چارلز بیکۆفسکی

له‌لایه‌ن: - بەناز بەها - به‌روار: 2021-02-12-01:06:00 - کۆدی بابەت: 2183
چارلز بیکۆفسکی

ناوه‌ڕۆك

بیکۆفسکی

نووسەر و شاعیر و ڕۆژنامەنووسی ئەڵمانی-ئەمریکی، سەدەی بیستەم بوو، بەتێڕوانین و قسە ڕاشکاوەکانی ناسرابوو. بیکۆفسکی لە ( ۱٦ ی ئابی ۱۹۲۰) لە ئەندەرناخ ی ئەڵمانیا، هاتوەتە دونیا.
لەساڵی ۱۹۲۳ْ لەگەڵ خێزانەکەیدا کۆچیان کرد بۆ ئەمریکا، بیکۆفسکی منداڵیەتیەکی مەترسیداری هەبوو، لە تەمەنی شەش ساڵیدا لەلایەن باوکیەوە بەردەوام لێدانی دەخوارد و دایکشی لەبەرامبەر باوکی بیکۆفسکی نەیدەوێرا هیچ بەرگرییەک لە کوڕە ‌ئازارچەشتووەکەی بکات و هەمیشە بێدەنگ دەبوو.
بە ناونیشانی منداڵی کۆچەری ئەڵمانی، بیکۆفسکی لەلایەن منداڵەکانی دیکەوە، سەبارەت بە جۆری قسەکردن و پۆشاکەکانییەوە گاڵتەی پێدەکرا. 
لە قوتابخانەدا بە کوڕە ڕوخسار بێزراو و نامۆکە ناسرابوو. لەتەمەنی هەرزەکاریدا بیکۆفسکی تووشی کێشەیەک بوو کە تەواوی ڕوخساری بە زیپکەی گەورە داپۆشرا و شوێنەواری زیپکەکان بۆ هەمیشە وەک پەڵە بە ڕوخسارییەوە مانەوە، ئەمەش بووە هۆکاری گۆشەگیری زیاتری بیکۆفسکی.
تەواوی ئەم ئازار و تەنهاییەی بیکۆفسکی وەک هەرزەکارێک و تەنانەت گەشەکردوویەک، کاریگەری لەسەر دانا و ڕەوگەی دونیابینی ئەوی گۆڕی.
ئەمەش وای کرد کە ئەو، خۆی لە ڕێگای نووسینەوە بە ئەوانی دیکە بناسێنێت. پاشان لە چاوپێکەوتنێکدا دەرکەوت و گووتی:" باوکم مامۆستایەکی گەورەی ئەدەبیات بوو، چونکە واتای ئازار چەشتنی فێر کردم، بەتایبەت ئازار چەشتن بەبێ بوونی هیچ هۆکارێک" لەم سۆنگەیەشەوە دەیگووت:" کاتێک بەئەندازەی پێویست لێتان درابێت، ئەو شتەی کە دڵتان بەڕاستی دەیەوێت، دەیهێننە سەر زمان".
لە تەمەنی ۲۰ ساڵیدا و پاش دوو ساڵ لە وانە خوێندنی زانکۆ، کە سەرەتای دەسپێکی جەنگی دووەمی جیهانی بوو، چارلز وازی لە خوێندن هێنا و ڕۆیشتە نیویۆرک و پاشان بۆ فلادێلفیا، و لە هەمان شوێندا لەلایەن F.B.I ەوە دەستگیر کرا، چونکە بە ڕەگەز ئەڵمانی بوو.
نووسەری داهاتوو، بە ڕەشنووسی خۆدزینەوە لە سەربازی تۆمەتبار کرا و بۆ ماوەی ۱۷ ڕۆژ خرایە بەندینخانە، پاش ئەوە چارلز بڕیاری دا بچێتە ڕیزی سوپاوە، بەڵام لە تاقیکردنەوەیەکی دەروونیدا شکستی هێنا و بۆ خزمەتی سەربازی بەکەسێکی نەشیاو ڕاگەیەندرا.
دوای ئەوە، بیکۆفسکی هەنگاوی نوێی بۆ گۆڕانکاری هاویشت، بۆ بوونە نووسەرێکی ناوازە. بە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادا گەڕا و کاری پیشەوەری بە شێوازی کورت خایەن ئەنجام دەدا.
