نەریمان بابان 

له‌لایه‌ن: - سروشت ناجی - به‌روار: 2022-04-28-21:44:00 - کۆدی بابەت: 8422
نەریمان بابان 

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

نەریمان محەممەد عارف یان نەریمان حەمە کاکە عارف ناسراو بە نەریمان بابان (بە ئینگلیزی: Nariman Baban). گۆرانیبێژێکی کوردە. لە شاری سلێمانی لەدایکبووە. خوێندنی سەرەتایی، ناوەندی و ئامادەییی لە شاری سلێمانی تەواو کردووە و بەشی مێژووی لە کۆلێجی ئاداب لە شاری موسڵ تەواو کردووە.

ژیانی هونەری

لە ساڵی ١٩٨٣ تیپی مۆسیقای بابانی دروست کرد و تا ساڵی ١٩٩٣ لە ئەو تیپەدا خزمەتی کردووە. تیپەکە نەریمانی ناسراوکرد و گوێگری تایبەتی بۆ پەیدابوو، لەدوای نەمانی ئەو تیپە نەریمان لەگەڵ هیچ گۆرانیبێژێکدا گۆرانی نەوتووە چونکە هیچ گۆرانیبێژێکی نەناسیوە کە شێوازی گۆرانی وتنی لە خۆیەوە نزیک بێت. یەکەم دەرکەوتنی نەریمان لەسەر ڕوونما (شاشە) لە ساڵی ١٩٩٢ بوو کاتێک گۆرانی (ڕووخان)ـی لەگەڵ (کاوان عومەر) بڵاو کردەوە. نزیکی پێنج ساڵ لە هەولێر ژیاوە. لە ساڵی ١٩٩٦ کوردستانی بەجێهێشت و لە ئەڵمانیا نیشتەجێ بوو و لە سویدیش دەژی. خۆشەویستییەکی زۆری بۆ شاری سلێمانی هەیە و ئەو ماوەیەی لە سلێمانی دەمێنێتەوە ئێواران دەچێتە سەر شاخی گۆیژە و قسە لەگەڵ شارەکەیدا دەکات. گۆرانی (برادەر)ی بۆ چەند هاوڕێیەکی وتووە کە لە کاتی دابڕان لێیان هۆنراوەکەی نووسیوە و دواتر کردوویەتی بە گۆرانی. ئارەزووی لە ئامێری مۆسیقای پیانۆیە. قادر دیلان و ویلیەم یوحەنا بە مامۆستای هونەری خۆی دادەنێت.

چالاکی هونەری

نەریمان خاوەنی نزیکەی ٦٨ بەرهەمی هونەرییە و زۆربەی ئاواز و هۆنراوەکانی بەرهەمی خودی خۆیەتی، کە ئەمە جگە لەوەی ئاواز و هۆنراوەی بۆ چەندین هونەرمەندی تریش داناوە. سێ کۆنسێرتی ئەنجامداوە کە کۆتا دانەیان لە ساڵی ٢٠٢٢ لە سلێمانی بوو و داهاتی کۆنسێرتەکانی بەخشیووە. 


سەرچاوەکان



782 بینین