چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو منداڵانەی کە خواردن ناخۆن

له‌لایه‌ن: - ئیلهام ئەنوەر ئیلهام ئەنوەر - به‌روار: 2022-08-09-21:51:00 - کۆدی بابەت: 9770
چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو منداڵانەی کە خواردن ناخۆن

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو منداڵانەی خواردن ناخۆن (بە ئینگلیزی: How to deal with children who do not eat، بە عەرەبی: کیفية تعامل مع طفل الذي يرفض الطعام)، هەندێک منداڵ زۆر کەم خواردن دەخۆن یان هەموو خواردنەکەیان ناخۆن و گلەیی لێ دەکەن، دەربارەی بڕی ئەو خۆراکەی منداڵ دەیخوات، دەبێت ڕێگای بدەن خۆی دیاری بکات کە چەند دەخوات، چونکە ئەو باشتر دەزانێت کە گەدەی چەنێکە و کەی تێر دەبێت، ئەگەر هەندێک خۆراکیش نەخوات، پێویستە لەوە تێبگەن کە وەکوو مرۆڤێک خاوەنی تامی جیاوازی خۆیەتی و ڕەنگە تامی هەندێک خواردن، وای لێنەکات هەست بەباشی بکات. بەڵام گرنگ ئەوەیە دایکان و باوکانی ئەو منداڵانەی کە خواردن ناخۆن، بە ڕەفتاری گونجاو و دروست هانی منداڵ بدەن بۆ نانخواردن، یارمەتی کەمخۆری منداڵەکامیان بدەن.

