ناوهڕۆك
ژیانی كەمالیی
ئەم ڕەسمە یادگارە هەتا پاش نەمانی من
یادم بکەن هەمیشە کەس و دۆستانی من
كەمالیی شاعیر و ڕۆژنامەنووسی كورد
(عەلی باپیر ئاغای چراغە) ناسراو بە كەمالی، لە ساڵی ١٨٨٦ لە شاری سلێمانی لە دایکبووە، باپیر ئاغای باوکی لە سوپای عوسمانییدا ئەفسەر بووە، لە تەمەنی چوار ساڵیدا باوکی کۆچی دوایی کردووە و لە شاری کەرکووك بە خاك سپێدراوە.
لە تەمەنی مناڵییدا لەلای شێخ عەبدوڵای هەولێریی لە مزگەوتی دوودەرگا خراوەتە بەر خوێندن و چەن ساڵێك لەوێ لەگەڵ زێوەری شاعیر و هاوەڵەكانی تریدا وانە و حوجرە ئەخوێنن و هەر لەوێشەوە فێری زمانی فارسیی و خوێندنی گوڵستان بووە و لێرەوە تێکەڵ و خولیای شیعر و دنیای شیعر نووسین دەبێت، بۆیە بەر لە ڕۆژنامەنووسیی، کەمالیی یەكەم هەنگاو و وێستگەی ژیانی لە نووسینی شیعرەوە دەستی پێکرد و خۆی بە مورید و شوێنکەوتوانی شاعیرانی کلاسیك زانیوە و لە هەمان کاتا پێگە و ڕێچکەی تایبەتی خۆیشی باس ئەکات.
دەفەرموێ:
لە ناو کوردی عێراقا ئەی کەمالی شیعری ڕەنگینت
ئەوەن مەرغووبە ھەروەك شیعری قائانی لە ئێرانا
٭ ٭ ٭
شکا بازاڕی قەند و شەکری بەلچیکا لە ناو کوردا
کە نووسیم وەسفی شیرینی دەم و لێو شەکەرینی تۆ
٭ ٭ ٭
هەروەها دەفەرموێ:
ئەزانی بۆچ فەلەك گەركوش بە کامی ئەھلی دڵ ناکا
بەبێ ئەمر و مەرامی پیاوی دوون قەت گەرد و خۆڵ ناکا
شتی خۆماڵی بێ قەدرە گەر ڕاستت ئەوێ بەخوا
ھەزار «قۆڵۆنیا» لام قیمەتی دەنکێ سمڵ ناکا
دڕک خۆ پاسەوان و ھاودەمە دائیم لەدەوری گوڵ
سەرم سوڕماوە بۆ بولبول پەرەستش بۆ چقڵ ناکا؟
غەزالەی دەشتی چین وەحشن لەگەڵ کەس ناگرن ئولفەت
فیدای کار ئاسکەکەی سەحرای ھەڵەبجەم من کە سڵ ناکا
٭ ٭ ٭
مامۆستا لە ساڵی 1906/1905 دا گوێزراوەتە بەغدا و لەوێ دەکرێتە فەرمانبەری ئەوراقی دارایی گومرگ ، ئاشنایەتیی لەگەڵ جەمال بابان دروست ئەبێ کە ئەو کات خوێندکاری زانکۆ دەبێ.
پاش ماوەیەکی کورت دەگەڕێتەوە سلێمانی و ساڵی ١٩١٩ کەمالیی کرا بە (قایمقام)ی چەمچەماڵ ، بەڵام کاتێ ئینگلیز بە تەواوەتیی دەکەوێتە دژایەتیی کورد و شۆڕشی شێخ مەحمود بەرپا دەبێ، کەمالیی دەستبەرداری هەموو پۆست و پلە و پایەیەکی قایمقامێتییەکەی خۆی دەبێ دەگەڕێتەوە سلێمانی و عیززەتی نەفس و بیری کوردایەتی لە گیانی کەمالییدا کاری قاوەچێتیی و ئەرزوحاڵ نووسیی هەڵدەبژێرێت نەك لە سایەی حوکمی میریی و دوژمنانی کوردا بیر لە بەرژەوەندیی بکاتەوە و لە سایەی پلە و پایەی دوژمانانی نەتەوەکەیدا ژیان بەسەر بەرێت، بۆیە ماوەیەکی کەم كاری قایمقامێتیی کرد و لەوێ بەدواوە تێکەڵی دنیای ڕاپەڕینی ڕۆشنبیری و بزوتنەوەی کوردایەتیی و شۆڕشی شێخ مەحمودی نەمردا بوو.
