ناوهڕۆك
بابە تایەری ھەمەدانی كێیە؟
بابە تایەری ھەمەدانی ناسراو بە بابە تایەری عوریانی، ھۆنەرێكی بەرز و ھەرە گەورەی كلاسیزمی كوردە، ئەم ھۆنەرە مەزنە زۆر لایەنی ژیانی بەنادیار و شاردراوەیی ماوەیەوە، تەنھا ئەوەندەی لێزێنراوە، كە خەڵكی شاری ھەمدانە و سەر بە ناوچەی لوڕستانە.
چوار خشتەكییەكانی بە زاراوەی لوڕی نووسیوە، پیاوێكی سۆفی و خواناس بووە، لە خەڵك دووركەوتوەتەوە و گۆشەگیری لا پەسەند بووە، بەڵكو بگاتە خۆشەویستەكەی، ھەر لە ھەمەدان كۆچی دوایی كردوە، گۆڕەكەی لەسەر گردێكە، كە كەوتۆتە باكوری ڕۆژئاوای ھەمەدان، ئێستا ئارامگەیەكی جوانیان بە سەرەوە دروستكردووە.
گەلێك كەس لەبارەی ژیانی دواوە و ھەر یەكێك بەپێی سەلیقە و بۆچوقنی خۆی شتی نوسیوە. بەڵام ژیانی بابە تایەر وەك ژیانی شاعیرە گەورەكانی تر بە دوورنەبوە لە دەستوەردانی مێژووناسانی ئەدەب و ئەوانەی سەرسام و پابەند بوون بە بیر و بەرھەمە ئەدەبییەكەی. لە ئەنجامدا وا دەركەوتووە كە ساڵی لەدایكبوونی پێش نیوەی یەكەی چوارەمی كۆچی نەبووە، میرزا مەھدی خان گوتارێكی لەبارەی ژیانی بابە تایەرەوە لە گۆڤاری (كۆمەڵەی ئاسیایی) لە بەنگاڵدا لە ساڵی (١٩٠٤)ز بڵاوكردۆتەوە، مێژووی لەدایكبوونی بابە تایەری ھەمەدانی بەپێی ئەم چوارینەی خۆیەوە دەریخستووە كە دەڵێت:
مۆئان بەحروم كە دەر زەرف ئامەدوستوم
مۆئان نوقتە كە دەر حەرف ئامەدوستوم
بە ھەر ئەلفی ئەلف قەدی بەرئایۆ
ئەلف قەدوم كە دەر ئەلف ئامەدوستوم
واتا من وەكو ئەو دەریایەم، كە لە پیاڵەیەكدا دەركەوتووم. من وەكو ئەو نوقتەم كە لەسەری پیتێكدا پەیدا بووم لە دوایی ھەر ھەزار ساڵدا ئەلف ئەندامێك دەردەكەوێت، من ئەو ئەلف ئەندام و باڵا ڕاستەی وەكو ئەلفەم، كە لە ئەلف یان ھەزاردا ھاتومەتە جیھانەوە. ئینجا میرزا مەھدی خان لە دێری كۆتایدا بەپێی ژمارەی ئەبجەد لێكیداوەتەوە، كە ساڵی لەدایكبوونی بابە تایەر دەكاتە (٣٢٦) كۆچی بەرامبەر بە (٩٣٨)ز ھەروەھا ساڵی (٤٠١) كۆچی داناوە بە ساڵی مردنی، بەڵام ھیچ بەڵگەی بۆ ئەمە نەھێناوەتەوە، كە بەرامبەر بە (١٠١٠)ز ھەر چۆنێك بێت چەند ساڵێك زووتر، یا درەنگتر لە دایكبووبێت نرخی شاعیرێتی بابە تایەر زیاد و كەم ناكات، كە شاعیرێكی سۆفی و خواناسی گەورەی كوردە لەسەردەمی خۆیدا.
بەرھەمەكانی
ئەو بەرھەمە ئەدەبییەی، كە ئەو بەرھەمە ئەدەبییەی، كە لە بابە تایەرەوە بۆمان بەجێ ماوە و كۆمەڵە چوارینەكانێتی، كە زۆر بەھێز بوون و جێگەی خۆیان لەناو دڵ و دەروونی خەڵكدا كردۆتەوە و لەبەریان كردوون، لە بابە تایەرەوە بۆمان بەجێ ماوە و كۆمەڵە چوارینەكانێتی، كە زۆر بەھێز بوون و جێگەی خۆیان لەناو دڵ و دەروونی خەڵكدا كردۆتەوە و لەبەریان كردوون، لە نەوەیەكەوە بۆ نەوەیەكی تر ماونەتەوە، یا بڵێین گوازراونەتەوە، تا گەیشتونەتە سەردەمی چاپكردن، ئینجا لە دیوانێكی بچووكدا چەند جار چاپكراونەتەوە، بەڵام زۆربەی چوارینەكانی كە لە چاپدراون دەستكاریەكی زۆریان كراوە وشەی فارسییان تێكەڵاو كردووە، ھەروەھا گەلێك چوارینیان بە ئارەزووی خۆیان داوەتەوە پاڵ بابە تایەرەوە، ھەتا گەیشتۆتە ئەو ڕادەی، كە بابە تایەر ھەشتا چوارینی نووسیوە، گەرچی نزیكەی پێنجسەد چوارینە بە ناوی ئەوەوە بڵاوكراوەتەوە، جگە لە كۆمەڵە چوارینەكانی دوو كتێبی تری بە ناوی (كلمات القصار) و (الفتوحات الربانى فى اشارات الهمدانى) بە زمانی عەرەبی داناوە، كە لەوانەدا پلە و پایەی بەرزی ئەدەبی و سۆفی و خواناسی ئەومان بۆ دەردەكەوێت.