لە هەمان ماوەدا، سەدان کورتە چیرۆکی نووسی، هەرچەندە لەو هەموو کورتە چیرۆکانەدا، تەنها چەند دانەیەکیان چاپ کران، ئەوانەشی کە چاپکران، سەرکەوتنێکی ئەوتۆیان بەدەست نەهێنا.
پاش چەند ساڵێک بێکۆفسکی دەست لە نووسین هەڵدەگرێت، و لە پڕۆسەی بڵاوکردنەوەی کردنەوەی کورتە چیرۆک، بێ ئومێد دەبێت، تەنانەت گومانی کردبووە توانای نووسینی خۆی. بیکۆفسکی دووبارە ناچاربوو، لەچەند شوێنێکی دیکەدا، بۆ ماوەی چەند ساڵێک کاری پیشەوەری بکات.
لە ساڵی ۱۹٥٥ و لە تەمەنی ۳٥ ساڵیدا، پاش دە ساڵ لە دابڕان لە نووسین، بیکۆفسکی نزیک بوو بەهۆی برینی گەدەوە بمرێت، بەهەرجۆرێک بوو، لەو کێشەیە ڕزگاری بوو، پاشان بیکۆفسکی وازی لە کارەکەی هێنا، لە بەڕێوبەرایەتی پۆستە، و دووبارە دەستی کردەوە بە نووسین.
چەند ساڵێک تێپەڕی و لەم ماوەیەدا بیکۆفسکی چەندین پەرتوکی بە چاپ گەیاند، بەڵام هێشتاش سەرکەوتنێکی ئەوتۆی بەدەست نەهێنا و دووبارە ناچاربوو بگەڕێتەوە بەڕێوبەرایەتی پۆستەکە( کارێک کە خۆی وازی لێهێنابوو)، بەڵام بە پێچەوانەی جاری یەکەم، ئەمجارەیان بیکۆفسکی لەکاتی کارکردن لە پۆستەدا، بەردەوامیشی بە نووسین دا، پێش دەستپێکردنی نۆرەکەی، هەرچەندە کاتی بۆ نووسین هەبووایە، سوودی لێ وەردەگرت.
بیکۆفسکی بۆ چەندین ساڵ درێژەی بەم ڕێگایەی دا و کۆکراوەیەک لە کارە چاپکراوەکانی لەناو گۆڤارەکاندا کۆکردەوە و هەمووان بە سەرکەوتنێکی مەزنیان بینی.
بەبێ هیچ ئومێدێک بۆ ناوبانگ و سەرمایە و سەرکەوتن و تەنانەت توانای پێکهێنانی ژیان، بیکۆفسکی هەموو ڕۆژێک بەردەوام بوو لە نووسینی پێش نۆرەی کارکردن.
هەمووان ئێستا ئەو وەک نووسەرێک دەناسن، تاکێکی ناسراو و سەرکەوتوو. بە ئەندازەیەک گرنگە کە ساڵانێکی زۆر پاش مردنی، بە ناونیشانی یەکێک لە گەورەترین نووسەرەکانی سەردەمی خۆی، بە ڕێز و گەورەیی یادی دەکرێتەوە.
بەڵام بەهەرحاڵ بیکۆفسکی بە شێوازی کولتوری و ئاسایی سەرکەوتنی بەدەست نەهێنا، تاکو گەیشتە دەیەی شەشەمی ژیانی. ساڵانێک پاش کارکردن لە بەڕێوبەرایەتی پۆستە، و نووسەری وەک پیشەی دووەم، پاش چەندین هەوڵی دوور و درێژ و  بێ وەستان لە ڕێگەی نووسین، لە کۆتاییدا شاکارەکانی بیکۆفسکی لە کۆمەڵگە گشتییەکانیشدا بینرا و سوپاسکرا.
دواتر بڵاوکەرەوەیەک لەگەڵ بیکۆفسکی دا ڕێککەوتنێکی کرد و ئامادەیی خۆی نیشاندا بۆ ئەوەی لەگەڵ بیکۆفسکی دا بازرگانی بکات و چارلزیش قایل بوو و بەوجۆرە دەستی کرد بە زیاد کردنی سامانی لەڕێگەی نووسینەوە

