ڕەگەزەکانی بەرهەمهێنان چییە؟

له‌لایه‌ن: - کەنار ئەبووبەکر کەنار ئەبووبەکر - به‌روار: 2022-07-29-14:07:00 - کۆدی بابەت: 9599
ڕەگەزەکانی بەرهەمهێنان چییە؟

ناوه‌ڕۆك

ڕەگەزەکانی بەرهەمهێنان چییە؟

ڕەگەزەکانی بەرهەمهێنان (بە عەرەبی : عوامل الإنتاج یان عناصر إنتاج، بە ئینگلیزی: Factors of Production) لە ئابووریدا سەرچاوەکان و هێزی لەکارکراو دەگرێتەوە کە لە پڕۆسەی بەرهەمهێناندا بەکاردەهێندرێن، بۆ تەواوکردنی بەرهەمهێنانی کاڵا و خزمەتگوزارییە تەواوەکان، بڕی بەکارهێنانی سەرچاوە هەمەچەشنەکانە، بڕی بەرهەم بە پێی ئەو پەیوەندییە دیاری دەکرێت کە پێی دەوترێت ئەرکی بەرهەمهێنان.

چوار ڕەگەز یان فاکتەری سەرەکی بەرهەمهێنان هەیە، کە ئەوانیش زەوی، کار، سەرمایە و ڕێکخستنن. هەروەها ڕەگەزەکان زۆرجار بە بەرهەمهێنانی کاڵا و خزمەتگوزاری ناو دەبرێن، بۆ جیاکردنەوەیان لەو کاڵا و خزمەتگوزارییانەی کە لەلایەن بەکارهێنەرانەوە دەکڕدرێن کە بە کاڵای بەکاربەر ناو دەبرێن. 

زەوی

زەوی (Land - الأرض) واتە ئەو شوێنە دیاریکراوەیە کە خۆی لە خاک دەبینێتەوە، بەڵام لە ڕووی ئابوورییەوە بریتییە لە دەربڕینێکی کورتکراوە بۆ ماددە سروشتییەکان، واتە هەموو ئەو دەرامەتانەی لە سروشتدا هەن و لە بەرهەمهێناندا بەکاردەهێندرێن، سیفەتە سروشتی و کیمیایی و جوگرافییەکانی ڕووی زەوی دەگرێتەوە.

زەوی پێناسەیەکی فراوانی هەیە وەک ڕەگەزێکی بەرهەمهێنان و دەتوانێت شێوەی جۆراوجۆر وەربگرێت، لە زەوی کشتوکاڵییەوە تا زەوی بازرگانی هەروەها ئەو سەرچاوانەش کە لە پارچە زەوییەکی دیاریکراودا بەردەستە. 

هەموو سامانە سروشتییەکانی ڕووی زەوی دەگرێتەوە کە کە لە دروستکردنی کاڵا و خزمەتگوزارییەکاندا بەکاردەهێندرێت، دەکرێت سەرچاوە نوێبووەکان بێت وەک دارستانەکان، یان سەرچاوە ئاساییەکان وەک ئاو، نەوت و ئاڵتوون.

دەتوانرێت سەرچاوە سروشتییەکانی وەک ئاڵتوون و نەوت دەربهێندرێت و پاڵاوتە بکرێت، کە بۆ بەکارهێنانی مرۆڤ شایستە بێت. هەروەها چاندنی بەرهەم لەسەر زەوییەکان لەلایەن جوتیارانەوە بەهای زەوییەکە بەرز دەکاتەوە.

زەوی پێکهاتەیەکی بنەڕەتی بەرهەمهينانە دەتوانێت گرنگیەکەی کەم و زیاد بکات بە پشت بەستن بەو پیشەسازییەی لێی دەکرێت.

کار

کار (Labor - العمل) بریتییە لە چالاکی مرۆیی کە ئاڕاستەی بەرهەمهێنان دەکرێت بە ڕەچاونەکردنی ئەوەی چالاکییەکە جەستەیی یان هزرییە.

