مەکو

له‌لایه‌ن: - جوانە محەمەد - به‌روار: 2022-05-06-22:34:00 - کۆدی بابەت: 8534
مەکو

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

مەکو (بە ئینگلیزی: Macaw)، ئەم باڵندەیە جۆرێک تووتی کلک درێژە و بە گەورەترین ڕەگەزی تووتی دادەنرێت، لە ئێستادا ١٧ جۆری جیاواز و ناسراوی هەیە بە دیلکراوی و لە سروشتیشدا بوونیان هەیە، نشینگە بنەڕەتییەکەی دەکەوێتە ئەمریکای ناوەڕاست و ئەمریکای باشوورەوە، جێگەی مانەوەشی دەکەوێتە دارستانە باراناوییەکان لەگەڵ دارستانە خولگەییەکان، بە مەکو دەوترێت تووتی سەربازی ئەم ناوەش بەهۆی ڕەنگە سەوزەکەیەتی کە جلوبەرگی فەرمی زۆرینەی سەربازەکانی ئەمریکا سەوزە، تووتی مەکو حەزی لە یاریکردنە و هەریەک لە دەنووک و زمانی لەگەڵ پێیەکانی بەکاردەهێنێت بۆ دۆزنەوەی شمەک و یاریکردن، شێوازی ژیانکردنشیان پێکەوەیە واتە لە شێوەی خێزان و کۆمەڵەدا دەژین و ژیانی تاکەکان بەتەنها و سەربەخۆ نییە، زۆرینەیان جووتن و بە بەردەوامی پێکەوەن بەڵام دەتوانن کۆمەڵەی گەورەش دروستبکەن کە لە زیاتر لە ٣٠ تاک پێکهاتبێ، خێرایی ئەم تووتییە لە کاتژمێرێکدا دەگاتە نزیکەی زیاتر لە ٢٤ کیلۆمەتر، زۆرینەی جۆرەکانی جێگیرن و کۆچناکەن بەڵام هەندێک جۆری تری هەیە لە پێناو گەڕان بە دوای خۆراکدا کۆچدەکەن و جێگەکانیان جێدەهێڵن، هەروەها زۆرینەی جۆرەکانی مەترسی لەناوچوونیان لەسەرە.

شێوەی دەرەوەی

ئەم جۆرە تووتییە جەستەیەکی گەورەی هەیە لەگەڵ دەنوکێکی چەماوەی کەوانەیی، جەستەی بە پەڕ داپۆشراوە و چەندین ڕەنگی کراوە و جوانی هەیە، وەک سوور، سەوز، سپی، شین یان زەرد، بەهۆی ڕەنگە جیاوازەکانیانەوە دەتوانن تێکەڵبن بە دارستانەکان و بەهۆیەوە دژمنەکانیان فریوبدەن و بە ئاسانی نەبینرێن، قەبارەی هەر دانەیەک بە بەراورد بە دانەیەکی تریان جیاوازە و دەگۆڕێت، بە شێوەیەکی گشتی درێژییەکەیان لە نێوان ٧٦-١٠٠ سانتیمەتر دەبێت و کێشیان لە نێوان ٠.٩-٢ کیلۆگرامە.  

خۆراک

مەکو باڵندەیەکی هەموو شت خۆرە واتە لە هەمان کاتدا گۆشتخۆر و ڕووەکخۆریشە، ژەمی خۆراکی سەرەکی دەکرێت هەریەک لە میوە، مێروو، گوێز یاخود دانەوێڵە بێت، زۆرینەیان ئارەزوویان زیاتر خواردنی میوەکانە بەڵام مەکو دەتوانێت بفڕێت بۆ ناوچەی گژوگیاکان بۆ بەدەستهێنانی دانەوێڵەکانیش، لەهەمان کاتدا خۆشی دەبێت بە نێچیری گیانەوەرەکانی تر کە لە دارستانەکانی ئەمازۆندا دەژی، وەک مار، جاگوار، مەیموون لەگەڵ باڵندە گەورەکانی وەک باز و هەڵۆکان. 

یەکگرتن و زۆربوون

تەمەنی پێگەیشتن بە گوێرەی جۆرەکان دەگۆڕێت بە شێوەیەکی گشتی لە تەمەنی دە ساڵیدا توانای زۆربوونیان دەبێت، نێرینەکە لەگەڵ یەکێک لە مێینەکانی کۆمەڵەکەی دەبن بە جووت، دەتوانن هێلانەکەیان لە چەندین شوێنی جیاواز دروستبکەن وەک لەسەر درەختە بەرزەکان و کەناری ڕووبارەکان یاخود لە کەندەڵانەکاندا، پاشان یەکگرتن ئەنجام دەدەن مێینەکە ١-٤ هێلکە دەکات، ماوەی نیشتن و مانەوە لەسەر هێلکەکانی بە گوێرەی جۆرەکەیەتی و لە نێوان ٢٤-٢٨ ڕۆژ دەبێت، دوای هەڵهاتنیان بێچووەکان بۆ ماوەی سێ مانگ لە هێلانەکەدا و لە ژێر پارێزگاری دایک و باوکیاندا دەمێننەوە، بە گشتی بێچووەکان بە درێژایی ساڵێک لەگەڵ دایک و باوکیاندا دەژین، دواتر پێویستە جێگەیەک لە ناو کۆمەڵەکەدا بدۆزنەوە و پشتبەخۆیان ببەستن، تەمەنی هەر تاکێکی مەکو ماوەیەکی زۆر درێژ دەخایەنێت کە ناوەندە ڕێژەی تەمەنیان لە نێوان ٥٠-٦٠ ساڵ دەبێت، هەروەها هەندێکیان دەتوانن بۆماوەی ٨٠ ساڵ بژین کە ئەمەش تەمەنێکی زۆر و درێژخایەنە بە بەراورد بە زۆرینەی گیانەوەران. 

جۆرە سەرەکییەکانی

تووتی مەکو ڕەنگی زۆر جوان و سەرنجڕاکێشی هەیە و توانای فێربوونی وشەی هەیە، جگە لە ئەمانەش لە سروشتی خۆیدا باڵندەیەکە کە حەزی لە گاڵتە و یاری و خۆشییە، بۆیە چەندین جۆری ئەم تووتییە ماڵی دەکرێت و خەڵكی ئارەزووی پەروەردەکردنیان دەکەن، لە ئەنجامدا خەڵکی بە لەیەکتر پەڕاندنی ئەو تووتییانەی کە دیلکراون جۆری نوێی دووڕەگیان بەرهەمهێناوە، بۆ نموونە مەکوی گاڵتەجاڕ جۆرێکی نوێیە لە ئەنجامی لە یەکتر پەڕاندنی مەکوی شین و ئاڵتوونی لە مەکوی سەوزەوە دروستبووە، نموونەی باوترین جۆرەکانیش ئەمانەن:

  • مەکوی سوور 
  • مەکوی شین و ئاڵتوونی
  • مەکوی باڵ سەوز
  • مەکوی شان سوور
  • مەکوی هان
  • مەکوی گاڵتەجاڕ


سەرچاوەکان



374 بینین