یەكەمین چانس

پاش ئەم ڕووداوە و لە تەمەنی ٥۰ ساڵیدا، لە کۆتایی ڕێچکەی کلاسیکی سەرکەوتووی کارکردنی، بیکۆفسکی یەکەمین چانسی خۆی بەدەست هێنا و سوودی لێ وەرگرت.
کاتێک لە ڕوانگەی هەمووانەوە هەموو شتێک تەواو بووبوو، کارەکەی ئەو بە تازەیی دەستی پێکرد و لە جیهانی ئەدەبیات دا، ناوبانگی بەدەست هێنا.
بیکۆفسکی ساڵەهای ساڵ دەینووسی و هەوڵ و ئەزموونی وەردەگرت و هەڵەشی دەکرد، بەردەوام بوو لە هەوڵدان تاکو بناسرێت و، ئەو شتە بەدەست بهێنێت کە لە تافی لاویەتیدا دەیوست و تەواوی ژیانی بوو.
کەواتە کەمێک ئاڵۆز دەردەکەوێت کە لەسەر گۆڕەکەی بیکۆفسکی نووسراوە:" هەوڵ مەدە"!
بە پێچەوانەی چیرۆکی ژیانی بیکۆفسکی ، ئەو پیاوەی کە چاوەڕێی چی لە خۆی دەکرد، بەدەستی هێنا، پیاوێک کە هەرچەندە کەمێک درەنگ ، ناوبانگ و پێزانینێکی زۆر بە هونەرەکەی درا. بەهۆی هەوڵدانی بەردەوام، چلۆن پیاوێکی وەها وەک کۆتا پێشنیار پێمان بڵێت:" هەوڵ مەدە"!
لەوانەیە گرنگترین بیرۆکەی درک کردنی بیکۆفسکی لێرەدا بێت، کە نەک تەنها لە کارەکانیدا، بەڵکو لە ژیانیشیدا. لە نامەیەکیدا کە بۆ (ولیام پکارد) ی، بڵاوکەرەوە و هاوڕێی نووسی بوو:

"زۆر نووسەر بەهۆی چەندین هۆکاری هەڵەوە دەنووسن، دەیانەوێت دەوڵەمەند ببن یاخود ناوبانگ پەیدا بکەن، یان دەیانەوێت لەگەڵ کچانێکدا بن، کە زەنگۆڵەی شین لە پرچەکانیان دەبەستن.
کاتێک هەموو شتێک بەباشی دەڕوات، بەهۆی ئەوەوە نییە کە تۆ نووسینت هەڵبژاردووە، بەڵکو لەبەر ئەوەی نووسین تۆی هەڵبژاردووە. لێرەوەیە کە تۆ شەیدای دەبیت. کاتێک چووەتە ناو گوێچکەکانتەوە و پاشان بەرەو کونە لووتت و دواتر لەژێر نینۆکی پەنجەکانتدا دەمێنێتەوە. لێرەدایە کە هیچ ئومێدێک نییە جگە لە نووسین".

لەم نامەیەدا بیکۆفسی ئاماژە بە چەندین نووسەری ئومێدبەخش دەدات، بەڵام ئەگەری هەیە بە شتانێکی زۆر گەورەتریش ئاماژەی کردبێت، بۆ نموونە ئاماژەدان بە هەبوونی ئامانجی سەرکەوتن لە هەموو هەوڵەکانیدا، دەڵێت:

" ئێمە زۆر بە سەختی کاردەکەین، زۆر بە سەختی هەوڵدەدەین، هەوڵ مەدە، کار مەکە، ئەو لەوێیە، وا سەیرمان دەکات، بە سۆزی بەستوو زیان دەگەیەنێت".

مەبەستی بیکۆفسکی لەم نامەیەدا ئەمەبووە: کە بەجۆرێک هەوڵبدەین کە گرنگی بە شتێک بدەین، یان دەبێت هەوڵ بدەیت شتێکت بوێت، لەوانەیە ئەوەندە بۆت گرنگ نەبێت، یان لەوانەیە ئەوەندە ناتەوێت، یان لەوانەیە ڕەنگە دڵخوازەکەت نەبێت.

