پیرۆزەیی

له‌لایه‌ن: - ئیلهام ئەنوەر - به‌روار: 2022-04-29-20:57:00 - کۆدی بابەت: 8430
پیرۆزەیی

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

پیرۆزەیی (بە ئینگلیزی: Turquoise، بە فارسی: فیروزەای) بە تێکەڵکردنی ڕەنگی سەوز و کەمێک زەرد دروست دەبێت، لەنێوان ڕەنگی شین و سەوزدایە و لە ڕیزی ڕەنگە ساردەکان دادەنرێت، ئارامی و ئاسایشی ڕەنگی شین، هاوسەنگی سەوز و هەندێک وزەی زەردی تێدایە، ئەم ڕەنگە لەکاتی ماندووبوون و فشاری دەروونی وزەیەک بە ڕۆح و گیانمان دەبەخشێت.

دەروونناسیی ڕەنگی پیرۆزەیی

ڕەنگی پیرۆزەیی لە ڕیزی تۆنەکانی ڕەنگی شین دادەنرێت کە بەپێچەوانەی ڕەنگی شین لەناو خانماندا خواستێکی زۆری لەسەرە، بەزۆری ئەو کەسانەی کە حەزیان لەم ڕەنگەیە خاوەنی کەسایەتییەکی ئارام و لەسەرخۆن.
لە دەروونناسی ڕەنگی پیرۆزەییدا هێماکانی وەکوو ڕاستگۆیی، وەفاداری، پابەندێتی، ئیمان، زیرەکی بەخشندەیی، متمانە بەخۆبوون و متمانە ئاماژەیان پێدراوە، گەنجێتی، هەستکردن بەژیان و شادبوون لە نیشانەکانی تری کەسایەتی ئەم جۆرە کەسانەیە.
تۆنە تۆخەکانی ئەم ڕەنگە هێز و دانایی کەسەکە نیشان دەدەن، هەندیک لەم کەسانە لەلایەنی مەعنەوییەوە خاوەن کەسایەتییەکی کامڵ و پێگەیشتوون.  

- متمانە بەخۆبوون: ڕەنگی پیرۆزەیی نیشاندەری متمانە بەخۆبوون و باوەڕبەخۆبوونە لە کەسەکەدا و لەلایەکی تریشەوە دەکرێت بۆ دروستکردنی پەیوەندی کەسانێکی متمانەپێکراو بن .

- ئارامی: دەشێت هەندێکیان خاوەنی کەسایەتییەکی ئارام بن و ئەم ئارامییە بۆ کەسانی دەورووبەریشیان دەگوازنەوە، ئەم ئارامییە لە کەسایەتیی ئەم کەسانەدا دەبێتە هۆی ئەوەی کە لەکاتی ڕووبەڕووبوونەوەی کێشەکان بەباشی هەڵسوکەوت بکەن. 

- هێزی بیرکردنەوە: لە دەروونناسی ڕەنگی پیرۆزەییدا بەهێزی بیرکردنەوە گرنگترین هۆکارە کە دەبێتە هۆی بڕیاردانی دروست لەم جۆرە کەسانەدا و هەوڵ دەدەن بارودۆخەکە لە بەرژەوەندی خۆیان بگۆڕن و باشترین سوودی لێوەربگرین.

- قبوڵکردنی بەرپرسیارێتی: ئەم کەسانە لەبەرانبەر ئەو بەرپرسیاریەتیانەی کە پێیان دەسپێردرێت دەتوانن بەباشی هەڵسوکەوت بکەن و لە شوێنی کارەکەیان کەسانێکی بەرپرسیارن.

- پەیوەندی کۆمەڵایەتی بەهێز: دەکرێت پەیوەندی هاوڕێیەتی لەنێوان ئەم کەسانەدا بەهێز بێت و بەباشی دەتوانن لەگەڵ هاوڕێکانیاندا پەیوەندی دروست بکەن و هەستەکانیان دەرببڕن.