ڕوخساری شیعرەكانی
بابە تایەر ئەو ڕێچكەیەی كە گرتویەتی ڕێچكەیەكی سادەی بێ گرێ بووە، ویستوویەتی دەوروبەری خۆی لە بیر و باوەڕی خۆی تێبگەیەنێت ھۆنراوەكانی بە زمانێكی سادە و ساكار نووسیوە، ھەموو كەس خوێندەوار و نەخوێندەوار لە ھۆنراوەكانی تێگەیشتووە، بە زاراوەی لوڕی پەتی سادە مانایەكی بەرزی دەربڕیوە. بابە تایەر بەدوای وشەكاری و شێوازی بەتین و وشەی گران نەگەڕاوە، بەڵكو ھۆنراوەكانی بە قاڵبی (چوارین) داڕشتووە، ئەو قاڵبە لەگەڵ ئەو شتەی، كە دەیویست یەك دەگرێتەوە، كە وشەكان سادەبن، كاریگەربن لە دەروونی خەڵكدا، بە ئاسانی لەبەر بكرێن. بابە تایەر شێوازێكی تایبەتی ھەبووە و لاسایی كەسی نەكردۆتەوە، شێوازی لە چوارینەكانی وێنەی نەبووە، ھۆنراوەی كەس كاری تێنەكردووە ھەرچی گوتویەتی تایبەت بەخۆی بووە، لە داھێنانی خۆی بووە. كێشی عەروزی عەرەبی بەكارھێناوە بەڵام ئاسانترین كێشی ھەڵبژاردووە كە لەگەڵ وشە سادە و ساكارەكان گونجاوە و بونەتە تەواوكەری یەكتری، كە كێشی (مەفاعیلون—مەفاعیلون—مەفاعیل)ە كە ئاوازێكی مۆسیقایی خۆشی ھەیە.
ناوەڕۆكی شیعرەكانی
كاتێك بابەتەكانی بابە تایەر دەخوێنێتەوە، بۆت دەردەكەوێت، كە بابە تایەر ھۆنراوەی بۆ كەسێك نەگوتووە، ستایشی كەسی نەكردووە، تا بگاتە پلەو پایەیەك، یان ھەندێك شتی دەستبكەوێت، بەڵكو بۆ ئارەزووی دڵی خۆی شیعری نووسیوە، بۆ خۆشەویستی خوای گوتووە، ھۆنەرێكە سۆفیگەربووە، تاكە شاعیری كوردە، كە ڕێچكەی سۆفگەری گرتووە و لە سەردەمی پەیدابوونی سۆفیگەری ژیاوە، سۆفیگەری چەند قۆناغێكی ھەیە، سۆفیگەری پێویستە سۆفی ئەو قۆناغانە ببڕێت تا بگاتە پلەی تەواوی، ئەو قۆناغانە بریتین لەو ڕێگایانەی، كە سۆفیەكان دەیگرنە بەر و دەست لە ھەموو شتێك ھەڵدەگرن، كە پەیوەندی بە ژیانی سەر ڕووی زەمینەوە ھەبێت، بە دڵ و بە گیان ڕوودەكەنە مەبەستە سەرەكییەكان، بۆ ئەوەی بگەنە لای خۆشەویستەكەیان.
ھەندێك لە چوارینەكانی
١- مۆئان ڕەندەم كە نامەم بی قەلەندەر
نە خون دیروم، نە مۆن دیروم، نە لەنگەر
چو ڕوز ئایەد بگەردەم گەردی گێتی
چو شەو ئایەد بەخشتی وا نەھەم سەر
٢- دلی دیروم زعیشقت گێج و یجە
موژە بەرھەم زەنوم خوونا بەریجە
دلی عاشق بەسانی چووب تەڕبی
سەری سووجە سەری خوونا بەریجە
لێكدانەوەی مانای چوارینەكان
١- من ئەو ڕەندە بێ پەروایەم، كە ناوم قەلەندەرە، نە خوانەیەكم ھەیە نانی لەسەر بخۆم، نە شوێنێكم ھەیە تێیدا بحەوێمەوە، نە كەسێكم ھەیە پشتیوانم بێت و لەنگەرم بگرێت، كە ڕۆژ ھات بەدەوری گێتیدا دەگەڕێم، كە شەو ھات خشتێك دەخەمە ژێر سەرمەوە و دەنووم.
٢- دڵێكم ھەیە كە لە ئەوینت گێژ و وێژە، برژانگ بەیەكدا بێنم خوێناو دەڕێژێت دڵی ئەویندارم وەك تولی تەڕ، سەرێكی دەسووتێت و سەرێكی خوێناو ھەڵدەڕێژێ.