ژیانی سۆزداری چارلز بیکۆفسکی

ژیانی سۆزداری چارلز نامۆ بووە، هەندێک جار قوڵ و چڕ، هەندێک جار بەڕێکەوت و زۆرجاریش نابوون. بیکۆفسکی شاعیر و نووسەری لۆس ئەنجلس، لەماوەی ژیانیدا، هەم لە شیعرەکانیدا و هەم لە خەیاڵی خۆیدا، بەشێوەیەکی بەرفراوان لەبارەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ (ژن، خۆشەویستی و سێکس) نوسیویەتی، سەرەڕای تۆمەتی هەبوونی مساجنی( ڕق لێ بوونەوە لە ئافرەت) و درەنگ دەسپێکردن بە ژیانی ڕۆمانسی، چەندین هاوڕێ و خۆشەویستی هەبووە، بەتایبەت لە دوا تەمەنی ناوەندیدا.
پاشان زۆربەی هاوڕێ کچەکانی بۆیان دەرکەوت کە ئەوان کەمترین جێ سەرنجی بیکۆفسکی بوون، بە جۆرێک لە ڕۆمانەکانیدا بە "ژن" ناوی بردوون، هەندێک لە هاوڕێ کچەکان و ژنەکانی بیکۆفسکی ڕوڵێکی سەرەکی و داهێنەریان لە ژینیدا گێڕاوە و لە کاتێکدا ئەوانی دیکە تەنها بە بەشێکیدا تێپەڕبوون.

لەوانەش:

The 300 pound whore 
۳۰۰ پاوەندی داوێنپیس

وەسفە بێ سەرو بەرەکەی چارلز بیکۆفسکی بۆ ئەو ژنەی کە بانگەشەی ئەوەی دەکرد: پاکیزەیی خۆی لەدەست دابوو، لە کاتێکدا چارلز تەمەنی ۲٤ ساڵ بوو، ئەو کاتە لە باڕێکدا چاوی پێی کەوت و شەوێکیان بە سەرخۆشی ژنەکەی بردەوە بۆ ماڵەکەی خۆی و بەیانییەکەی نەیتوانی جزدانەکەی بدۆزێتەوە و لۆمەی کرد و دەری کرد.
پاشان بۆی دەرکەوت، کە جزدانەکەی لە گۆشەیەکی جێگاکەوە کەوتۆتە خوارەوە. هەستی بە تاوانباری دەکرد و لە قۆناغەکانی دواتری تەمەنیدا گووتی: ئەو یەکەم ژن بوو کە منی دەویست.

Jane Cooney Baker

یەکەم پەیوەندی ڕۆمانتیکی و سەرەکی چارلز بیکۆفسکی و گەورەترین ئیلهام هێنەری چارلز بووە لە شیعر و ڕۆمانەکانیدا، ئەو چەندین جار لە شیعرەکانی چارلز دا شیوەنی کردووە و بە چەندین شێواز لە ڕۆمانەکانیدا ڕۆڵی گێڕاوە. سەرەتا وەک بێتی( Betty) لە شاکاری( Post Office) ی چارلز، دواتر وەک لۆرا( Laura)  لە شاکاری( Factotum) یدا.
جەین مەشروب خۆرێکی قەڵەو بوو و دە ساڵ لە چارلز گەورەتر بوو، لەڕێگەی هاوکاریکردنی پیاوانی بەتەمەنەوە دەژیا و لە هۆتێلە هەرزانەکاندا خلیسکێنەی سەر بەفری دەکرد. 
بۆ یەکەمجار چارلز لە باڕێکدا چاوی پێی کەوت، لە کۆی هەموو ژن،و هاوڕێ کچەکانییەوە، جەین کۆونی بەیکەر بە گرنگترین ژیاننامە نووسی بیکۆفسکی دادەنرێت، هەم وەک سەرچاوەی ئیلهامی هونەری ئەو و هەم وەک خۆشەویستێک، لە ساڵی ۱۹٦۲ بەهۆی تەقینی برینی گەدەیەوە گیانی لەدەست دا.