کار ئاماژەیە بەو هەوڵەی کە تاکێک دەیدات بۆ بەرهەمهێنانی کاڵا و خزمەتگوزارییەک بۆ بازاڕ، دەتوانێت شێوەی جۆراوجۆر وەربگرێت، بۆ نموونە کرێکاری بیناسازی لە دروستکردنی میوانخانەیەکدا بەشدارە بەشێکە لە کار، هەروەها ئەو گارسۆنەی کە خزمەت بە میوانەکان دەکات، یان ئەو گارگوزاری پێشوازییەی پێشوازی لە میوانەکان دەکات، کە بەشێکە لە کار.

لە پیشەسازی نەرمەکاڵادا کار ئاماژەیە بەو چالاکییانەی کە بەڕێوبەرانی پڕۆژە و گەشەپێدەرانی لە دروستکردنی بەرهەمی کۆتاییدا ئەنجامی دەدەن، هەروەها ئەو هونەرمەندانەی تابلۆیەکی هونەری دروستدەکەن بە کار هەژمار دەکرێن. 

کرێی کرێکاران لە کاردا پشت بە ماندووبوون و لێهاتوویی و ڕاهێنانەکانیان دەبەستێت، کرێکارێکی نەخوێندەوار و ڕانەهينراو بەشێوەیەکی گشتی کرێی کەمتر وەردەگرێت، کرێکاری لێهاتوو ڕاهێنراو کە پێیان دەوترێت سەرمایەی مرۆیی کرێی زیاتریان پێدەدرێت، چونکە زیاتر لە توانای جەستەیی خۆیان بەکاردەهێنن بۆ بەجێهێنانی ئەرکەکە.

بۆ نموونە کاری ژمێریار پێویستی بە شیکردنەوەی زانیارییە داراییەکان هەیە بۆ دەزگایەک. ئەو وڵاتانەی دەوڵەمەندن بە سەرمایەی مرۆیی ئەزموونی زیادبوونی بەرهەمهێنان دەکەن.

هەروەها جیاوازی ئاستی کارامەیی و زاراوەمەنی یارمەتی دەزگاکان و خاوەنکارەکان دەدات کە جیاوازی لە پێوەرەکانی کرێدا دروستبکەن، ئەم ئەنجامەش دەتوانێت ببێتە هۆی گۆڕانکاری لە ڕەگەزەکانی بەرهەمهێنان بۆ تەواوی پیشەسازییەکان.

سەرمایە

سەرمایە (Capital - رأس المال) ئەو ڕەگەزەیە مرۆڤ بەرهەمی دەهێنێت بۆ یارمەتیدانی کرداری بەرهەمهێنان، خۆی لە هەموو جۆرەکانی ئاسانکارییەکان و ئامێرەکان و کەرەستەکاندا دەبینێتەوە کە مرۆڤ دروستی دەکات.

لە ئابووریدا سەرمایە بەگشتی ئاماژەیە بۆ پارە، هەرچەندە پارە ڕەگەزی بەرهەمهێنان نییە، لەبەر ئەوەی ڕاستەوخۆ بەشداری لە بەرهەمهێنانی کاڵا و خزمەتگوزارییەکاندا ناکات، بەڵکوو ئاسانکاری لەپڕۆسەی بەرهەمهێناندا دەکات، هەروەها بۆ بەتوانا کردنی خاوەنکاران و خاوەن دەزگاکان بۆ کڕینی کاڵای سەرمایە بۆ دەستپێکردنی کار، زەوی و پێدانی کرێ.

ڕێکخستن

ڕێکخستن (Entrepreneurship - التنظيم) بریتین لەو کەسانەی یان کۆمەڵە کەسانەی یان ڕێکخەرانەی هەڵدەستن بە ڕێکخستنی زەوی و کار و سەرمایە بۆ بەدەستهێنانی قازانج و خستنە بازاڕی بەکارهێنەر.

زۆرجار ئەم ڕيکخەرانە وەک داهێنەر سەیر دەکرێن کە ڕێگەی نوێ بۆ پەرەپێدان و بەرهەمهێنان بەکاردەهێنن.

لە ئابوورییەکی پلان بۆ داڕيژراودا، ڕێکخەران بڕیار دەدەن کە چۆن زەوی و کار و سەرمایە بەکاربهێنن، بۆ دابینکردنی زۆرترین سوود بۆ دەزگا و هاوڵاتییان. بە شێوەیەکی گشتی زۆرترین سوود بۆ خاوەنکاران دەگەڕێتەوە.


سەرچاوەکان



1098 بینین