بۆ ئێعدامی - جەلال مەلەکشا

له‌لایه‌ن: - کەنار ئەبووبەکر کەنار ئەبووبەکر - به‌روار: 2022-07-09-16:13:00 - کۆدی بابەت: 9339
بۆ ئێعدامی - جەلال مەلەکشا

ناوه‌ڕۆك

بۆ ئێعدامی

شاعیر: جەلال مەلەکشا

بەرهەم: شیعرەکان

هۆنراوە: بۆ ئێعدامی

وتیان: تاوانی ئێعدامی
گەچڵاندنی خه‌وی شاره
سزای ئه‌وه‌ش له قانوونی ئه‌ساسیدا
بۆ چاوترسێن خه‌ڵکی، داره!
وتیان: تاوانی ئێعدامی
ورووژانی بورکانه دامرکاوه‌کان
بۆ ته‌کان بوومه‌له‌رزه و ئاژاوه‌یه
هێنانه‌وه‌ی ده‌نگی کوێستان
بۆ شڵه‌ژانی ئاسایشی ئه‌م وڵاته رازاوه‌یه
نیوه‌شه‌و بوو
له گۆڕه‌پانی شارێکا
جه‌لاده‌کان, داریان هه‌ڵخست
جاڕیان کێشا
ئه‌وه‌ی ویستیان
به ته‌شیه کۆنه‌که‌ی خۆیان
بۆ خه‌ڵکیان رست
نیوه‌شه‌و بوو
له قاوشی زیندانێکا
ئێعدامیه تاوانباره‌که
بیری له کازیوه ئه‌کرد
له ژوورێکی پڕ خه‌یاڵی شاری خه‌ما
ژنێ بیره‌وه‌رییه‌کانی
ده‌نک ده‌نک
وه‌ک ملوانک
بۆ گه‌رده‌نی کۆرپه هێشتا نه‌هاتووه‌که‌ی پێوه ئه‌کرد!
له گۆڕه‌پانی سامناکا
له ژووری دادگای شارا
کاربه‌ده‌ستان بۆ ئێعدامی
خه‌ڵاتیی مه‌رگیان ئه‌دووراند.
کاتژمێره فێگرتووه‌که‌ی
کاکه‌ی تاوانباریش به‌له‌ز
شه‌وی ئه‌شکان
هاتن, هاتن
قازی, پۆلیس و میرغه‌زه‌ب هاتن
وتیان: هانێ! ئه‌وه پێنووس
وه‌سیه‌ت‌نامه‌که‌ت بنووسه
وتی: ده‌بێ سڵاو بنێرم بۆ کوێستان
وتیان: نابێ
ئه‌ویش له وه‌سیه‌ت‌نامه‌دا
تفه‌نگه‌که‌ی‌ دا بە سبەی
داره‌که‌یان له خه‌و هه‌ڵسان
وه‌نه‌وزی گۆڕه‌پان شکا
له ژووری چۆڵ
تکێ فرمێسک لە چاوی ژن
به سه‌ر گۆنای زەردیا تکا
ئاڵقه‌ی ته‌ناف زریکاندی
تاوانبار چوو به‌ره‌و ئاسمان
هه‌وره‌کانی کوێستان جمان
ژنی ژانگرتوو قیژاندی
کۆرپه‌ی سبه‌ی هاته جیهان


سەرچاوەکان



157 بینین