڕێنماییەک بۆ ئەو کەسانەی نەخۆشی شەکرەیان هەیە و ڕۆژوو دەگرن

بە پزیشکەکەت بڵێ پلانی بەڕۆژوو بوونت داناوە

دڵنیابە لەوەی پزیشکەکەت ئاگادارە کە تۆ بەڕۆژوو دەبیت، چونکە ئەگەر تۆ دەرمان بۆ نەخۆشی شەکرە یاخود پەستانی بەرزی خوێن وەربگریت، ئەوا پزیشکەکەت پێویستە لە ماوەی مانگی ڕەمەزاندا پێداچوونەوە بە دەرمانەکانتدا بکات چونکە ڕۆژووگرتن کاریگەری دەکاتە سەر ئاستی شەکری خوێن و پەستانی خوێن، ئەم پێداچوونەوە و هەموارکردنەوانە دەبێت لەژێر چادوێری پزیشکەکەت ئەنجامبدرێت نەک خۆت.

مانەوەی جەستە بە شێداری

دڵنیابە لە خوداردنەوەی شلەمەنی پێویست لە کاتی پارشێو و بەربانگ، ئەگەر لە مانگی ڕەمەزاندا کەشوهەوا گەرم بوو، هەوڵ بدە لە ناوچەیەکی سارددا بمێنیتەوە و چالاکی جەستەیی خۆت سنووردار بکەیت بۆ کەمکردنەوەی بڕی ئەو شلەییەی کە لە ماوەی ڕۆژدا لە دەستت چووە تاکوو جەستەت بە تەڕی و شێداری بمێنێتەوە و دووربکەویتەوە لە وشکبوونەوەی جەستە.

ئەنجامدانی پشکنینی شەکری خوێن لە ماوەی بەڕۆژووبووندا

مەترسیدارترین شتەکان کە لەوانەیە ڕووبەڕووی کەسانی خاوەن نەخۆشی شەکرە ببنەوە بریتیین لە کەمبوونەوەی ئاستی شەکری خوێن (هایپۆگلیسێمی hypoglycemic) و بەرزبوونەوەی ئاستی شەکری خوێن (هایپەرگلیسیمی hyperglycemic) و وشکبوونەوەی پێست، هەوڵبدە نیشانەکانی ئەم نەخۆشیانە بناسیتەوە کە بریتین لە (سەرگێژخوداردن، ناڕێکی لێدانی دڵ، کەمبوونەوەی ئاستی بینین، شڵەژان)، هەروەها ئەنجامدانی پشکنینی شەکری خوێنیش ڕۆژووەکەت ناشکێنێت.

دوورکەوتنەوە لە خوداردنی شەکر و شیرینی

دووربکەوەرەوە لە خوداردنی ئەو خۆراکانەی ڕێژەیەکی بەرزی کاربۆهیدراتیان تێدایە تاکوو دووربیت لە ناڕێکی ئاستی شەکری خوێن، هەروەها دەبێت پزیشکەکەت ئاگادارت بکاتەوە کە نابێت لە کاتی بەربانگ و پارشێودا بڕێکی زۆر خۆراکی کاربۆهایدرایت و چەوری بەرز بخورێت، خوداردنە چەوریییە بەرزەکان بۆ ماوەیەکی زۆر بە تێری دەتهێڵنەوە بەڵام ئاستی شەکری خوێنت تێکدەدەن، دڵنیابە لەوەی کە ئەمە لەگەڵ پزیشکەکەت تاوتوێ بکەیت چونکە ئەگەر هەر دەرمانێک بەکاربهێنیت، ئەمە دەتوانێت کار بکاتە سەر دەرمانەکانت.

زیادەڕەوی نەکردن لە خوداردن

دەکرێت بەربانگ بکرێت بە ئاهەنگێک کە تێیدا زۆرینەی هاوڕێ، خێزان و خزمەکان بەشداربن، لەگەڵ ئامادەکردنی بڕێکی زۆر خوداردن، بۆیە پێویستە ئاگاداربیت کە زیادەڕەوی کردن لە خوداردن پاش بەڕۆژووبوون بۆ ماوەیەکی درێژ دەبێتە هۆی ناجێگیری ئاستی شەکری خوێن.


سەرچاوەکان



468 بینین