لە ماوەی ژیان و قۆناغی شۆڕشی شێخ مەحمود، شاعیر هیچ ئاماژەیەکی بە یاداشت و بیرەوەرییەکانی نەداوە، هەرچەندە د.عیزەدین مستەفا ڕەسووڵ چەند ساڵێک پێش مەرگی لە سەردانێکدا جەژنێك داوای لێ دەکەن کە بیرەوەرییەکانی خۆی بنووسێتەوە ،بەڵام ئەو زۆرتر خۆی لە بابەتەکە لاداوە پێی وا بووە نابێ ڕەخنە لە شێخ بگیرێت و نابێ هەموو ڕاستییەکیش بەلای گەشی و کەموکوڕییەوە نەڵێت.
لە گەرمەی ئەو ساڵانەدا و لە سەرەتای ساڵی ١٩٢٢ ەوە لەگەڵ زۆربەی ڕووناکبیرانی ئەو سەردەمەی شاری سلێمانیدا مشتومڕ و گفتوگۆ دەکەن بۆ دامەزراندی کۆمەڵێک یان دەستەیەکی ڕۆشنبیری، بۆ گوڕدان بە بواری ڕووناکبیری و بزوتنەوەی سەربەستیخوازی کورد.
دوای ئەوەی مامۆستا جەمال بابان پێشنیار و بیرۆکەی ڕۆژنامەیەکی کوردی دەخاتە بەردەمی کەمالیی و لەلای پەسەند دەبێ و پێکەوە کار بۆ دەرکردنی ڕۆژنامەکە دەکەن ئەو هەوڵ و تەقەلایە ڕۆژنامەی (بانگی کوردستان)ی بەرهەم هێنا کە لە ڕۆژی چوارشەممە 1922/8/2 یەکەم ژمارەی دەرچوو و بۆ ماوەی چوار ساڵ بەردەوام بوو لە چاپکردن و مامۆستا کەمالیی یەکێ بوو لە نووسەرو ئەندامی ئەو ڕۆژنامەیە.
هەوڵ و تەقەللایان گەیشتووەتە پێکهێنانی کۆمەڵەیەکی ڕووناکبیری، کە ئامانجیان لە ڕێگەی ڕۆژنامەیێکەوە بگەیێننە کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان ، نێوی ڕۆژنامەکە بە (بانگی کوردستان) ناونرا، کە کەمالیش یەکێک بوو لە ئەندام و نووسەرانی ئەم ڕۆژنامەیە و ڕۆژنامەی (ڕۆژی کوردستان) کە کتومت زمانحاڵی بزووتنەوەکەی شێخ مەحموودی نەمر بووە، دەنگوباس و هەواڵ و فەرمانەکانی حکومەتەکەی شێخی لە یەکەم لاپەڕەی سەرەکیدا بڵاوکردووەتەوە.
ڕۆژنامەی بانگی کوردستان
ڕۆژنامەی بانگی کوردستان (بانگ کوردستان)، ڕۆژنامەیەکی زانستی، کۆمەڵایەتی، ئەدەبی، نەتەوەیی، ئازاد و سەربەخۆ بووە.
هەفتانە لە شاری سلێمانی دەرچووە و یەکەم ژمارەی لە ڕۆژی 2ی ئابی 1922 چاپکراوە.
لۆگۆی ڕۆژنامەکە
بەو جۆرە بووە (بانگ کوردستان) لەلای ڕاستی سەرەوەی لۆگۆکەی نووسراوە:
خاوەنی ئیمتیاز و بەڕێوبەری بەرپرس و سەرنووسەر (مستەفا پاشا یا موڵکی).
لە خوارووی ئەو نووسراوە ڕیکلام بە دێرێك، ((سێ عانە دەسێنرێ))
هەروەها ئەوەش نووسراوە بۆ هەموو شتێ مراجەعەت بە خاوەنی ئیمتیاز دەکرێ.
لە لای چەپی لۆگۆکەی نووسراوە:
موحەڕیری کوردیی و فارسیی عەلی کەمال و م. نوری، ھەروەھا نووسراوە بۆ بەشداریی لە ئابوونەی مانگانە، سێ مانگ و شەش مانگ جارێ، ساڵێ بە (8 ڕوپێیە).
لە ژێر لۆگۆی رۆژنامەکە ئەم شیعارە نووسراوە:
زەمانی گورز و ڕم ڕابوورد ئێستا پالەوان عیلمە چەك دەستە و سنعەت بارقە تیغ و سنان عیلمە
عیلمی ، عجتماعی ، ئەدەبی ، غزەتەیکی حڕ و سربست و میللییە ھەفتەی جارێک دەردەچی.
نوسخەیەکی بە ٢ عانە دەفرۆشرێ، ئەم ڕۆژنامەیە ١٤ ژمارەی لە شاری سلێمانی چاپ کرا، ژمارەکانی دواتر لە شاری بەغدا چاپکران، لەساڵی ۱۹۲٦ دا بە تەواوەتیی ڕاگیرا.
