پشکنینی هۆڕمۆنی پڕۆلاکتین

له‌لایه‌ن: - لەنیا بەختیار لەنیا بەختیار - به‌روار: 2022-07-15-21:30:00 - کۆدی بابەت: 9416
پشکنینی هۆڕمۆنی پڕۆلاکتین

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

پشکنینی هۆڕمۆنی پڕۆلاکتین یان هۆڕمۆنی شیر (بە ئینگلیزی: prolactin test) پشکنینێکە ڕێژەی هۆڕمۆنی پڕۆلاکتین لە خوێندا دیاریدەکات. هۆڕمۆنی پڕۆلاکتین لەلایەن ژێرمێشکەڕژێنەوە  دەردەدرێت، لەماوەی دووگیانی و لەدوای لەدایکبوونی منداڵ ئاستی هۆڕمۆنی پڕۆلاکتین زیاد دەکات.  بەزۆری ئەم پشکنینە لە کاتی بوونی کێشە لە دووگیانبووندا ئەنجام دەدرێت، هەندێک کات تەنانەت لە پیاوانیشدا ڕێژەی هۆڕمۆنی پڕۆلاکتین بەرز دەبێتەوە،  ئەم حاڵەتەش نائاسایییە و پێویست بە ئەنجامدانی پشکنینی هۆڕمۆنی پڕۆلاکتین دەکات.

کەی ئەنجام دەدرێت؟

لە کاتی هەبوونی ئەم نیشانانە لە ژناندا پشکنینی هۆڕمۆنی پڕۆلاکتین ئەنجام دەدرێت:

لە کاتی هەبوونی ئەم نیشانانە لە پیاواندا پشکنینی هۆڕمۆنی پڕۆلاکتین ئەنجام دەدرێت:

  • کەمبوونەوەی ئارەزووی سێکسی
  • ئازاری مەمک یان گەورەبوونی مەمک
  • دروستبوونی شیر، کە ئەم حاڵەتە دەگمەنە

ئەم دوو نیشانەیە لە پیاوان و ئافرەتانیشدا دەردەکەوێت:

  • سەرئێشە، کە هۆکارەکەی ڕوون نییە
  • کێشەی بینین

لەماوەی وەرگرتنی چارەسەریشدا بۆ چاودێریکردنی کاردانەوەی جەستەی نەخۆش بۆ چارەسەرەکان، ئەم پشکنینە ئەنجام دەدرێت.

چۆنییەتی ئەنجامدانی پشکنینەکە

  1. سەرەتا خوێن لە قۆڵی نەخۆش وەردەگیرێت، وەرگرتنی خوێن سێ یان چوار کاتژمێر دوای لە خەو هەستان ئەنجام دەدرێت، ئاستی هۆڕمۆنی پڕۆلاکتین چوار کاتژمێر دوای لە خەو هەستان لە بەرزترین ئاستدا دەبێت.
  2. بەهۆی ئامێری سەنتەرفیوج بەشێکی خوێنەکە دەنیشێت و بەشێکی خوێنەکەش کە پێی دەگوترێت سیڕەم لە بەشی سەرەوەی تیوبەکەدا دەمێنێتەوە. بۆ پشکنینی هۆڕمۆنی پڕۆلاکتین (هۆڕمۆنی شیر) سیڕەم بەکاردەهێنرێت.
  3. بەهۆی ئامێری cobas e 411 ڕێژەی پڕۆلاکتین لە خوێندا دیاری دەکرێت.

ڕێژەی ئاسایی هۆڕمۆنی پڕۆلاکتین

  • لە پیاواندا: کەمتر لە دوو بۆ ١٨ نانۆگرام/میللیلیتر
  • لە ئافرەتانی دووگیاندا: دە بۆ ٢٠٩ نانۆگرام/میللیلیتر
  • لە ئەو ئافرەتانەی کە دووگیان نین: دوو بۆ ٢٩ نانۆگرام/میللیلیتر

بەرزی ڕێژەی هۆڕمۆنی پڕۆلاکتین

هەندێک هۆکاری بەرزی ڕێژەی هۆڕمۆنی پڕۆلاکتین:

  • لووی ژێرمێشکەڕژێن
  • کەمی ڕێژەی هۆڕمۆنی سایرۆید
  • هەندێک دەرمان بۆ چارەسەری نەخۆشیی دەروونی و چارەسەری بەرزی پەستانی خوێن بەکاردێن
  • تۆوی گیای ڕازیانە
  • برینداربوونی دیواری سنگ بەهۆی نەشتەرکاری یان بەهۆی زۆر توند بەستنی ستیان
  • فشار یان ڕاهێنانی لەڕادەبەدەر
  • هەندێک خواردنی تایبەت
  • نەخۆشیی گورچیلە

چارەسەری بەرزی ڕێژەی هۆڕمۆنی پڕۆلاکتین پەیوەندی بەو هۆکارانەوە هەیە کە بوونەتە هۆی ئەم حاڵەتە. ئەگەر هیچ هۆکارێک نەدۆزرایەوە یان هۆکارەکە لووی ژێرمێشکەڕژێن بوو، لەو کاتەدا دەرمان وەک چارەسەر بەکاردێت. کاتێک هۆکارەکە کەمی ڕێژەی هۆڕمۆنی سایرۆید بێت ئەو کاتە دەرمانی جێگرەوەی هۆڕمۆنی سایرۆید بەکاردێت کە دەبێتە هۆی ئەوەی ڕێژەی هۆڕمۆنی پڕۆلاکتین بگەڕێتەوە بۆ ئاستی ئاسایی. ئەگەر هۆکارەکەشی نەخۆشیی جگەر بێت لەگەڵ دەرمانەکانی چارەسەری نەخۆشییەکە دەرمانی دابەزاندنی هۆڕمۆنی پڕۆلاکتین بە نەخۆش دەدرێت.

کەمی هۆڕمۆنی پڕۆلاکتین

هۆکاری کەمی هۆڕمۆنی پڕۆلاکتین

  • ناچالاکی ژێرمێشکەڕژێن
  • هەندێک دەرمان کە بۆ چارەسەری توندی سەرئێشە و چارەسەری نەخۆشیی پارکینسن (نەخۆشییەکە پەیوەندی بە کۆئەندامی دەمارەوە هەیە دەبێتە هۆی لەدەستدانی هاوسەنگی لەش وجووڵە) بەکاردێن.

 بەزۆری کەمی ڕێژەی هۆڕمۆنی پڕۆلاکتین پێویستی بە چارەسەری پزیشکی نییە.

ئەو هۆکارانەی کاردەکەنە سەر ئەنجامی پشکنینەکە

هۆکارەکانی وەک فشاری دەروونی، ڕاهێنانی سەخت، ئەو خواردنانەی ڕێژەیەکی زۆر پڕۆتینیان تێدایە و بەکارهێنانی هەندێک دەرمان وەک دەرمانی ڕێگریکردن لە دووگیانی  کاریگەری لەسەر ئەنجامی پشکنینی پڕۆلاکتین دروست دەکەن.


سەرچاوەکان



1907 بینین