- دەسەڵات: دەکرێت بەتوانایی لە ئەنجامدانی کارەکان و هەبوونی هێز بۆ گەیشتن بە ئامانج و ئارەزووەکان لەم کەسانەدا هەبێت، هەروەها لە زانستی دەروونناسیدا بەکارهێنانی ئەم ڕەنگە دەتوانێت کاریگەری ئەرێنی لەسەر مرۆڤ دابنێت.

تایبەتمەندیی ئارەزوومەندانی ئەم  ڕەنگە:

ـ گرنگ نییە کە چەندە پەرێشانی سۆزداری لە ناخیاندا بوونی هەبێت، ئەم کەسانە زۆر زیرەک و خۆڕاگرن.
ـ کەسانێک کە ئەم ڕەنگەیان خۆش دەوێت ئەفسووناوی و بەهەستن.
ـ ئەم کەسانە دەتوانن بەباشی کارەکانی خۆیان ئەنجام بدەن، ئەزموون و بەرەوپێشچوونی باشیان لە کارەکەیاندا هەیە و گوێ نادەن بە ئامۆژگارییەکانی کەسانی تر.
ـ ئەم ڕەنگە بەگشتی ڕەنگی دڵخوازی خانمانە

ڕەنگی پیرۆزەیی لە کارکردندا

بەگشتی پیرۆزەیی بۆ هەر کارێک کە بەندە لەسەر دروستکردنی پەیوەندی و مامەڵەکردن لەگەڵ خەڵکی باش و بەسوودە. بۆ پزیشکان و کلینیکەکانی چارەسەری باشە چونکە دەبێتە هۆی ئاسوودەیی دەروونی و هاوسەنگی هەستەکان.
بۆ بەرهەمە پاککەرەوەکان ڕەنگێکی نموونەییە، ئەو پیشە و بەرهەمانەی کە پەیوەندییان هەیە بە ئاوەوە، بۆ نموونە بەرهەمهێنەرانی فیلتەرەکانی ئاو، مەلەوانگەکان و وەرزشە ئاوییەکان زۆر ڕەنگی پیرۆزەیی بەکاردەهێنن،  پیرۆزەیی بۆ بەبازاڕکردنی ئەو بەرهەمانەی کە پەیوەندییان بە خانمان و پیاوانیشەوە هەیە لە هەر تەمەنێکدا بن بەکاردەهێنرێت، بۆ ئەو کاتانەی کە چەند کارێک لەهەمانکاتدا ئەنجام دەدەین پیرۆزەیی ڕەنگێکی بەسوودە، هەروەها بۆ کاتێک کە تەنها خەریکی ئەنجامدانی یەک کارن پیرۆزەیی دەکرێت بێزارکەر بێت.  

ڕەنگی پیرۆزەیی لە دیزاینی ناوەوەی شوێنەکان

دەتوانین بەدڵنیاییەوە بڵێین کە ڕەنگی پیرۆزەیی لەگەڵ تەواوی ڕەنگەکاندا دەکرێت تێکەڵ بکرێت و دیزاینی سەرنجڕاکێش دروست دەکات. بەکارهێنانی پیرۆزەیی لەگەڵ ڕەنگە گەرمەکانی وەکوو پرتەقاڵی، زەرد، سوور و بەتایبەت لیمۆیی نایابە، بە بەکارهێنانی پیرۆزەیی لەگەڵ ڕەنگە تەواوکەرەکان واتا سپی، ڕەش، پەمەیی، زەرد، سەوز و مۆر پالێتێکی جوانی ڕەنگەکان پێکدێت کە جوانی دیکۆراسیۆنەکە زۆر زیاتر دەکات، بەکارهێنانی ڕەنگی سپی و پیرۆزەیی پێکەوە یەکێکە لە باشترینەکان لە دیزاینی ناوەوەدا هەڵبەتە ئەگەر دەتانەوێت دیکۆرێکی زەق و بریقەدارتان هەبێت ئەوا پیرۆزەیی لەگەڵ ڕەنگی ئاڵتوونی بەکاربهێنن.


سەرچاوەکان



1243 بینین