ستیان

له‌لایه‌ن: - مونا ڕزگار - به‌روار: 2021-12-27-21:33:00 - کۆدی بابەت: 7409
ستیان

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

ستیان (بە ئینگلیزی: brassiere) بەشێکە لە جلی ژێرەوەی خانمان کە بۆ داپۆشین و بەرزکردنەوەی مەمک و جوان پیشاندانی بەکاردێت و بەکارهێنانی لە کۆندا وەک ئێستا نەبووە و بەگشتی ئێستا هەموو خانمێک بەکاری دەهێنێت و جۆری جیاوازی هەیە بەپێی تەمەن و خواستی کەسەکە و دەکرێت زیان و سوودیشی هەبێت.

مێژوو

لەبەرکردنی جلی ژێرەوە بۆ خانمان لە ٤٥٠ ساڵ پێش زایین و تاکوو ٢٨٥ ساڵ دوای لەدایکبوونی مەسیح لە یۆناندا دروست بووە، ئامانج لە دروستکردنی ستیان لەو سەردەمەدا داپۆشینی ئەو بەشەی جەستەی ژن بووە کە تێیدا ستیانەکان لە چەرم دروست کراون و بە شێوەیەک بوو کە لە سەرەوەی ملدا دەبەسترا، دوای تێپەڕبوونی چەند سەدەیەک جلێکی ژێرەوە داهات بەناوی کۆرسیت کە لە سەدەی ناوەڕاستدا خەڵکی لەو باوەڕەدا بوون لەبەرکردنی کارێکی شەیتانییە و بۆیە دووردەکەوتنەوە لە لەبەرکردنی.

لە سەدەی ١٢ـیەمداجلەکانی ژێرەوە جیانەبوون واتە ستیان بە جیا و شۆڕت بەجیا نەبوو، بەڵکوو بەشێکی تەختەیی و ئێسکیی لە بەشی کەمەر و مەمکیاندا دانرا کە ستیان و شۆرتی بەیەکەوە دەبەست، لە سەدەی ١٣ـەیەمی زاینییدا ئەمە بەکارهات بۆ باریک دەرخستنی کەمەر و لە سەدەی ١٤ـدەهەمدا جۆرە ستیانێک دروست کرا کە لە پێشەوەی دەبەسترا.
لە سەدەی ١٥ـەیەمدا ستیانی تەسک بە ناوی (کۆتێ - Cotte) بۆ یەکەمین جار لەلایەن ژنە دەوڵەمەندەکانی فەڕەنساوە بەکارهات، کە حەزیان دەکرد کەمەریان باریکتر دەربکەوێت، بەڵام لە سەدەی ١٦ـیەمدا خەڵکی ڕوانینێکی تریان هەبوو بۆ ستیان و شێوەی سنگیان، بەجۆرێک کە قیاسی خۆیان لەبەرنەدەکرد و هەمیشە ستیانی زۆر تەسکیان بەکاردەهێنا و لە بەشی خوارەوەی ئەوەندە توندیان دەکردەوە کە ئەنجامدانی کاری ڕوژانەش قورس دەبوو بۆیان، بە جۆرێک کە لە سەدەی ١٧ـیەمدا لە فەڕەنسا (کاترین دوومیس)ـی هاوسەری پاشا (هێنری) خزمەتکارەکەی خۆی ناچارکرد جۆرە ستیانێک بپۆشێت کە کەمەرەکەی هەندێک جار دەگەیاندە ٢٥ سانتیمەتر و جگە لە کاری ڕۆژانە تەنانەت هەناسەدان و بەڕێگا ڕۆشتنیشی لەسەر قورس کردبوو.

لە سەدەی ١٨ـدا پزیشکان بۆیان دەرکەوت ئەم جۆرە ستیانەی کە پێی دەوترێت کۆرسیت زیانێکی زۆر دەدات لە کۆئەندامی هەرس و هەناسەدان و تووندییەکەی وادەکات کە سوڕی خوێن لەو ناوچانەدا چالاک نەبێت، لە کۆتاییدا لە ساڵی ١٨٩٣ (ماری تۆک) ستیانێکی دروستکرد کە پێکهاتبوو لە دوو کەپی جیا بۆ هەر مەمکێک و قەیتانی لە نێواندا بوو کە بەستبوونی بەیەکەوە و بەسەر شانەکانیشدا ڕۆشتبوو بۆ دواوە و لە دواوە دەبەسترا، لە ساڵی ١٩١٢ـدا بۆ یەکەمین جار وشەی ستیان لە فەرهەنگی ئۆکسفۆرددا بەکارهات، لە کۆتاییدا لە ساڵی ١٩١٣ (ماری فلیپس جیکۆب) یەکەمین ستیانی مۆدێرنی داهێنا کە لە دوو دەستەسڕ پێکهاتبوو و بە قردێلە پێکەوە بەسترابوون، ئەم داهێنانە لە ساڵی ١٩١٤ بە ناوی (بڕۆسلی) ناسێنرا بەڵام لە ساڵی ١٩٢٠ـدا ئەم ناوە گۆڕا بە (بڕا - Bra) واتە ستیان، لەوکاتەشەوە تاکوو ئێستا شێوازی ستیان گۆڕانکاری زۆری بەسەردا هاتووە.

