ڕەفتاری گونجاو لە هۆڵەکانی لەشجوانیدا

له‌لایه‌ن: - مونا ڕزگار مونا ڕزگار - به‌روار: 2022-05-07-20:32:00 - کۆدی بابەت: 8543
ڕەفتاری گونجاو لە هۆڵەکانی لەشجوانیدا

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

هەر جێیەک کە بۆی دەچیت ڕێسا و یاسای تایبەت بەخۆی هەیە و پێویستە بزانیت چۆن ڕەفتار دەکەیت، خەڵکی دەچنە هۆڵەکانی لەشجوانی تاکوو کێشی جەستەیان دابەزێنن و لەشجوان بن، بەڵام دەبێت بزانرێت ئەو ماوەیەی کە لە هۆڵەکەدایت کام ڕەفتار گونجاوە و کامەی نەگونجاوە.
ڕەفتارەکانت لەو جێگەیەدا کەسایەتی تۆ دەردەخەن بۆیە زۆر گرنگە بەباشی هەڵسوکەوت بکەیت.

ڕەفتارەکان

بە بەردەم کەسێکدا مەڕۆ کە خەریکی وەرزشکردنە

زۆرینەی ئەو کەسانەی کە لە هۆڵەکاندا وەرزش دەکەن لەبەردەم ئاوێنەیەکی گەورەدا دەیکەن تاکوو جەستەی خۆیان ببینن، بۆ ئەوەی بزانن جەستەیان چۆن دەجووڵێت و پێویستە چۆن ئەنجامی بدەن، نابێت بەبەردەم ئەم کەسانەدا بڕۆیت کە خەریکی وەرزشکردنن چونکە لێیان تێک دەدەیت.

پاککردنەوەی ئامێرەکان

لە کاتی وەرزشکردندا جەستە زۆرترین ئارەقکردنەوەی دەبێت، کاتێک ئامێرەکان بەکاردەهێنیت یاخود تەنانەت لەسەر کورسییەکیش دادەنیشیت بەدڵنیاییەوە دوای خۆت پاکی بکەرەوە و بیسڕە و هەموو پیسییەکانی پێوە لاببە.

دەستدرێژی نەکردن بۆ سەر سنوورە کەسایەتییەکان

لەوانەیە هۆڵەکە زۆر قەرەباڵخ بێت و بەپێی پێویست ئامێر نەمابێت، لەم کاتەدا نابێت دەستدرێژی بکەیتە سەر ئەو کەسانەی پێش تۆ هاتوون و خەریکن وەرزش دەکەن، دەبێت چاوەڕێ بکەیت تاکوو کاتی خۆیان تەواو دەبێت و واباشترە ئامێرێکی تر بەکاربهێنیت تاکوو ئامێرەکانی تر چۆڵ دەبن.

دوای تەواوبوونت لەوێدا پشوو مەدە

کاتێک لە یارییەک تەواو دەبیت واباشە بەخێرایی یارییەکە جێبهێڵیت و بڕۆیت لە شوێنێکی تر پشوو بدەیت، لەوانەیە کەسێک یان چەند کەسێک چاوەڕێ بکەن تاکوو تۆ لەو ئامێرە تەواو دەبیت، نابێت بۆ پشوودان دانیشیت لەسەری و ئەوەندەی تر کاتیان بەفیڕۆ بدەیت.

قسەنەکردنی زۆر

ڕاستە خەڵکی لە هەموو جێگایەکدا هاوڕێ دەدۆزنەوە و پەیوەندی کۆمەڵایەتی دروست دەکەن، بەڵام قسەکردن لەگەڵ ئەو کەسەی کە خەریکی وەرزشکردنە یاخود هەردوولاتان وەرزش دەکەن و قسەش دەکەن کارێکی زۆر هەڵەیە، واباشترە تەواوی سەرنجتان لەلای وەرزش و ئامێرەکان بێت، بۆ نموونە ئەگەری زۆرە کاتێک کەسێک خەریکی بەرزکردنەوەی قورساییە و تۆش قسەی لەگەڵدا دەکەیت، بەهۆی قسەکانی تۆوە مێشکی پەرتەوازە ببێت و جڵەوی خۆی لەدەست بدات و زیانی پێ بگات.

قسەنەکردن بە مۆبایل بە دەنگی بەرز

هیچ شتێک بە ئەندازەی تەلەفۆنکردن بێدەنگی ناو هۆڵەکە تێک نادات و سەر لە وەرزشوانەکان تێک نادات، بۆیە تاکوو ناچار نەبیت بە تەلەفۆن قسە مەکە و ئەگەریش پێویستی کرد واباشە دەنگت زۆر نزم بێت و لەو شوێنە دوورکەویتەوە ئینجا تەلەفۆن بکەیت.

