ڤیلان

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2022-06-29-19:19:00 - کۆدی بابەت: 9225
ڤیلان

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

ڤیلان یان (بە ئینگلیزی: VLAN) وشەی VLAN کە کورتکراوەی (virtual local area network)ـە، تۆڕێکی تایبەتە کە لە یەک یان زیاتر لە لانێک دروست دەکرێت، ڕێگە بە کۆمەڵێک ئامێری ناو یەک سویچ دەدات جیابکرێنەوە و دەستەبەندی بکرێن بۆ چەند نێتۆرکێکی لۆجیکی. زۆرینەی کات دەوترێت نێتۆرکێکی مەجازی و لۆجیکییە، چونکە لەنێو سویچێکدا هەڵدەستێت بە جیاکردنەوەی کۆمەڵێک ئامێر بەو شێوەیەی کە پێویستە، بەهۆیەوە بەشێوەیەکی ئاسایی پەیوەندی لەگەڵ ئامێرەکانی تری هەمان سویچ دەپچڕێنێت.

بەبێ ڤیلان پەخشێک کە لە هۆستێکەوە دەنێردرێت بۆ هەمووان (broadcast) دەتوانێت بە ئاسانی بگاتە هەموو ئامێرەکانی سویچەکە. هەموو ئامێرێک ئەو پەخشە گشتییە پڕۆسێس دەکات و بەمەش CPU فشاری دەکەوێتە سەر، نێتۆرکەکە خاو دەبێتەوە و ئاسایشی گشتیی تۆڕەکە کەم دەبێتەوە. لە حاڵەتێکدا ئەگەر ئینتەرفەیسەکان لەسەر هەردوو سویچەکە دابنێیت بۆ ڤیلانی جیاواز، پەخشێک لە هۆستی A دەتوانێت تەنیا بەو ئامێرانەی کە لە ناو هەمان ڤیلاندا بەردەستن بگات. 

ڤیلان لە نێتۆرکدا، درێژکراوەیەکی لانە، لانیش (LAN) بریتییە لە کۆمەڵێک ئامێری کۆمپیوتەر و ئامێرە لاوەکییەکان کە لە ناوچەیەکی سنوورداردا بەیەکەوە بەستراونەتەوە، وەک قوتابخانە و تاقیگە و ماڵ و ئۆفیسی سادە. تۆڕێکی بەسوودە بۆ هاوبەشکردنی سەرچاوەکانی وەک فایل و پرینتەر و یاری و بەرنامەکانی تر.

چۆنێتی کارکردنی ڤیلان

ڤیلان لە تۆڕەکاندا بە ژمارەیەک دەناسرێتەوە، وەک: (VLAN 10). مەودای ڕەوا بریتییە لە 1-4094. لە سویچی ڤیلاندا، ئینتەرفەیسەکان بەپێی داواکاری و پێویستی بەسەر ڤیلانەکاندا دابەش دەکەیت. پاشان سویچەکە ڕێگە بە داتاکان دەدات تەنیا بەو ڤیلانە بگەن کە دەیناسن و دەتوانن پەیوەندییان لەگەڵیدا هەبێت. بەو پێیەی نزیکەی هەموو تۆڕەکان گەورەترن لە یەک سویچ، پێویستە ڕێگەیەک هەبێت بۆ ناردنی ترافیک لە نێوان دوو سویچدا. یەکێک لە ڕێگا سادە و ئاسانەکان بۆ ئەنجامدانی ئەم کارە ئەوەیە کە دەروازەیەک لەسەر هەر سویچی تۆڕێک بە ڤیلان دابنێیت و کەیبڵێک لە نێوانیاندا دابنێیت.

بابەت: چۆنیەتی دروستکردنی ڤیلانەکان

مەودای ڤیلانەکان (VLAN Ranges)

مەودا وردەکاری
VLAN 0-4095 ڤیلانی تەرخانکراو، کە ناتوانرێت ببینرێت و بەکاری بهێنرێت.
VLAN 1 ڤیلانـی پێشوەختە (Default)ـی سویچەکانە. ناتوانیت ئەم ڤیلانە بسڕیتەوە یان دەستکاری بکەیت، بەڵام دەتوانرێت بەکاربهێنرێت.
VLAN 2-1001 مەودای ڤیلانی ئاساییە. دەتوانیت دروستی بکەیت و دەستکاری بکەیت و بیسڕیتەوە.
VLAN 1002-1005 ئەم مەودایانە پێشوەختەی سیسکۆن بۆ Token Ring و FDDI. ناتوانیت ئەم ڤیلانە بسڕیتەوە.
VLAN 1006-4094 مەودایەکی درێژکراوەی ڤیلانە.

نموونەی ڤیلان

لەم نموونەیەی خوارەوەدا ٦ هۆست لەسەر ٦ سویچ هەیە کە ڤیلانی جیاوازیان هەیە. بۆ بەستنەوەی سویچەکان بەیەکەوە پێویستت بە ٦ ئینتەرفەیس هەیە. واتە، ئەگەر ٢٤ ڤیلانی جۆراوجۆرت هەبێت، تەنها ٢٤ هۆستت دەبێت لەسەر ٤٥ پۆرتی سویچ.

