کاریگەری ڕەنگی ژووری خەوتن لەسەر خەو

له‌لایه‌ن: - ئیلهام ئەنوەر ئیلهام ئەنوەر - به‌روار: 2022-05-17-23:40:00 - کۆدی بابەت: 8687
کاریگەری ڕەنگی ژووری خەوتن لەسەر خەو

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

یەکێک لە گرنگترین بەشەکانی دیزاینی ژووری خەوتن بریتییە لە دیاریکردنی ڕەنگەکەی، لە ڕووی دەروونییەوە ڕەنگەکان ئامڕازی پەیوەندی بەهێزن و کاریگەری گرنگیان لەسەر هەڵسوکەوت و هەستەکانمان هەیە، ڕەنگەکان دەتوانن ژووری خەوتن بکەنە شوێنێکی ئارام بۆ پشوودان و باشترکردنی خەو، ڕەنگی ژووری خەوتنەکە و هەڵبژاردنی پێکهاتەیەکی ڕەنگی دروست ڕۆڵێکی گەورە دەبینێت لە هێنانەدی ئارامی مێشکت لە کاتی خەوتن.

ڕەنگە گەرم و ساردەکان

بە شێوەیەکی گشتی ڕەنگەکان دابەش دەبن بەسەر سێ کۆمەڵەدا، ڕەنگی گەرم، سارد و بێلایەن ڕەنگە گەرمەکان وەکوو سوور و پرتەقاڵی و زەرد کە بە گشتی ڕەنگەکانی سەرنجڕاکێشن، شین، سەوز و مۆر ڕەنگی ساردن و ئارام بەخشن، ڕەنگەکانی قاوەیی، شیری، خۆڵەمێشی، ڕەش و سپیش بە ڕەنگی بێلایەن دادەنرێن.
ڕەنگەکان کاریگەری جیاوازیان لەسەر هەر کەسێک هەیە و ناتوانرێت بڕیاری گشتی لەسەر هەمووان بدرێت، بەڵام لە زۆربەی حاڵەتەکاندا ئەم هەستانە هاوبەشن، بۆ نموونە ڕەنگە گەرمەکان کە سەرنج ڕاکێش و وزەبەخشن لەوانەیە ببنە هۆی تووڕەیی لە هەندێک کەسدا، ڕەنگە ساردەکانی وەکوو شین، مۆر و سەوز کە بەگشتی هەستی ئارامی دروست دەکەن، لە هەندێک حاڵەتدا دەبنە هۆی دڵتەنگی.

ڕەنگی شین و ئارامی دەروونی

شین یەکێکە لە ئارامکەرەوەترین ڕەنگەکانی دیزاینی ناو ماڵ و تەنانەت دەتوانێت لە ڕووی دەروونییەوە باشترین ڕەنگی ژووری خەوتن بێت، شین تۆنی جیاوازی هەیە، بەڵام شینی کاڵ پێشنیار کراوە.
شین لە چەند ڕووەوە باشترین ڕەنگە بۆ ژووری نوستنەکەت یان ڕەنگی کانتۆری ژوورەکەت، بە پێی دەروونناسی ڕەنگەکان، تۆنە جیاوازەکانی ڕەنگی شین هەستی ئارامی و هێمنیت زیاد دەکەن و کوالێتی خەوەکەت بۆ بەرزترین پلە بەرز دەکەنەوە، خەوی ناخۆشی شەوانە دەهێننە نزمترین ئاست، بەپێی ئامارەکان، تێکڕای کاتی خەوتن لە ژوورێکی شیندا حەوت کاتژمێر و ٥٢ خولەکە.

