ڕامبووتان

له‌لایه‌ن: - لەنیا کەریم لەنیا کەریم - به‌روار: 2022-08-07-14:44:00 - کۆدی بابەت: 9733
ڕامبووتان

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

ڕامبووتان (بە ئینگلیزی: Rambutan، بە عەرەبی: الرامبوتان)، میوەیەکی تام خۆش، شێوە جوان، جیاواز و سەرنجڕاکێشە، توێکڵێکی تەنک و ڕیشاڵداری هەیە و ناوەکەی پێکدێت لە توپێکی سپی و ناو ئەم تۆپەش پێکدێت لە تۆو، تامەکەی لەنێوان ترش و شیریندایە، ناوی ئەم میوەیە لە ووشەی Rambutـی مالاییەوە سەرچاوەی گرتووە کە بە واتای قژدار یان دڕکاوی نەرم دێت، قەبارەی میوەی ڕامبووتان بە ئەندازەی کیوییەک یاخود سێوێکی بچووکە.

ناوچەی پێگەیشتنی

نیشتیمانی ڕەسەنی ئەم جۆرە میوەیە ناوچەکانی باشووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیایە وەک، ئیندۆنیزیا، مالیزیا، فلیپین. تایلەند و ڤێتنام.

شێوازی خواردنی

میوەی ڕامبووتان وادەردەکەوێت میوەیەکی جیاوازە بەڵام هەر وەک میوەکانی تر شێوازی خواردنی ئاسانە، بە ئەم سێ هەنگاوە دەتوانیت میوەکە بخۆیت:

  1. توێکڵەکەی بە هێواشی ببڕە بە شێوەیەک کە بەشی ناوەوەی میوەکە زیانی پێنەگات، دواتر توێکڵەکە بە لەسەرخۆیی بگوشە تا بەشە سپییە بریقەدارەکەی دەردەکەوێت کە وەک بۆڵە ترێیەکە وایە.
  2. دواتر بۆ ئاسانکاری لە خواردنی دەتوانیت بەشە سپییەکەش ببڕیت و تۆوەکەی دەربهێنیت پاشان بە ئاسانی بیخۆیت.

بەکارهێنانەکانی

دەتوانیت میوەی ڕامبووتان بە تەنیا و لەگەڵ چەند کەرەستەیەکی تری جیاواز بخۆیت، وەک:

  1. بەکارهێنانی میوەی ڕامبووتان لە زەڵاتەدا لەگەڵ چەند میوەیەکی تر.
  2. بەکارهێنانی ڕامبووتان لە ماڵەوە بۆ دروستکردنی ئایس کرێم.
  3. دەتوانیت ڕامبووتان بەکاربهێنیت لە دروستکردنی جەلیدا.
  4. بەکارهێنانی ئەم میوەیە بۆ دروستکردنی شەربەتی تازە.

سوودە تەندروستییەکانی

  1. بەهێزکردنی سیستەمی بەرگری: بەهۆی دەوڵەمەندی میوەی ڕامبووتان بە ڤیتامین سی یارمەتی بەرزکردنەوەی ئاستی ماددەی ئاسن دەدات، هەروەها ڕێژەی خڕۆکە سپییەکانی خوێن بەرز دەکاتەوە کە دەبێتە هۆی زیادکردنی بەرگری جەستە بەرامبەر نەخۆشی.
  2. پاراستنی تەندروستی دڵ: میوەی ڕامبووتان دەوڵەمەندە بە پۆتاسیۆم کە هۆکارە بۆ پاراستنی ئاستی پەستانی ئاسایی خوێن، هەروەها ئەم میوەیە یارمەتی زیادکردنی چالاکی ماسولکەکانی دڵ دەدات کە ئەمەش ڕێگرە لە توشبوون بە جەڵتەی دڵ.
  3. کەشەنگ بوونی ماسولکە کەم دەکاتەوە: ڕامبووتان میوەیەکی دەوڵەمەندە بە مەگنسیۆم کە یارمەتی ئارامبوونەوە ماسولکە دەدات، پاش خواردنی میوەکە لە کەمترین ماوەدا ئازاری ماسولکە کەم دەبێتەوە.
  4. چارەسەرە بۆ قەبزی: ئەم میوەیە دەوڵەمەندە بە ڕیشاڵ کە یارمەتی ڕێکخستنی کرداری هەرس دەدات و ڕێگری دەکات لە توشبوون بە قەبزی، هەروەها یارمەتی چارەسەرکردنی هەوکردنی ڕیخۆڵە دەدات.
  5. یارمەتیدەرە لە پتەوکردنی ئێسکدا: بوونی کانزای کالسیۆم لە میوەی ڕامبووتاندا هۆکارە بۆ پتەوکردنی ئێسکی جەستە.
  6. چارەسەرە بۆ هەوکردنی میزەڵدان: بەهۆی هەبوونی ڕێژەیەکی زۆری ڤیتامین سی لە میوەکەدا ڕێگری دەکات لە توشبوون بە هەوکردنی میزەڵدان کە ئەم جۆرەی هەوکردن زیاتر لە ئافرەتاندا باوە بەراورد بە پیاوان.
  7. ڕێگرە لە توشبوون بە کەمخوێنی: کەمی ڕێژەی ئاسن لە لەشدا هۆکارە بۆ توشبوون بە نەخۆشی کەمخوێنی، هۆکارەکەشی دەگەڕێتەوە بۆ نەبوونی خڕۆکەی سووری پێویست لە لەشدا کە کاریان گواستنەوەی خۆراک و ئۆکسجینە بۆ هەموو خانەکانی لەش، خواردنی میوەی ڕامبووتان یارمەتی بەرزبوونەوەی ئاستی ئاسنی خوێن دەدات.


سەرچاوەکان



355 بینین