عوسمان عەلی

له‌لایه‌ن: - سروشت ناجی - به‌روار: 2022-04-30-22:11:00 - کۆدی بابەت: 8449
عوسمان عەلی

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

هونەرمەندی ناسراوی کورد مامۆستا عوسمان عەلی (بە ئینگلیزی: Othman Ali) (بە عەرەبی: عثمان علي)، ساڵی 1944 زایینی لە گەڕەکی مەڵکەندی شاری سلێمانی لەدایکبووە، تاکوو پۆلی پێنجەمی سەرەتایی خوێندووە، دواتر بۆ دابینکردنی بژێوی ژیان دەستی بە کارکردن کردووە. ساڵی 1963 بەهۆی بارودۆخی سیاسی کوردستانەوە چووەتە ڕیزی شۆڕشەوە و بووە بە پێشمەرگە.

ژیانی هونەری

سەرەتای کاری هونەریی لە ساڵی 1965 دەستپێکردووە و لە ساڵی 1969 بووە بە ئەندام لە کۆمەڵەی هونەر و وێژەی کوردی بەشی میوزیک و گۆرانی، کە دواتر وەک یەکێک لە گۆرانیبێژە کاراکان ڕۆڵی خۆی دیوە لەو بوارەدا. ساڵی 1967 خێزانی پێکهێناوە و سێ کچ و کوڕێکی هەیە.
لەدوای هەڵگیرسانەوەی شۆڕشی ئەیلوول، لەگەڵ ئەندامانی تیپی مۆسیقای سلێمانی و تیپی مۆسیقای شۆڕش کاریانکردووە، دواتر لە ساڵی 1975 لەگەڵ تیپی مۆسیقای سلێمانی وەک ئەندامێکی چالاک تاکوو دوا چرکەکانی ژیانی بەردەوامبووە، بەڵام هاوکات هاوکاری بەرهەمەکانی: تیپی مۆسیقای مەولەوی، تیپی مۆسیقای شۆڕش و تیپی مۆسیقای نەورۆزیشی کردووە.
هەروەها لە زۆربەی بۆنە نیشتیمانیی و کۆمەڵایەتییەکا نو کۆنسێرت و فێستیڤاڵەکاندا لە عێراق و هەرێمی کوردستاندا بەشداریکردووە. هەمیشە ئەندامێکی چالاک و دیاری یەکێتی هونەرمەندانی کوردستان بووە. هونەرمەند لە ساڵی 1996 بووە بە لێپرسراوی کارگەی جلوبەرگی هێزی پێشمەرگەی کوردستان.

کۆچی دوایی

لە شەوی 21/22ی حوزەیرانی ساڵی 2005 لە کاتی چڕینی مەقامدا دوا هەناسەی بەخشی بە جیهانی قەشەنگ و فراوانی هونەری کوردی. توانی لە مێژووی ئەو فەرهەنگەدا پاشماوەیەکی بایەخدار ببەخشێت بە ئەرشیفی میوزیکی کوردی و کۆمەڵێک بەرهەمی نایاب تۆمار بکات. دوای مەرگی مامۆستا عوسمان عەلی، کەناڵی کوردسات ئەلبوومێکی گوڵبژێری لە گۆرانی و بەرهەمەکانی بەهاوکاری بنەماڵەی هونەرمەند ئامادە و بڵاوکردەوە.


سەرچاوەکان



290 بینین