هۆکارەکانی ئالوودەبوون بە خۆشەویستی

له‌لایه‌ن: - زیلان ئازاد زیلان ئازاد - به‌روار: 2022-06-26-16:21:00 - کۆدی بابەت: 9176
هۆکارەکانی ئالوودەبوون بە خۆشەویستی

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

پێویستە لێکۆڵینەوەی زۆر زیاتر بکرێت بۆ تێگەیشتن لە ئالوودەبوون بە خۆشەویستی و بە ئاسانی دەستنیشانکردنی ئەو شتانەی کە هۆکارن بۆ دروستکردنی دۆخەکە، بەڵام لە هەمان کاتدا لێکۆڵینەوەکان چەند هۆکارێکیان دەستنیشانکردووە وەک زەبری دەروونی و هۆکارە بۆماوەییەکان، کە دەبنە هۆی پەرەسەندنی ئالوودەبوون بە خۆشەویستی، هەروەها توێژینەوەکان پەیوەندییەکە بە شێوەیەک پێناسە دەکەن کە هاوشێوەی ئەو ئالوودەبوونەیە کە کەسێک ئالوودەی ماددە بێهۆشکەرەکانی وەک کۆکایین یان خواردنەوە کحولییەکان دەبێت، چونکە هەمان کاریگەری دەکەنە سەر کەسەکان. لێکۆڵەرەوەکان بۆ پشتڕاستکردنەوەی بەڵگەکانیان تاقیکردنەوەیەکیان ئەنجامدا لە نێوان ئەو کەسانە کە لە خۆشەویستیدان لەگەڵ ئەو کەسانەی کە ئالوودەی یەکێک لە ماددە هۆشبەرەکانن، بۆیان دەرکەوت بەشداربووانی هەردوو گرووپەکە هەمان هەستی پشتبەستن بە سۆزداری، خوو پێوەگرتن، ناچاری، گۆڕانی باری دەروونی و نەبوونی توانای خۆ کۆنتڕۆڵکردنیان هەیە، بۆیە کاتێک کە دەکەویتە داوی خۆشەویستییەوە، مێشک هەندێک لەو ماددە کیمیاییانە دەردەکات کە وات لێدەکات هەست بە باشی بکەیت وەک (دۆپامین)، هەروەها هەمان ئەم هەستە لەو کەسانەشدا ڕوودەدات کە ئالوودەی ماددەیەکی هۆشبەربوون.

هەندێکی تر لە هۆکارە باوەکانی ئالوودەبوون بە خۆشەویستییەوە 

١- هەستکردن بەوەی کە لە ڕابردوودا جێهێڵدراویت و گرنگیت پێ نەدراوە لەلایەن هیچ کەسێکەوە.
٢- کەمیی متمانە بەخۆبوون.
٣- تێپەڕاندنی بارودۆخێکی سۆزداری زۆر سەخت لە ڕابردوودا.
٤- دەستدرێژی سێکسی.
٥- تێپەڕاندنی بارودۆخێکی دەروونی زۆر سەخت.
٦- مانەوە لەناو زەبرە دەروونییەکانی تەمەنی منداڵیدا.

چەند ڕێنماییەک بۆ تێپەڕاندنی ئەو بارودۆخە

١- فێربە بە تەنیا بژیت

ئەگەر لە کاتی چارەسەرکردنی ئەم بارودۆخەدا هیچ کەسێک نەبوو کە یارمەتیت بدات، ئەوا دەبێت ئەو دەرفەتە بەکاربهێنیت تاکوو هەندێک کات بە تەنیا بەسەربەریت و لەم کاتەدا بگەڕێ بە شوێن هەموو ئەو هۆکار و هاندانانەی کە وات لێدەکەن ئالوودەی خۆشەویستی ببیت، پاشان هەوڵی چارەسەرکردنیان بدە پێش ئەوەی بڕۆیتە ناو پەیوەندییەکی نوێ.

٢- ئاگاداری دووبارە بوونەوەی ئەو بارودۆخە بە

کاتێک کەسێک ئالوودە دەبێت بە خۆشەویستییەوە ئەوا ئارەزوو دەکات هەمان ئەو ڕەفتار و هەڵسوکەوتانەی کە پێشتر کردوویەتی لەگەڵ کەسە نوێیەکەی ژیانیدا دووبارە تاقیبکاتەوە، بۆیە دەبێت ئاگاداری دووبارە نەبوونەوەی هەمان پەیوەندی و بارودۆخ بیت، دەتوانیت پێداچوونەوەیەک بە پەیوەندییە کۆنەکەتدا بکەیت و ئەو هەڵانەی کە ئەنجامتداوە دیارییان بکەیت تاکوو بیانناسیتەوە و دووبارە ئەنجامیان نەدەیتەوە.