ڕیزبەندی ئامێرەکان تێک نەدەیت

هەموو ئەو ئامێرانەی بەکاردێت لە هۆڵەکاندا بەپێی ڕیزبەندییەک کار دەکەن و یاسای تایبەتیان هەیە، نابێت ئەم ڕیزبەندییە بشێوێنیت و بە ویستی خۆت مامەڵە لەگەڵ ئامێرەکاندا بکەیت، چونکە زیان لە خۆت و ئامێرەکانیش دەدەیت.

سوکایەتی نەکردن بە خەڵکی

کاتێک کەسێک دێتە ناو هۆڵەکەوە جلی تایبەتی وەرزشی لەبەردایە، دووربکەوەرەوە لە گاڵتەکردن بە جەستەی کەسەکان و باسکردنیان و سوکایەتی پێ کردنیان و گاڵتە کردن بە کێشی زۆری ئەو کەسانە، چونکە هەمووان بۆ کێشەیەک هاتوونەتە ئەوێ بینینی هەموو جۆرە جەستە و کێشێک ئاساییە.
چەند وەرزش و ڕاهێنان سوودی هەیە بۆ کێش دابەزاندن ئەوەندەش پیاهەڵدان و پشتگیری کردنی کەسانی دەوروبەر ڕۆڵی هەیە، بەڵام کاتێک کەسەکە بشکێنیتەوە ئەویش پەشیمان دەبێتەوە و نایەوێت بەردەوام بێت.

جلوبەرگی گونجاو

ڕاستە دەبێت جلوبەرگی گونجاو بە هۆڵەکە لەبەربکەیت و ناکرێت جلی دەرەوە و ماڵەوە بۆ وەرزشکردن بەکاربهێنیت، بەڵام تاکوو دەتوانیت دووربکەوەرە لە لەبەرکردنی جلی تەسک و کورت و زۆر کراوە، چونکە جلی تەسک دەبێتە هۆی بەستنی جەستە و وادەکات خوێن بەباشی هاتووچۆ نەکات، لە کاتێکدا خەریکی وەرزشیت و پێویستت بە جلی فراوانە، هەروەها ئەگەر جلەکان زۆر کراوە بن ئاسایی نابێت لەبەرچاو ئەو هەموو کەسەدا. نابێت بهێڵیت بەشە هەستیارەکانی جەستەت بدەن لە ئامێرەکان چونکە ئەو ئامێرانە چەندین کەس بەکاری دەهێنێت و لەوانەیە ببێتە هۆی گواستنەوەی نەخۆشی بۆت.

پاککردنەوە دوای خۆت

دوای ئەوەی وەرزشکردنەکەت تەواو بوو سەرجەم ئەو ئامێرانە پاکبکەرەوە کە بەکارت هێناون و هەموو جلەکان و دەبەی ئاو و هەر کلێنسێک کە لەو ناوەدا داتناوە لایبدە و پاکی بکەرەوە.

جلی پیس لەبەرمەکەرەوه

ڕەچاکردنی پاکوخاوێنی جەستەو جلەکانت کاریگەری ڕاستەوخۆی هەیە بەسەر وەرزشەکەوە، دەبێت دوای هەموو وەرزشێک و چوونەوەت بۆ ماڵەوە جلەکانت بشۆیت و هەرگیز بە هەمان جلی پیسەوە وەرزش نەکەیت و لەبەری نەکەیتەوە.

داواکردنی هاوکاری

کاتێک پرسیارت بۆ دروست دەبێت لەسەر ئامێرێک و یاخود پێویستت بە هاوکارییە لە ڕاهێنانێکدا زۆر ئاساییە و داوای هاوکاری بکە، هەرگیز مەهێڵە بەسەرتدا تێ بپەڕێت.

دوورکەوتنەوە لە ڕەفتاری ناشرین

هاوارکردن و قسەوتن و شەڕکردن لەکاتێکدا ئەگەریش کێشەیەکت بۆ هاتە پێشەوە زۆر ناشرینە و نابێت بەهیچ شێوەیەک ئەنجامیان بدەیت، هەروەها تف کردنە سەر ئامێر و زەویییەکە و دەست کردن بە لووت و فڕێدانی خاولی و کلێنس و جلی ژێرەوە هەموو ئەمانە نائاسایین و پێویستە لێیان دوربکەویتەوە.

ئارایشت نەکردن

ئەو خانمانەی کە دەچنە هۆڵەکانی لەشجوانی نابێت ئارایشت بکەن و بیانەوێت بەو شێوەیە وەرزش بکەن، چونکە لە کاتی وەرزشدا جەستە ئارەق دەردەدات و هەبوونی ماددەی جوانکاری بە ڕووخسارەوە زیان بە ڕووخسارت دەگەیەنێت.


سەرچاوەکان



333 بینین