Barbara Frye

یەکەمین هاوسەری بیکۆفسکی، لەڕێگەی کارەکەیەوە چاوی بە چارلز کەوت، وەک سەرنووسەری شیعر کاری دەکرد، بڕبڕەی مل و پشتی چەمابوونەوە، ئەمەش ببووە هۆی ئەوەی کە پشتی کووڕ دەربکەوێت.
ئەوان کاتێک هاوسەرگیرییان کرد، زۆر بەباشی یەکدیان دەناسی، ئەو خەڵکی تەکساس بوو، خوازبێنی ئەوان بە شێوازی نامەی نووسراو ئەنجام دەدرا. 
پێکەوەژیانی ئەمان زیاتر لە دووساڵ درێژەی کێشا و لە ساڵی ۱۹٥۸ جیابوونەوە، سەرەڕای ئەوەشی کە خۆی نووسینەکانی چارلزی بڵاو دەکردەوە، بەڵام هیچ سەرسام نەبوو پێیان.
باربارا لە ڕووداوێکی تەم و مژاویدا لە هیندستان، گیانی لەدەست دا.

FrancEYE aka Francis smith 

هاوڕێی کچ و دایکی کچەکەی بیکۆفسکی، مارینا ( کچی پێنجەمی فرانسیس سمیث، بەڵام تاقە منداڵی بیکۆفسکی)، کاتێک بیکۆفسکی بۆی دەرکەوت کە فرانسیس دووگیانە، داوای هاوسەرگیری لێکرد بەڵام فرانسیس ڕەتی کردەوە.
سمیث، پاش دەرکەوتنی چەندین نیشانە لە شکانی ڕانی، لە نەخۆشخانەی گشی( Marin) ی گرینبرا ی کالیفۆڕنیا، لە ۲ی حوزەیرانی ۲۰۰۹ گیانی لەدەست دا.

Linda King

شاعیر و پەیکەرساز، کەلە سەرەتاکانی دەیەی ۱۹۷۰ نزیکی پێنج ساڵ لەگەڵ بیکۆفسکی پەیوەندییەکی تۆفانی هەبوو، ئەگەری هەیە کە ناباوترن هاوڕێ کچی بیکۆفسکی بوبێت.
کاتێک لیندا داوای لە بیکۆفسکی کرد کە پەیکەری سەری چارلز دروست بکات، لەگەڵ چارلز ئاوێزانی یەکدی بوون.
پەیوەندییەکەیان بچڕ بچڕ بوو، ماویەک دەگونجان و ماوەیەک جیا دەبوونەوە، هەرکاتێک پێکەوە شەڕیان دەکرد، بیکۆفسکی پەیکەری سەرەکەی خۆی دەگەڕاندەوه بۆ لیندا. کێشەکانی ئـەوان جاری واهەبوو بە توندوتیژی تەواو دەبوو، تاکو لە بۆنەیەکدا چارلز لووتی لیندای شکاند.
جارێکیان پاش دەمەقاڵێیەکیان سەبارەت بە خیانەتی چارلز، لیندا ئامێری چاپکردن و کتێبەکانی چارلزی فڕێدایە سەر شەقامەکە.

Joanna Bull 

هاوڕێی کۆنی چارلز بوو، تەپڵ لێدەریش بوو، لە سەروبەندی نووسینی  ڕۆمانی (ژن) ی چارلز دا، لەگەڵ چارلز خەوت.

Pamella"Cupcakes"Miller

گارسۆنی کۆکتێل، ئالوودەی ئاژەڵە ماڵییەکانی ناو میوانییەکان و حەبە ڕجێمییەکان بوو.
بیکۆفسکی شەیدایی خۆی بۆ دەرخست، بەڵام ئەو چەند ڕۆژێک جارێک دیار نەدەما، ئەمەش بیکۆفسکی شێت دەکرد.
چارلز لە دیوانە شیعری(Love Is A Dog From Hell) لەبارەی میلەرەوە نووسیویەتی، میلەر لەپێناو خوێندکارێکی ددانسازدا، بیکۆفسکی بەجێهێشت.

