پشکنینی سێ مانگی شەکرە

له‌لایه‌ن: - سازان عەدنان سازان عەدنان - به‌روار: 2022-05-18-19:10:00 - کۆدی بابەت: 8691
پشکنینی سێ مانگی شەکرە

ناوه‌ڕۆك

پشکنینی سێ مانگیی شەکرە چییە؟

پشکنینی سێ مانگی شەکرە (بە ئینگلیزی: Hemoglobin  HbA1c test) پشکنینێکی تایبەت بە نەخۆشی شەکرەیە کە بڕی ئەو شەکری خوێنەی بەستراوە بە هیمۆگڵۆبینەوە دەپێوێت. هیمۆگڵۆبین پڕۆتینێکە لە خڕۆکە سوورەکانی لەشدا کە ئۆکسجین لە سییەکانەوە هەڵدەگرێت و بۆ بەشەکانی تری لەش دەیگوازێتەوە، پشکنینی شەکرەی سێ مانگی تێکڕای بڕی ئەو شەکرەی بە هیمۆگڵۆبینەوە بەستراوە لەدوای سێ مانگ نیشان دەدات. ئەم پشکنینە دوای سێ مانگ ئەنجام دەدرێت کە تێکڕای ماوەی ژیانی خڕۆکە سوورەکانی خوێنە. ئەگەر ئاستی شەکرەی سێ مانگی بەرزبوو، دەکرێت نیشانەی نەخۆشی شەکرە بێت کە نەخۆشییەکی درێژخایەنە و دەبێتە هۆی چەندین کێشەی تەندروستی تر وەکوو نەخۆشییەکانی دڵ، گورچیلە، هەروەها زیان گەیاندن بە دەمارەکان.

ناوەکانی تری ئەم پشکنینە

A1c, glycohemoglobin, glycated hemoglobin, and glycosylated hemoglobin.

ئەم پشکنینە بۆچی مەبەستێک ئەنجام دەدرێت؟

پشکنینی شەکرەی سێ مانگی بۆ چاودێریکردنی شەکرە لە کەسانی پێگەیشتوو لەماوەی پێش تووشبوون بە شەکرە ئەنجامدەدرێت. 
لەو کەسانەی تووشبوی نەخۆشی شەکرەن ئەم پشکنینە بۆ چاودێریکردنی ئاستی شەکری خوێنی کەسی توشبوو بەکاردەهێنرێت.

بۆچی پێویستە ئەم پشکنینە ئەنجام بدەین؟

ناوەندەکانی تایبەت بە چاودێریکردنی نەخۆشییەکان پێشنیاردەکەن کە کەسانی پێگەیشتووی سەروو تەمەنی ٤٥ ساڵ ئەم پشکنینە ئەنجام بدەن بۆ چاودێریکردنی شەکرە و مەترسی تووشبوونیان بە شەکرە. ئەگەر ئەنجامی پشکنینەکە ئاسایی بوو، پێویستە سێ ساڵ جارێک پشکنین ئەنجام بدرێتەوە. ئەگەر ئەنجامی پشکنینەکە مەترسی تووشبوون بە نەخۆشی شەکرەی نیشاندا، پێویستە ساڵی جارێک یاخود دوو ساڵ جارێک پشکنین ئەنجام بدرێتەوە.

کێن ئەو کەسانەی پێویستە ئەم پشکنینە ئەنجام بدەن؟

  • ئەو کەسانەی تەمەنیان لەسەروو ٤٥ ساڵەوەیە.
  • ئەو کەسانەی کێشیان زۆرە.
  • ئەو کەسانەی بەرزە پەستانی خوێنیان هەیە.
  • ئەو کەسانەی لە خێزانەکەیاندا تووشبووی نەخۆشییەکانی دڵ هەیە. 

چۆن پشکنینی شەکرەی سێ مانگی ئەنجام دەدرێت؟

ئەم پشکنینە لە تاقیگە شیکارییەکانی تایبەت بە خوێن ئەنجام دەدرێت کە نموونەیەکی خوێن لە پەنجە یاخود قۆڵی کەسەکە وەردەگیرێت و  شیکاری لەسەر ئەنجام دەدرێت.
لەم پشکنینەدا پێویست ناکات کەسەکە خۆی برسی بکات و نان نەخوات. 

ئەنجامی پشکنینەکە چیمان پێدەڵێت؟

  • ئەگەر ڕێژەکە لەخوار ٥.٧٪‏ بوو ئەوا ئاساییە.
  • ئەگەر لەنێوان٥.٧٪ ‏- ٦.٤٪‏ بوو ئەوا کەسەکە مەترسی توشبوونی بە شەکرە هەیە.
  • ئەگەر ڕێژەکە ٦.٥٪‏ و زیاتر بوو ئەوا کەسەکە تووشی شەکرە بووە.

ئەم پشکنینە چی کاتێک ئەنجام نادرێت؟

پشکنینی شەکرەی سێ مانگی بۆ شەکرەی ماوەی دووگیانی ئەنجام نادرێت لەبەرئەوەی ئەنجامێکی ورد و دڵنیاکەرەوەی نییە. 
شەکرەی ماوەی دووگیانی یەکێکە لە جۆرەکانی شەکرە کە ئاستی شەکری خوێن لەماوەی دووگیانیدا بەرزدەبێتەوە و بەشێوەیەکی گشتی لەدوای لەدایکبوونی کۆرپەلە نامێنێت. 
ئەو کەسانەی کێشەی کەمی خوێنیان هەیە یاخود هەر نەخۆشییەکی خوێنیان هەیە ئەم پشکنینەیان بۆ ئەنجام نادرێت چونکە ئەنجامەکەی ورد و ڕاست نابێت.

ئەو هۆکارانەی دەبنە هۆی بەرزبوونەوەی ئاستی شەکرەی سێ مانگی

ئەو هۆکارانەی دەبنە هۆی نزمبوونەوەی ئاستی شەکرەی سێ مانگی

  • نەخۆشییە درێژخایەنەکانی جگەر
  • دووگیانی


سەرچاوەکان



3067 بینین