چۆنیەتی مامەڵکردن لەگەڵ ئەو منداڵانەی خواردن ناخۆن

  1. چەند هەڵبژاردنێک بدە بە منداڵەکە: ئەگەر چەند قاپێکی جیاوازی خۆراک دابنێیت، ئیتر پێویست بە شەڕ و گلەییکردن ناکات لەگەڵ منداڵەکە، بۆ نموونە ئەگەر دەتەوێت سپاگێتی دروست بکەیت، سپاگێتی، سۆس، گۆشت و زەڵاتەکە بەجیا دابنێ، ڕەنگە منداڵ تەنیا سپاگێتی و سۆسەکە بخوات.
  2. ئەو شتانە دووربخەنەوە کە وا لە منداڵەکە دەکەن سەرنجی لەسەر خواردنەکە نەمێنێت: منداڵەکان زیاتر حەز دەکەن یاری بە خواردنەکەیان بکەن لەبری ئەوەی بیخۆن، کەواتە لەکاتی نانخواردن تەلەڤزیۆن و مۆبایل بکوژێننەوە، سەرنج بخەنە سەر نانخواردنی منداڵەکان.
  3. چەند جۆری جیاواز خواردن دروست مەکە: هەوڵبدە یەک جۆر خواردن بۆ خێزانەکەت دروست بکەیت تاکوو منداڵەکەت فێر بکەیت خواردنی خێزانەکە بخوات. بۆیە هیچکات پێشنیاری چەند جۆرێک خواردنی بۆ مەکە تاکوو لەنێوانیان دانەیەک هەڵبژێرێت، چونکە بەمشێوەیە ماڵەوە لەگەڵ چێشتخانەیەک تێکەڵ دەکات و هەموو ڕۆژێک چاوەڕێی چەندین جۆر خواردن دەکات.
  4. خواردنی خێرا و بەپەلە بۆ ئەو منداڵە دروست مەکە کە باش خواردن ناخوات: ئەگەر منداڵەکەت ئەو خواردنەی نەخوارد کە لێت ناوە لەوانەیە بیر لەوە بکەیتەوە کە خواردنێکی سادەی وەکوو کەرەی عەلی بابا و جەلی پێبدەیت تاکوو برسی نەبێت. بەڵام بەم کارە گیر دەخۆیت و دەبێت لەدوای ئەوە هەر خواردنێکی داواکرد بۆی ئامادەبکەیت، لەبری ئەو کارە خواردنەکەی بگەڕێنەوە و لەبەرانبەردا هیچ خواردنێکی پێ مەدە.
  5. ڕێگا بە منداڵ بدە بێتە ناو چێشتخانە: باشتر وایە منداڵەکەت بەشداری پێبکەیت لە ئامادەکردنی خواردنەکان، تاکوو هەستێکی ئەرێنی بەرانبەر دروستکردنی خواردنەکان لەلا دروست ببێت، قاپ و پەرداخی دڵخوازی خۆی بۆ بکڕن، بۆ کڕینی ماددە خۆراکییەکان یارمەتی لێ وەربگرن ڕێگا بدەن ئەویش هەڵبژاردن بکات.
  6. کاتی ژەمەکان بەخۆشی تێپەڕێنن: ڕێگای جۆراوجۆر بەکاربهێنە بۆ دروستکردنی کەشێکی خۆش و شاد لای منداڵەکە، بۆ نموونە بە نمایشێکی بوکەڵە خواردن بە منداڵەکە بدە، یان وێنەی خۆی بۆ بکێشە و لەگەڵ خواردنی هەر کەوچکێک، ئەندامێکی جەستەی بکێشە، یان لەکاتی نانخواردن چیرۆکی بۆ باس بکە، کتێبی بۆ بخوێنەرەوە یان باسی یادگارییەکی خۆشی بۆ بکە.
  7. گرنگی بەکاتی برسێتی بدە: ئەگەر ئەو کاتانەی منداڵەکە برسی نییە، ناچاری بکەیت شتێک بخوات، ئەوا ڕێکخستنی ئارەزووی خۆراکی تێکدەچێت، ئەو لە تۆ باشتر دەزانێت کەی برسی دەبێت کەواتە ڕێگای بدەن کاتێک برسی بوو خواردن بخوات.
  8. هەستیار مەبە و زۆر گرنگی پێ مەدە: ئەگەر منداڵەکەت لەناکاو خواردنی ئەو خۆراکە ڕەتدەکاتەوە کە تا ئەوکاتە حەزی لێ بووە، ئەوا زۆر گرنگی پێ مەدە و ڕێگا بدە ئەوە بخوات کە دەیەوێت، دوای تەواوبوونی نانخواردنەکەش ئەگەر ئەو خواردنەی نەخواردبوو، بەبێ گرنگی پێدان قاپەکەی هەڵگرە و لایبە.
  9. ڕازاندنەوەی خواردن: یەکێک لە کاریگەرترین ڕێگاکان بۆ هاندانی منداڵ بۆ خواردن بریتییە لە ڕازاندنەوەی خواردنەکە بۆی، یان دانانی خواردنەکە لە قاپی جوان و ڕەنگاوڕەنگدا، جوانی شێوازی خواردنەکە جگە لەوەی هانیان دەدات بۆ خواردن، وادەکات ئەو منداڵانەی ئارەزووی خواردنیان باش نییە، باشتر خۆراک بخۆن.
  10. بەکۆمەڵ نان بخۆن: هەوڵبدەن کاتی نانی نیوەڕۆ وا دابنێن کە هەموو ئەندامانی خێزانەکە بتوانن ئامادەبن، لەگەڵ منداڵەکەتان خواردن بخۆن، لەکاتی نانخواردنەکەش جار جار بەیەکەوە قسە بکەن و مۆڵەتی منداڵە بچووکەکەش بدەن.
  11. شێوازی لێنانی خواردنەکان بگۆڕە: بۆ نموونە ئەگەر منداڵەکەت هێلکەی کوڵاو ناخوات، بەڵام هێلکەی سوورەکراو دەخوات، ئەوا گرنگ نییە و هێلکەی سوورەکراوی بدەرێ، گرنگ ئەوەیە کە هێلکە بخوات، کاتێک گەورەتر بوو دەتوانیت کەم کەم هێلکەی کوڵاوی بدەیتێ. ئەگەر گۆشت ناخوات، هەوڵبدە قیمە یان گۆشتەکە زۆر ورد بکە و بیکە ناو خواردنەکە، بەشێوەیەک هەست نەکات گۆشتی تێدایە و تەنیا بیخوات. 

بەشداری بە منداڵ بکەن لە ئامادەکردنی خواردن

بە لەبەرچاو گرتنی تەمەنی منداڵەکەت، لەکاتی خواردن ئامادەکردن با منداڵەکەت یارمەتیت بدات و ئەرکێک لە ئەستۆ بگرێت، وەکوو:

  • بۆ نانی بەیانی لەدانانی پەنیر و شتەکانی تر یارمەتیت بدات و بەو جۆرە قاپەکان دابنێ کە حەزی لێیەتی.
  • دوای ساردبوونەوەی هێلکەی کوڵاو توێکڵەکەی لێبکاتەوە.
  • سەوزەکان بشواتەوە.

ئەم کارانە هەم متمانە بەخۆبوونی منداڵەکە زیاد دەکات هەم یارمەتی دەدات زیاتر ئارەزووی خواردنەکان بکات.

ئەو کارانەی نابێت لەگەڵ ئەو منداڵانەدا بکرێت کە نان ناخۆن

  • هیچکات بەدوای منداڵدا ڕامەکە بۆئەوەی خواردنی بدەیتێ.
  • کاتێک ئاگای لێ نییە کەوچکەکە مەکە بە دەمیدا.
  • مەرج دامەنێ بۆ نانخواردن یان نەخواردنەکەی.


سەرچاوەکان



1462 بینین