٣- کاتی پێویست وەربگرە

کات بدە بە خۆت تاکوو بە باشترین ڕێگا بارودۆخت ئاسایی دەبێتەوە پاشان دەستبکە بە خۆشویستنی خۆت، چونکە کاتێک مرۆڤ تووشی بارودۆخی ئالوودەبوون بە خۆشەویستی دەبێت ئەم بارودۆخە وایلێدەکات کە خۆی پشتگوێ بخات و هیچ گرنگییەک بە خۆی و پێویستییەکانی نەدات. 

٤- پشتبەستن بە خێزان و هاوڕێکانت

ئەم بارودخە سەختەت بۆ ئەو کەسانە باس بکە کە بەڕاستی خۆشیان دەوێیت و گرنگیت پێدەدەن و هەوڵێکی زۆر دەدەن لە چارەسەرکردنی کێشەکەت، یەکێک لە دڵنەواییترین ڕاستیەکانی ژیان ئەوەیە کە بزانیت لە هەر بارودۆخێکدا بیت تۆ تەنیا نیت و کەسانێک هەن هاوبەشی خەمەکانت دەکەن و یارمەتیت دەدەن تاکوو کێشەکەت بۆ چارەسەر دەکەن.

جیاوازی نێوان خۆشەویستی و ئالوودەبوون بە خۆشەویستی

خەسڵەتەکانی ئالوودەبوون بە کەسێکی تر بریتین لە:

١- هەمیشە هەوڵی دڵخۆشکردنی خۆشەویستەکەت دەدەیت زۆر زیاتر لەوەی کە گرنگی بە خۆت بدەیت، تاکوو دەگەیتە خاڵێک کە ئیتر هیچ شتێک نییە تاکوو بۆ خۆتی بکەیت.
٢- هەمیشە پاش شەڕەکان تۆ هەوڵی ئاشتکردنەوەی خۆشەویستەکەت دەدەیت، بەلاتەوە گرنگ نییە کە چەندێک ئازاری داویت، شەڕەکان زۆرکات ناپاکی و درۆکردن و شێوازەکانی تری فێڵکردن لەخۆ دەگرێت، بەڵام تۆ هەمیشە خۆشەویستەکەت دەبەخشیت و قبوڵی دەکەیتەوە.
٣- هەمیشە تۆ دەترسیت کە ئەو لەدەست بدەیت لە کاتێکدا بە درێژایی هەموو ئەو ماوەیەی کە بەیەکەوەن هەست بە تەنیایی دەکەیت.
٤- خۆشەویستەکەت هەمیشە هەموو سنوورەکانی تۆ دەبەزێنێت و بەشێوەیەکی ئاشکرا سووکایەتیت پێدەکات یان هەڕەشە لە ژیانت دەکات یان بە گەمژە و وشەی ناشرین بانگت دەکات.
٥- هەمیشە تۆ هەوڵی رزگارکردنی ئەو دەدەیت لەو بارودۆخە ناخۆشەی کە تێیدایە سەرەڕای ئەوەی ئەو هەمیشە دەستدرێژی دەکاتە سەر مافەکانت.

تایبەتمەندییەکانی کەوتنە داوی خۆشەویستی

١- هیچ ترسێکت لەوە نییە کە کەسی بەرامبەر ئازاری جەستەییت بدات یان دەسدرێژی بکاتە سەر مافەکانت یان سنوورەکانت ببەزێنێت و توندوتیژیت بەرامبەر بکات.
٢- دەزانیت کە دەتوانیت متمانە بە خۆشەویستەکەت بکەیت کە ئەو هەمیشە باشترین کارەکان ئەنجام دەدات.
٣- کاتێک تووشی دەمەقاڵێیەک دەبن، بە ڕێزەوە هاوبەشی خەمی یەکتر دەکەن و گوێ لە یەکتر دەگرن.
٤- لە خۆشەویستەکەت دەبووریت لەبەر ئەوەی تۆ خۆت دەتەوێت ئەوە بکەیت نەک تۆ دەبێت ئەوە بکەیت.
٥- هەمیشە پشتیوانی یەکتر دەکەن و ئەم پشتیوانییە بە هۆکاری سەرکەوتن و بەهێزبوونی یەکتر دەبینن.


سەرچاوەکان



855 بینین