بێخود

له‌لایه‌ن: - کەنار ئەبووبەکر کەنار ئەبووبەکر - به‌روار: 2022-08-05-21:08:00 - کۆدی بابەت: 9708
بێخود

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

مەلا مەحموودی موفتی ناسراو بە بێخود (بە ئینگلیزی: Bekhwd) موفتی و مامۆستای ئایینی و شاعیرێکی بەناوبانگی کورد بووە، لە ساڵی ١٨٧٩ لە شاری سلێمانی لەدایکبووە. لای زانایانی ناوداری ئەو سەردەمەی سلێمانی خوێندنی تەواو کردووە. لە ساڵی ١٩٥٥ لە سلێمانی کۆچی دوایی کردووە و لە گردی سەیوان نێژراوە.

ژیاننامە

بێخود ناوی مەحموود بووە و کوڕی موفتی حاجی مەلا ئەمینی کوڕی موفتی گەورە حاجی مەلا ئەحمەدی چاومارە کە ناسراوە بە (پیر حەسەن). لە ساڵی ١٨٧٩ـی زایینی بەرانبەر (١٢٩٦ـی کۆچی) لە شاری سلێمانی لەدایکبووە. لای زانایانی ناوداری ئەو سەردەمەی سلێمانی خوێندنی تەواو کردووە.

لە ساڵی ١٩٠٠ کراوە بە حاکمی ھەڵەبجە، دوای ئەوە مامۆستای قوتابخانەی سەرەتایی بووە لە سلێمانی لەگەڵ مامۆستایان ڕەفیق حیلمی و زێوەردا مامۆستایەتیی کردووە، بێ ئەوەی بەرانبەر بەوە ھیچ مانگانەیەک وەربگرێت.

لە پاش ماوەیەک لەم کارە دوورکەوتۆتەوە و بە درێژایی ژیانی لە کاروباری میریی نزیک نەکەوتووەتەوە. لە شاری سلێمانی ژیانی بردووەتە سەر.

پێش مردنی مەلا عەبدولعەزیزی موفتی برای، چەند ساڵێکی لە ھەڵەبجە بەسەر بردووە. دواجار گەڕاوەتەوە بۆ سلێمانی و تا مردنی لە جێگاکەی ئەودا موفتی بووە.

پاش نیوەڕۆی ٢٥ـی ئابی ساڵی ١٩٥٥ بەرانبەر (١٣٧٥ـی کۆچی) لە سلێمانی کۆچی دوایی کردووە و لە گردی سەیوان نێژراوە.

چەند نموونەیەک لە شیعرە کورتەکانی

بێخود شەوەکەی هەتا بڵێی تاریکە

ڕێگەش بە خودا درێژ و زۆر باریکە

کاروان هەموو باری کردووە ڕۆیشتن، تۆش

خۆت گورجەوە کە کە ڕۆینت نێزیکە

 

من کە ئیسلامم لە سایەی موعجیزەی پێغەمبەری

ئەم ئەبووجەهلانە، بێخود پێم ئەڵێن تۆ کافری

ڕەببی ڕووڕەش بم ئەگەر نێزیکی ئەم بوختانە بم

خۆ ئەگەر دوورم ئیلاهی، ڕووسپی بێ موفتەری

 

ئەمجا لە عوود و ڕوود و نەی و مەی شەراب ئەدووم

یەعنی لە غەیری ساقی و موتریب خراپ ئەدووم

لەوساوە عاشقم بە برۆ و ڕوویی دڵبەران

دایم لە مانگی یەکشەوە و ئافتاب ئەدووم


سەرچاوەکان



1179 بینین