زیانەکانی خواردنی خۆراکی ساردەوەبوو

له‌لایه‌ن: - ئیلهام ئەنوەر ئیلهام ئەنوەر - به‌روار: 2022-07-01-21:50:00 - کۆدی بابەت: 9244
زیانەکانی خواردنی خۆراکی ساردەوەبوو

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

زیانەکانی خۆراکی ساردەوەبوو (به عه‌ره‌بی: أضرار الطعام البارد، به ئینگلیزی: Disadvntages of cold food)، هەموو خواردنەکانی جیهان سروشتی جیاوازیان هەیە هەندێکیان پلەی گەرمی لەش بەرز دەکەنەوە، هەندێکی تریان دەبنە هۆی ساردبوونەوەی لەش، بۆئەوەی جەستە و دەروونێکی تەندروستت هەبێت باشترە میزاج و سروشتی جەستەت بناسیت، خۆراکی گونجاو بەکاربهێنیت، هەروەها وەرزی گونجاو بزانە بۆ بەکارهێنانی خۆراک، ئەگەر ئەم شتانە پەیڕەو نەکەیت لەوانەیە تووشی نەخۆشی جۆراوجۆر بیت. یەکێک لەو شتانەی کە کاریگەری لەسەر جەستە هەیە و کێشە دروست دەکات، بەکارهێنانی خۆراکە ساردەوەبووەکانە، پێویستە هاوسەنگی لە بەکارهێنانی خۆراکەکان بپارێزرێت بۆ پاراستنی تەندروستی جەستە، هەروەها دوورکەوتنەوە لە خواردنی زۆر سارد و زۆر گەرم گرنگە، خواردنی خۆراکی سارد کاریگەری لاوەکی هەیە و زیانی بۆ تەندروستی جەستە هەیە.

ئاشنابوون بە کاریگەرییە لاوەکییەکانی خواردنی خۆراکی ساردەوەبوو

کەسانێک هەن لە ژیانیاندا زیادەڕەوی لە بەکارهێنانی شتەکاندا ناکەن، واتە هاوسەنگی لە بەکارهێناندا دروست دەکەن، بەڵام هەندێک کەس خواردنی زیاتر ئامادە دەکەن لەوەی بەکاریدەهێنن، لە ئەنجامدا ماوەکەی لە ساردکەرە دەهێڵنەوە، ڕەنگە ئەم کەسانە ئەم خۆراکانە بە ساردی بخۆن، کە بەتەواوی هەڵەیە و کاریگەری لاوەکی جۆراوجۆری لێدەکەوێتەوە، بەزۆری خواردنی خۆراکی سارد یان ئامادەکراو کاتت بۆ دەگەڕێنێتەوە، بەڵام لەبری ئەوە کاریگەری لاوەکی بۆ چەندین ساڵ دەبێت، ئەو کەسانەی زۆربەی خواردنەکانیان لە دەرەوە دەخۆن و خویان بە خواردنی ساردەوە گرتووە، زیان بە تەندروستییان دەگەیەنێت، چونکە خواردنە ئامادەکراوە چەورەکان یان خواردنە خێراکان کوالێتی باشیان نییە و ناتەندروستن.

کاریگەرییەکانی بەکارهێنانی خۆراکی سارد

  • خواردنی خۆراكی زۆر سارد ده‌بێته‌ هۆی تووشبوون به‌ نه‌خۆشی جۆراوجۆر له‌ كۆئه‌ندامی ‌‌هەرسدا، زۆر کەس هەن کە تووشی کێشەی جۆراوجۆر دەبن وەکوو دڵەکزێ ئازاری گەدە، دوای خواردنەوەی ئاوی زۆر سارد یان خواردنەوە زۆر ساردەکان لەگەڵ سەهۆڵ، هەر لەبەر ئەم هۆکارە یەکێکی تر لە کاریگەرییە لاوەکییەکانی خواردنی خۆراکی سارد، بریتییە لە ئازاری گەدە و دڵەکزێ.
  • یەكێك لە گرنگترین شتەكان بۆ باشتر هەرسكردن و هەڵمژینی خۆراك، بریتییە لە پلەی گەرمی گونجاو بۆ خۆراكەكە، كە دەبێت لە حاڵەتی ئاسایی و هاوسەنگدا بێت واتا نابێت خۆراكەكە نە زۆر گەرم بێت، نە زۆر سارد بێت چونكە كێشەی گەورە بۆ ئەندامەکانی هەرس دروست دەکات.
  • خواردنی خۆراکە ساردەکان دەبێتە هۆی ئەوەی گەدە زیاتر کار بکات بۆ ئەوەی پلەی گەرمی بگەیەنێتە ئاستی ئاسایی و ئەمەش دەبێتە هۆی قورسبوون و ناڕەحەتی گەدە.
  • خواردنی خۆراکی سارد یان زۆر گەرم ئەگەری توشبوون بە شێرپەنجەی گەدە و ڕیخۆڵە زیاد دەکات بەتایبەت شێرپەنجەی سورێنچک.
  • خواردنی خۆراكی سارد و گەرم لە یەک کاتتدا یان تێكەڵكردنیان بەیەكەوە، دەبێتە هۆی دروستبوونی كێشە بۆ ددانەكان، دەبێتە هۆی درزبردنی مینای ددان و دواجار دەبێتە هۆی خراپبوونی ددانەكان.
  • خواردنی خۆراکی سارد دەبێتە هۆی تێکچوونی گەدە، ڕێگری دەکات لە هەرسکردنی دروستی خۆراک و هەڵمژینی ماددە خۆراکییەکان لە کۆئەندامی هەرسدا.
  • زۆر خواردنی خۆراکە ساردەکان دەبێتە هۆی قەڵەوی بەتایبەت لە منداڵاندا، توێژینەوەکان دەریانخستووە کە کاتێک خواردنێک بە ساردی پێشکەش دەکرێت، مرۆڤەکان مەیلیان بۆ زیادەڕەویکردن دەبێت و قەڵەو دەبن.
  • وەکوو دەزانین نەخۆشیەکانی دڵ پەیوەندی بە قەڵەویەوە هەیە، خواردنی خۆراکە ساردەکان دەبێتە هۆی قەڵەوی و ئەمەش ئەگەری توشبوون بە نەخۆشیەکانی دڵ زیاد دەکات.


سەرچاوەکان

208 بینین