کۆنیشانەی منداڵی ناوەنجی

له‌لایه‌ن: - ئیلهام ئەنوەر ئیلهام ئەنوەر - به‌روار: 2022-07-10-13:47:00 - کۆدی بابەت: 9342
کۆنیشانەی منداڵی ناوەنجی

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

کۆنیشانەی منداڵی ناوەنجی یان ئەو کێشانەی ڕووبەڕووی منداڵی ناوەنجی دەبنەوە، (بە ئینگلیزی: Middle child syndrome، بە عەرەبی: متلازمة الطفل الأوسط)، حاڵەتێکی دەروونییە لەو منداڵانەدا هەیە کە پێش منداڵێک و دوای منداڵێکی تر لەدایکدەبن، بەزۆری گیرۆدەی هەستی نەرێنی، بێ بەهایی، کەموکوڕی، ئیرەیی و دووچاری کەمی متمانە بەخۆبوون و گۆشەگیری دەبن.

ئایا هەموو منداڵێکی ناوەنجی تووشی ئەم کۆنیشانەیە دەبێت؟

بینراوە کە هەموو منداڵە ناوەنجییەکان ئەم تایبەتمەندییە یان کۆنیشانەیەیان نییە، دەکرێت ئەمە بەهۆی جیاوازی شێوازەکانی پەروەردەکردنی منداڵەوە بێت، کە لە خێزانێکەوە بۆ خێزانێکی تر جیاوازە. ئەگەر دایک و باوک بەپێی پێویست ئاگاداری ڕەفتارەکانیان بن، مامەڵەیەکی جیاواز لەگەڵ هەریەک لە منداڵەکانیان نەکەن، بەجۆرێک ڕەفتار نەکەن کە منداڵ هەست بە پشتگوێخستن بکات، ئەوا منداڵی ناوەڕاست هیچ کام لەم گرفتە دەروونیانەی نابێت.

نیشانەکانی کۆنیشانەی منداڵی ناوەنجی

  • متمانە بەخۆبوونی کەم بێت: هەستکردن بە ڕەتکردنەوە و کەمی خۆشەویستی دایک و باوک کاریگەری نەرێنی لەسەر منداڵی ناوەنجی دەبێت ئەمەش دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی متمانە بەخۆبوونی. 
  • ڕەفتاری ناکۆمەڵایەتی: ڕەنگە ئەم منداڵە خۆی لە ژینگەی دەوروبەری یان هاوتەمەنەکانی دووربخاتەوە چونکە دەترسێت کەسانی تر وەکوو دایک و باوکی مامەڵەیان لەگەڵ بکەن.
  • هەستی بێ بەهایی: ڕەنگە منداڵەکە هەست بە ونبوون و شکست بکات لە هەڵبژاردنی ئەو ڕێگایەی کە پێویستە بۆ ژیانی، ئەو هەستەی هەیە کە شایەنی ئەو شتانە نییە کە هەیەتی.
  • ڕەفتار بۆ سەرنجڕاکێشان: پێویستی گرنگیدان نیشانەیەکی زۆر باوی نەخۆشی منداڵی ناوەڕاستە، زۆر پێویستی بە گرنگی پێدان هەیە، هەمیشە دەیەوێت کەسانی تر گرنگی پێبدەن، بەتایبەتی دایک و باوکی، ئەو نائومێدیەی کە بەهۆی پشتگوێخستنەوە لەلای دروست دەبێت، ڕەنگە هەندێک ڕەفتار بۆ سەرنجڕاکێشان ئەنجام بدات.
  • کێشەی متمانەکردن: منداڵێک کە ئەم کۆنیشانەیەی هەیە لەوانەیە کێشەی متمانەکردنی هەبێت، هەمووان فێردەبن کاتێک لەگەڵ کەسێک تێکەڵ دەبن یان هەست بەخۆشەویستی دەکات بەرانبەری، متمانەی پێ بکات، ئەم منداڵانە ناتوانن بە ئازادی قسە بکەن و متمانە بە کەس بکەن، بەڵام هەموو ئەو منداڵانەی کۆنیشانەی منداڵی ناوەنجییان هەیە ئەم کێشەیەیان نییە، ڕەنگە هەندێکیان پشت بە خەڵک ببەستن یان متمانەیان پێ بکەن.

 چۆنیەتی ڕێگریکردن لەم کۆنیشانەیە

  • زانیاری دەربارەی کۆنیشانەی منداڵی ناوەنجی بەدەست بهێنە: بۆئەوەی دڵنیابیت لەوەی منداڵەکەت تووشی ئەم کۆنیشانەیە نابێت، بە پلەی یەکەم گرنگە دەربارەی بزانیت، ئەگەر تێبینی ئەوەت کرد کە منداڵەکە نیشانەکانی ئەم کۆنیشانەیەی تێدایە، بیناسەوە و کات دابنێ بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە.
  • ئارامگرتن: هەموو منداڵێک تایبەتە بۆ دایک و باوک بەڵام ئەگەر منداڵی ناوەنجی بەپێچەوانەوە بیری کردەوە، ئارامبگرن، بە تەواوی دەکرێت بە گفتوگۆی بەردەوام لەگەڵیدا، هەوڵدان بۆ ئەوەی هەست بە خۆشەویستی بکات، چارەسەر بکرێت.
  • وای لێبکەن هەست بکات گرنگە: هەمووان دەیانەوێت هەست بکەن کە گرنگن، ئێوە دەتوانن هەندێک بەرپرسیارێتی بە منداڵی ناوەنجی بدەن، کاتێک کە تەواوی کردن سوپاسی بکەن و بەهای بۆ دابنێن، ئەمە وا دەکات هەست بکات لای خێزانەکەی گرنگ و خۆشەویستە.
  • گوێی لێبگرن: تاکوو وابکەن زیاتر هەست بە خۆشەویستی بکات، دەبێت بەجوانی گوێ لە قسەکانی بگرن، هەر کاتێک سکاڵای لەسەر بابەتێک هەبوو، هەوڵبدەن چارەسەری بکەن. 
  • وای لێ بکەن هەست بکات تایبەتە: گرنگی زیاتر بە یەکێک لە منداڵەکان، یان خوشک و براکانی تری مەدەن، ئەم ڕەفتارانە وادەکات بەرانبەر ئێوە، خوشک و براکانیشی هەست بە توڕەیی و بێتاقەتی بکات.
  • ڕێزی نیشان بدەن: وەکوو هەر کەسێک مافی خۆیەتی هەست، بیر و بۆچوون و ڕای خۆی بڵێت، لەبەرئەوە ڕێز لە بیروڕاکانی بگرن.
  • بەراورد مەکەن: کەسەکان وەکوو یەکتر نین، هەرکەسێک لایەنی بەهێز و لاوازی خۆی هەیە، لەبەرئەوە هیچکات منداڵەکانتان بەیەکتر بەراورد مەکەن، بەو کەسایەتی و شێوازەی کە هەیانە، خۆشتان بوێن و ڕێزیان بگرن.


سەرچاوەکان

202 بینین