تایبەتمەندیەکانی ڤیلان

  • ڤیلان پێکهاتەیەک پێشکەش دەکات بۆ دروستکردنی کۆمەڵێک ئامێر، تەنانەت ئەگەر تۆڕەکانیان جیاواز بن.
  • ژمارەی دۆمەینەکانی پەخش (BroadCast) زیاد دەکات کە لە لاندا دەتوانرێت پەخش بکرێت.
  • جێبەجێکردنی ڤیلان مەترسییەکانی ئاسایش کەمدەکاتەوە لەگەڵ کەمبوونەوەی ژمارەی ئەو هۆستانەی کە هەمان برۆدکاست دۆمەینیان هەیە.
  • مۆدێلێکی ئاسانە کە لەجێی ئەوەی شوێنی ئامێرەکان جیابکەیتەوە، تەنیا بەشێوەیەکی نەبینراو جیایان دەکەیتەوە (نموونە: دەکرێت لە قوتابخانەیەک کۆمپیوتەری تەواوی مامۆستاکان لەسەر یەک ڤیلان بن و لە چەندین ژووری جیاواز بن).
  • گۆڕینی هۆست/بەکارهێنەران لەسەر ڤیلان تاڕادەیەک ئاسانە. تەنها پێویستی بە ڕێکخستنێکی نوێی ئاستی پۆرت هەیە.
  • دەتوانێت قەرەباڵغی کەم بکاتەوە بە هاوبەشکردنی ترافیک، چونکە ڤیلان بە تەنیا وەک لانێکی تایبەت کار دەکات.
  • دەتوانرێت لە هەر پۆرتێکدا بە هێزی گواستنەوەی تەواو کار بکات. 
  • ڤیلان دەتوانێت چەندین سویچ بگرێتەوە و لە چەندین سویچدا کار بکات پێکەوە.
  • لینکی ترەنک (Trunk) دەتوانێت ترافیکی چەندین جۆر ڤیلانی جیاواز بگوازێتەوە. 

سوودەکانی ڤیلان

  • کێشەی پەخش (BroadCast) چارەسەر دەکات، چونکە قەبارەی دۆمەینەکانی پەخش کەم دەکاتەوە.
  • ڤیلان ڕێگەت پێدەدات چینێکی زیادەی ئاسایش زیاد بکەیت.
  • دەتوانێت بەڕێوەبردنی ئامێرەکان سادە و ئاسانتر بکات.
  • دەتوانیت گرووپێک لە ئامێرەکان بەپێی ئەرکەکان جیابکەیتەوە، نەک بەپێی شوێن.
  • ڕێگەت پێدەدات کۆمەڵێک ئامێر دروست بکەیت کە بە شێوەیەکی لۆجیکی بەیەکەوە بەستراونەتەوە، وەک ئەوەی لە تۆڕی خۆیاندا ڕەفتار بکەن و سەربەخۆ بن. دەتوانیت بە شێوەیەکی لۆجیکی تۆڕەکان بەپێی بەشەکان، تیمەکانی پڕۆژە، یان ئەرکەکان دابەش بکەیت.
  • ڤیلان یارمەتیت دەدات بۆ داڕشتنی جوگرافی تۆڕەکەت بۆ پشتگیریکردنی کۆمپانیا گەشەسەندووەکان.
  • کارایی بەرزتر و کەمکردنەوەی خاوبوونەوە.
  • بەکارهێنەران دەتوانن کار لەسەر زانیارییە هەستیارەکان بکەن و لەلایەن بەکارهێنەرانی ترەوە نابینرێت.
  • ڤیلان پێویستیی بە سویچی تر و ئامێری تر کەم دەکاتەوە. پێویستت بە هاردوێر و کەیبڵی زیادە نییە، ئەمەش یارمەتیت دەدات بۆ ڕێگری لە تێچووی زۆر.

زیانەکان

  • پاکێتێک دەتوانێت لە ڤیلانێکەوە دزە بکاتە ڤیلانێکی تر.
  • هەڕەشەیەک لە سیستمێکدا، لەوانەیە ڤایرۆسێک بەناو هەموو تۆڕە لۆجیکییەکەدا بڵاوبکاتەوە.
  • پێویستت بە ڕاوتەرێکی زیادە هەیە بۆ کۆنترۆڵکردنی ڤیلانەکان لە تۆڕە گەورەکاندا.
  • لەکاتی کارکردنیان پێکەوە بەردەوام ڕووبەڕووی کێشە دەبیتەوە.

کەی بەکاردێت؟

  • ڤیلان کاتێک بەکاردێت کە زیاد لە 200 ئامێرت لەسەر لانێک هەبێت.
  • یارمەتیدەرە کاتێک ترافیکی زۆرت لەسەر لانەکە هەیە.
  • ڤیلان کاتێک گونجاوە کە کۆمەڵێک بەکارهێنەر پێویستیان بە ئاسایشی زیاتر بێت یان بەهۆی زۆریی پەخشەکانەوە خاو ببنەوە.
  • بۆ ئەوەی بەکارهێنەران لە یەک دۆمەینی پەخشدا نەبن.
  • پێویستت بەوە بێت یەک سویچ بکەیت بە چەند سویچێک. 


سەرچاوەکان



1205 بینین