Amber O´Neil

نازناوی ژنێک کە لە ساڵانی ۱۹۷۰ کاندا، چاوپێکەوتنی خۆشەویستی لەگەڵ بیکۆفسکی هەبوو، ئەو ناوی لێنا" تانیا"، لە ڕۆمانی(ژن) دا، ئاماژەی بە تانیا کردووە، بەڵام بەجۆرێک کە کەمترە لە میهرەبانییە ڕاستتیەکەی خۆی.
تانیاش یادی چارلزی کردەوە بە ناوهێنانێکی نائاشکرا لە کتێبەکەیدا، بەناونیشانی(Blowing My Hero).

Linda Lee Beighle

ژنی دووەمی بیکۆفسکی، کە لە فرۆشگایەکی خواردنی تەندروست کاری دەکرد، لەوێ چاوی پێکەوت، ئەوان زۆر گفتۆگۆیان دەکرد، بیکۆفسکی پێزانینێکی تایبەتی هەبوو بۆ گرنگی پێدانەکەی لیندا بۆی، وازی لە ژنەکانی دیکەی خۆی هێناو، بە پارەی بڵاوکراوەکانی، خانوویەکی لە سان پێدرۆ کڕی و هاوسەرگیری لەگەڵ کرد.
لیندا لی لە کلیپی فیلمی باربت شرۆیدەر(Barbet Schroeder) وەک بەڵگەیەک بۆ مساجنی یان خراپی بیکۆفسکی ناوزەند کراوە.

ژیان لەگەڵ بیکۆفسکی هەڵچوودا هەمیشە ئاسان نەبوو، وەک کلیپەکەی( Barbet Schroeder) لەسەروو هەموو بەرهەمەکانی دیکەوە.

سەرەتا ساڵی ۱۹۸۸ بوو کە بیکۆفسکی نەخۆشی خوێن بەربوونی لێدەرکەوت و لەگەڵی بەردەوام بوو، تاکو بوە هۆی ئەوەی لە (۹ی ئازار ی۱۹۹٤) لە سان پێدرۆ ی کالیفۆڕنیا، کۆچی دوایی کرد.
تاکو کۆتا خولەکی ژیانی چارلز، لیندا لی لەگەڵی بوو، و دواتریش بەردەوام چاودێری گۆڕەکەی دەکرد.
چارلز بیکۆفسکی بەهۆی ئەوەی کە ئاتایست بوو، لەلایەن ڕەبەنی بووداییەوە ڕێوڕەسمی پرسەکەی بەڕێوەبرا.

"جوانی بایەخی نییە، هەمیشەیی نییە
ئەگەر ناشرین بیت، زۆر بەختەوەریت!
چونکە ئەگەر خەڵکی ببنە هاوڕێت، دەزانن بۆ شتێکی ترە".

- چارلز بیکۆفسکی 

بەرهەمەکانی چارلز بیکۆفسکی

  1. Post Office(1971).
  2. Ham On Rye( 1982).
  3. Women(1978- Novel).
  4. Factotum( 1975).
  5. General Tales Of Ordinary Madness( 1983).
  6. Love Is A Dog From Hell( Poem).
  7. Notes Of Dirty Old Man(1969).
  8. Run With The Hunted.
  9. You Get So Alone At Times That It Just Makes sense.
  10. The Most Beautiful Womn In Town( 1983).
  11. Pulp( 1994_ Novel).
  12. Hollywood(1989).
  13. Hot Water Music( 1983).
  14. Burning In Water, Drowning In Falme.
  15. The Last Night Of Earth (Poem).
  16. Essential Bukowski( Poetry).
  17. Slouching Toward Nirvana( New poems).
  18. The People Look Like Flower At Last.
  19. What Matters Most Is How Well You Walk Through The Fire.
  20. Siffing Throgh The Madness For The world, The Line, The Way( New Poems).
  21. On Love.
  22. On Writing.
  23. On Cats.
  24. South Of No North( 1973).
  25. Play The Piano, Drunk Like A Percussion.
  26. The Days Run Away Like Wild Horses Over the hills
  27. Betting On The Muse( Poems&Stories).
  28. Come On In( New Poems).
  29. The Bell Tolls For No One

 


سەرچاوەکان



1547 بینین