ڕەنگی سەوز بۆ دروستکردنی کەشێکی ئارام

سەوز ڕەنگێکی ئارامکەرەوەی ترە کە زۆر دەبینرێت لە دیزاینی ژووری خەودا، دەتوانیت هەموو جۆرە ڕەنگێکی سەوز بەکاربهێنیت بۆ دیوارەکانی ژووری خەوەکەت
جۆرە جیاوازەکانی ڕەنگی سەوز بۆ ژووری خەوتن چۆنییەتی و چەندێتی خەوەکە باشتر دەکەن، سەوزی زەیتونی و سەوزی گیایی باشترین بژاردەن لە نێوان تۆنە جیاوازەکانی ڕەنگی سەوز بۆ ژووری خەوتن، بەتایبەتی بۆ ئەوانەی کە سەوزیان لا پەسەندترە لە شین، بەپێی ئامارەکان تێکڕای کاتی خەوتن لە ژوورێکی سەوزدا حەوت کاتژمێر و ٣٦ خولەکە.

پرتەقاڵی، ڕەنگێک بۆ خەوێکی ئارام

پرتەقاڵی یەکێک لە باشترین هەڵبژاردنەکانە بۆ ڕەنگی ژووری خەوی گەورەساڵان، ڕەنگی ژووری کچان و تەنانەت کوڕان و ژووری هەرزەکار، جگە لەوەش پرتەقاڵی یارمەتی باشتر هەرسکردن، باشترکردنی کارکردنی گەدە و ئارامکردنەوەی ئازاری گەدە دەدات، بەم شێوەیەش خەوێکی ئاسوودە دابین دەکات.

سپی وزە بەخش

سپی بۆ ژووری خەوتن زۆر باشە و دەتوانێت بەیانیان وزەی تازەت پێبدات و کەشێکی ئارام بۆ خەو لە شەودا دروست بکات، دەتوانیت جوانکاری بۆ ژوورەکە لەگەڵ ڕەنگی سپیدا بەکاربهێنیت، ڕەنگ و نەخشی جۆراوجۆر بۆ ژوورەکە زیاد بکەیت.

زیوی ڕەنگێکی خەو هێنەر

ئەگەر بەدوای ڕەنگێکی جوان و  شیک دەگەڕێیت بۆ ژووری خەوەکەت یان تەنانەت ڕەنگی دەرگای ژوورەکەت، بیر لە بژاردەی زیوی بکەرەوە، ڕەنگی زیوی وادەکات خێراتر بخەویت، بۆیە بژاردەیەکی باشە بۆ ئەو کەسانەی کە بە زەحمەت خەوەکەیان قووڵ دەبێت و لە جێگادا زۆر دەتلێنەوە.

خراپترین ڕەنگ بۆ ژووری خەوتن

ڕەنگی مۆر، ڕەنگی کابوسی شەوانە: ڕەنگی مۆر دەبێتە هۆی کەم خەوتن، ئەم ڕەنگە خراپترین ڕەنگە بۆ بەکارهێنان لە ژووری نووستندا، کە توانای خەیاڵکردن بەهێز دەکات، ئەمەش داهێنان بەرز دەکاتەوە و دەبێتە هۆی مۆتەکە، مۆر ڕەنگێکی ڕەسەن و جوانە، بەڵام نەک بۆ ژووری خەوتن.

سوور پەستانی خوێن بەرز دەکاتەوە: لە کۆتاییدا سووریش بۆ ژووری خەوتن پێشنیار ناکرێت ڕەنگی سوور ڕەنگێکی زیندوو و وزەبەخشە کە پەستانی خوێن بەرز دەکاتەوە و خەوەکە تووشی کێشە دەکات، سوور نیشانەی مەترسییە و لە ئەنجامدا کەشێکی ئارام بۆ ژووری خەو دروست ناکات، وروژاندن و پەستانی خوێن بەرز دەکاتەوە، بۆیە ڕێگەت پێنادات بە ئارامی بخەویت، ژووری خەو شوێنێکە بۆ پشوودان و نوێبوونەوە، بەڵام سوور وزەت پێدەبەخشێت، بۆیە ناخود ئاگا ناتوانیت بە ئاسوودەیی بخەویت.


سەرچاوەکان



591 بینین