شەست قوربانی - شێرکۆ بێکەس

له‌لایه‌ن: - لەنیا کەریم لەنیا کەریم - به‌روار: 2022-08-01-22:30:00 - کۆدی بابەت: 9653
شەست قوربانی - شێرکۆ بێکەس

ناوه‌ڕۆك

شەست قوربانی

شاعیر: شێرکۆ بێکەس

بەرهەم: مێرگی زام مێرگی ھەتاو

شیعر: شەست قوربانی

لەم مانگەدا لە باڵەییان لەبەر دەمی هەر ماڵێکدا
گوڵێک ئەڕوێ.. گوڵی واسەیر نەبینراوە! 
شەست چاوی کەسکی پێوەیە و
شەست خاڵ وا بە ڕوخسارییەوە و
شەست ملوانکەی لەملدایە
لە ڕەنگی خۆر. 
لەم مانگەدا
لە باڵەییان لەناو حەوشەی هەر ماڵێکدا
دارێک ئەڕوێ.. داری وا سەیر نەبینراوە: 
شەست دەستی سووری پێوەیە و
شەست گەردن و
شەست پرچی مۆر. 
لەم مانگەدا لە باڵەییان
لەو دۆڵەدا زەماوەندە: 
شەست ئەستێرە هەڵئەپەڕن و
شەست دەغڵ نان ئەکەن و
شەست کانی ئاو ئەگێڕن و
شەست لوتکە تەقە ئەکەن و
شەست مەل گۆرانی ئەڵێن و
شەست باخ میوە ئەبەخشنەوە
لە کۆتایی ئەم مانگەیشدا
لە پێدەشتەکەی سۆراندا
باڵەییان و بالیسانم پێک ئەگەن و
هەر شەست بە شەست
بووکی خوێنیان ئەگۆڕنەوە!


سەرچاوەکان



260 بینین