لە بانگی کوردستاندا هەموو شیعر و نووسینەکانی (کەمالی) بریتیی بوون لە وریا کردنەوەی گەلی کورد و پشتگیریی کردنی حکومەتەکەی شێخ مەحموودی نەمر، بەڵام ئەم ڕۆژنامەیە تەمەنی لەگەڵ حوکمدارێتی شێخ بووە ، هۆی نەمانیشی ئەو تەنگوچەڵەمەیە بووە، کە تووشی سلێمانی هاتووە و جارێکی تر لە لایەن ئینگلیزەوە داگیر کراوە، ڕۆژنامەکەش دوای پێکهێنانی حوکمدارێتی شێخ بوو بە زمانحاڵی حوکومەتەکەی شێخ، دوای تێکچوونی حوکمدارییەکە ئەوانیش وازیان لە دەرکردنی ڕۆژنامەکە هێناوە.
لەسەر خواست و فەرمانی شێخ وەك لە دیوانی (باخی میر)دا نووسراوە، کەمالیی بووە بە نووسەر لە لای حاکمە سیاسییەکانی ئینگلیز، کە ئەو سەردەمە لە سلێمانی بوون، وەك (مێجەرسۆن) و (گرین هاوس) و (ئەدمۆنز).
دوای ئەم ماوەیە کراوە بە فەرمانبەری (دارایی) لە هەڵەبجە و دوو ساڵ واتە ساڵی ١٩٢٦ لەم ئیشەدا بەردەوام بووە، بەڵام کاتێ کە شێخ مەحمود چووە (پیران)، کەمالی دەستی لە ئیشەکەی هەڵگرت و خۆی گەیاندە لای (شێخ مەحمود) ماوەی ساڵێك لەلای دەمێنێتەوە ، لەسەر ڕاسپاردەی شێخ دووبارە چووەتە (تاران و کرماشان) بۆ دیدەنی (ڕەزاشا) و هێندێ باڵیۆزی هەندەران لە ئێران و گەیاندنی نامە بە ناوبانگەکەی (شێخ)ی نەمر بە کۆماری شۆڕەوی.
لە ساڵی ١٩٢٨دا گەڕاوەتەوە شاری هەڵەبجە، لەوێ تا ساڵی ١٩٥٠ نیشتەجێ بووە، لەبەر ئەوەی کوڕەکەی بە مووچە خۆریی میری لە شاری کەرکووک دامەزرا کەمالیش کۆچوباری ژیانی بەرەو هەوارگەی تازە برد و تا ساڵی ١٩٦٣ هەر لەوێ ماوەتەوە، دواتر کوڕە گەورەی گوێزراوەتەوە بۆ سلێمانی و بە ئێجگاری هاتووەتەوە سلێمانی ، کەمالی جگە لە زوانی کوردی زوانی تورکی و فارسی و عەرەبیشی بەباشی زانیوە .
پێنج خشتەکییەك لەسەر شیعرێکی سالم و غەزەلێکی حافز:
بەیادی چاوی مەستی تۆ ئەنۆشم بادەیی سەھبا
لە شەوقی گەردەنی تۆیە کە ئەگرم گەردنی مینا
ئەبێ نەیبێ غەمی دنیا و عوقبا عاشقی شەیدا
بەدەل کەین با بە نەشئەی مەی خوماری میحنەتی دونیا
الا يا ايها الساقي ادر کاسا و ناولها
٭ ٭ ٭
خەڵکی ئەمڕۆ وا لەسەر ئەوجی فەلەک جەولان ئەکەن
هەروەکو ماسی لەدەریادا سەفا و سەیران ئەکەن
نەگبەتی و بێ عەقڵی داوێن گیری ئەم کوردانەیە
بۆیە تازە حەز لە زەرگ و تەپڵ و دەف لێدان ئەکەن
ئێمە کورد و سەرچڵین دائیم شەڕ و دەعوا ئەکەین
تاوەکوو ئاخر نەفەس بەرزی وەتەن داوا ئەکەین
هەججەتی نامووس و ئیستیقلالی خۆمان سەیر کەن
وا بە خوێنی گەورە گەورەی کوردەکان ئیمزا ئەکەین .
٭ ٭ ٭
كۆچی دوایی
مەخابن پاش بەسەر بردنی ٨٨ ساڵی لە تەمەنی پڕ لە سەربەرزیی و ئیخڵاسی قەوم، لە شەوی هەینیی ٢٩ی ١١ی ١٩٧٤ کۆچی دوایی دەکات و لە گردی شێخ محێدین بە خاکی دەسپێرن.