سوودەکانی نانی بەیانی

له‌لایه‌ن: - لەنیا بەختیار لەنیا بەختیار - به‌روار: 2024-05-28-22:36:00 - کۆدی بابەت: 13026
سوودەکانی نانی بەیانی

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

سوودەکانی نانی بەیانی (بە ئینگلیزی: benefits of eating breakfast، بە عەرەبی: فوائد تناول الفطور) بۆ چەندین ساڵە خۆراک زاناکان پێیان وایە کلیلی دەستپێکردنی ڕۆژەکەت خواردنی ژەمی بەیانییە، نەک تەنها لە ئەنجامدانی کارەکانی ڕۆژانە بە شێوەیەکی باشتر یارمەتیدەرە بەڵکوو بە چەندین ڕێگای تر سوود دەگەیەنێت.

سوودەکانی خواردنی نانی بەیانی

کاربۆهیدرات و پڕۆتینەکان

ئەو کاربۆهیدراتەی لە خواردنی بەیانیاندا هەیە، وزە بە جەستە دەدات و مێشکیش ئەو سوتەمەنییەی لە ڕۆژێکدا پێویستی پێیەتی دەستی دەکەوێت. پڕۆتینەکان وزەیەکی زۆرت پێ دەدەن و یارمەتیت دەدەن تاکوو ژەمی دواتر هەست بە تێری بکەیت. دەکرێت ژەمی بەیانیان خواردنێکی سادە بێت وەک:

  • نان بۆ دەستکەوتنی کاربۆهیدرات
  • شیری کەم چەور، ماست و پەنیر بۆ دەستەکەوتنی پڕۆتین.
  • میوەی تازە و سەوزەوات بۆ دەستکەوتنی کاربۆهیدرات.
  • گوێز بۆ دەستکەوتنی پڕۆتین

کێشێکی تەندروست

کاتێک ژەمی بەیانیان ناخۆیت، هەست بە برسێتی دەکەیت و ئەمەش وادەکات خواردنی زیاتر بخۆیت، زۆر کاتیش ئەو خواردنانەی دەیان خۆیت خواردنی ناتەندروستن بەم شێوەیەش کێشت زیاد دەکات.

کۆنتڕۆڵکردنی شەکری خوێن

خواردنی نانی بەیانی وا دەکات ڕێژەی شەکری خوێنەکەت بە درێژایی ڕۆژەکە بە جێگیری بمێنێتەوە، ئەگەر نەخۆشیی شەکرەت هەبێت یان نا. بۆ ئەو کەسانەی ڕێژەی شەکری خوێنیان ئاساییە خواردنی نانی بەیانی یارمەتییان دەدات لەشیان دژی ئەنسۆلین بەرگری دروست نەکات، کە بەرگری بۆ ئەنسۆلین بۆ تووشبوون بە نەخۆشیی شەکرە هۆکارێکە. دابەزین و بەرزبوونەوەی شەکری خوێن دەبێتە هۆی توڕەبوون و شڵەژان. دابەزینی شەکری خوێن بە هەمان شێوەی بەرزبوونەوەی مەترسی خۆی هەیە و دەبێتە هۆی هەستکردن بە بێتاقەتی، نیگەرانی و لەرزینی جەستە. لە حاڵەتە توندەکانە دەبێتە هۆی ناڕێکی لێدانی دڵ و بوورانەوە.

بۆ تەندروستی دڵ باشە

توێژینەوەیەک لە ساڵی ٢٠١٧ لە ئەمریکا دەربارەی خواردنی نانی بەیانی ئەنجام دراوە، دەرکەوتووە ئەو کەسانەی نانی بەیانی ناخۆن زیاتر ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشیی دڵیان هەیە. بچووکبوونەوە و ڕەقبوونی لوولە خوێنەکان زیاتر تیایاندا ڕوودەدات، کە ئەمەش دەبێتە هۆی دروستبوونی جەڵتەی مێشک یان جەڵتەی دڵ.  کێشیان زیاترە، ڕێژەی پەستانی خوێن و کۆلیستڕۆڵیان زیاترە.

بۆ توانای بیرکەوتنەوە باشە

نانی بەیانی توانای بیرکەوتنەوەی شتەکان زیاد دەکات. ئەمەش دەکرێت بەهۆی ئەو بڕە شەکرە جێگیرەوە بێت کە لە خواردنی نانی بەیانیدا دەست دەکەوێت.

ڕێگری لە هەڵوەرینی قژ دەکەن

نانی بەیانی ماددە خۆراکییە پێویستەکان بە جەستە دەدات، ئەمەش دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی فشاری دەروونی. لە دوای نەخواردنی خواردن بۆ ماوەیەکی زۆر نانی بەیانی پڕۆتینی پێویست بۆ جەستە دابین دەکات و یارمەتی گەشەکردنی تەندروستی قژ دەدات.

یارمەتی نەهێشتنی سەرئێشە و شەقیقە دەدات

نەخواردنی نانی بەیانی ڕەنگە ببێتە هۆی ئازاری سەر و سەرئێشە، ئەمەش بەهۆی ئەوەی کاتێک نانی بەیانی ناخورێت لەش بڕی پێویست لە شەکری پێ ناگات ئەمەش دەبێتە هۆی دابەزینی شەکر و دروستبوونی ئازاری سەر.

دەبێتە هۆی بەهێزکردنی ماسولکەکان

نانێکی بەیانی تەندروست ئەو خۆراکەماددانەی کە بۆ بنیادنانی ئێسەکەکان پێویستە دابین دەکات. یەکێک لەوانە شیرە کە خواردنێکی باوی ژەمی بەیانییانە کالسیۆم، ڤیتامین D و پڕۆتینەکانی تێدایە ئەو کەسانەی لە خواردنی بەیانیاندا شیر دەخۆنەوە حەوت هێندەی ئەو کەسانەی لە بەیانیاندا شیر ناخۆنەوە کالسیۆمیان دەست دەکەوێت.

توانای هەرسکردنی خۆراک زیاد دەکات

لەو خواردنانەی لە ژەمی بەیانیاندا هەیە، بڕێکی باش فایبەر بەدەست دەهێنرێت. هەندێک لە توێژینەوەکان باس لەوە دەکەن، کە فایبەر مەترسی تووشبوون بە شێرپەنجەی کۆڵۆن کەم دەکاتەوە. هەندێک بەکتریای سوود بەخش کە یارمەتی هەرسکردنی خۆراک دەدەن لە ماست و دانەوێڵەدا دەدۆزرێتەوە.


سەرچاوەکان



155 بینین