بەشەکانی ستیان

ستیان بەشی جیاوازی هەیە کە پێکهاتووە لە کەپ و قایش، کەپەکەی ئەو بەشەیە کە مەمکی تێدا جێدەبێتەوە و قایشیش بەشی پشتەوەی ستیانەکەیە کە کەپەکەیە دەیگەیەنێت بە بەشی دواوەی ستیانەکە.

جۆرەکانی ستیان

ستیان جۆری جیاوازی هەیە و کە بەپێی شێوازی دەرەوە و قوماش و قەبارەکەی دەگۆڕدرێت و بەپێی حەزی کەسەکە خۆی دەتوانێت ستیانی جیاواز تاقیبکاتەوە.

ستیانی ئیسفەنجی

بەو ستیانانە دەوترێت کە لە بەشی کەپەکەیدا ئیسفەنجیان تێدایە گونجاوە بۆ ئەو خانمانەی کە مەمکیان بچووک یان مامناوەندە تاکوو مەمکیان ڕێکتر بوەستێت، هەروەها هەندێک لە ستیانە ئیسفەنجییەکان لە خوارەوە ماددەی ستیلیان تێدایە بۆ جێگیربوون و جوان وەستانی مەمک، زیاتر بۆ ئەو خانمانە گونجاوە کە بەهۆی شیردانەوە مەمکیان شۆڕبووەتەوە.

ستیانی شەبەکەیی

ئەم جۆرە ستیانەنە شەبەکەیین و لە قووماشی کوندار پێکهاتووە زیاتر ئەو خانمانە دەیکەن کە زۆر گرنگی بە شیک پۆشی خۆیان دەدەن و بۆ جوانی دەیکەن.

ستیانی نائیسفەنجی

ئەم ستیانانە زۆر سادەن و هیچ جۆرە ئیسفەنجێکیان تێدا نییە و بۆ ئەو خانمانە گونجاوە کە قەبارەی مەمکیان گەورەترە و نایانەوێت لەوە گەورەتر دەربکەوێت.

ستیانی وەرزشی 

ئەم جۆرە ستیانە شێوەیەکی پانی هەیە و زۆر توند و تۆڵە و هیچ جوانکارییەک نابەخشێت بە ڕێک وەستانی مەمک بەڵام لە کاتی وەرزشکردندا پێویست دەکات کە خانمان ئەم ستیانە بەکاربهێنن و دوورکەونەوە لە بەکارهێنانی ستیانی تر چونکە زیانی دەبێت بۆیان.

ڕێنوێنی بۆ هەڵبژاردنی ستیانی گونجاو

  • ستیانی ماڵەوە و دەرەوە پێویستە جیاواز بێت و پێویست ناکات ڕۆژانە لە ماڵەوە ستیانێکت لەبەردا بێت کە ئازارت بدات و هەست به ئاسوودەیی نەکەیت تێیدا.
  • واباشترە ستیانەکان قووماشی لۆکەبن کە زیانی نییە بۆ پێست و هەستیاری دروست ناکات، هەروەها ئاگاداری قایشی ستیانەکە بن کە ئەگەر ماددەی ئاسنی تێدابوو زیان بە پێستەکە نەگەیەنێت.
  • ستیانێک هەڵبژێرە کە قەبارەی مەمکی خۆت بێت و لە کاتی بەستنیدا نە تەسک و نە پان بێت.

شێوازی بەستنی ستیان

شێوازی دروستکردنی ستیان بەجۆرێکە کە لە سەرەوە و پشتەوەش دەکرێتەوە و دەتوانیت بە چەند جۆرێک لەبەری بکەیت.

شێوازی یەکەم

لە شێوازی یەکەمدا دەتوانیت ستیانەکە لە دواکەیەوە ببەستیت و دواتر لە سەرەوە بیکەیتە بەرت.

شێوازی دووەم

لە شێوازی دووەمدا دەتوانیت ستیانەکە لە پێشەوە بکەیت بە بەرتدا و ئینجا لە دواوە بیبەستێت بۆ ئەوەی بتوانی بە ئاسانی ئەم کارە بکەیت خۆت بچەمێنەرەوە تاکوو بە ئاسانی بتوانیت بیبەستیت.

شێوازی سێیەم

ئەم شێوازە زۆرینەی خانمان بەکاری دەهێنن شێوازێکە کە تێیدا ستیانەکە دەسووڕێنیت بەڕووی پێشەوەدا و دەیبەستیت و قایشەکانی جێگیر دەکەیت و دواتر دیسوڕێنیتەوە بۆ دواوە.


سەرچاوەکان



3811 بینین