حەریق

له‌لایه‌ن: - شنیار کەمال شنیار کەمال - به‌روار: 2022-08-11-16:50:00 - کۆدی بابەت: 9796
حەریق

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

ساڵحی کوڕی مەلا نەسروڵڵا ناسراو بە حەریق (بە ئینگلیزی: Hariq، بە عەرەبی: حریق) یەکێکە لە شاعیرە کوردەکانی سەدەی بیستەمی شاری سلێمانی.

ژیاننامە

حەریق لە ساڵی ١٨٥٦ لە گوندی زێویە کە دەکەوێتە ناوچەی سورداشی شاری سلێمانی لەدایکبووە، حەریق سەرەتا لای باوکی دەستی بە خوێندن کردووە و فێری بنەماکانی زانستی ئیسلامی و زمانی عەرەبی بووە، لای چەندین مەلای ئەو سەردەمە خوێندکار بووە، لە مزگەوتی شێخ محەمەدی بەرزنجی فەقێ بووە دواتر بە مەبەستی فێربوونی زانیاری زیاتر دەربارەی زانستە ئیسلامییەکان ماوەیەک چووەتە قەراخ و بیارە و پاشان گەڕاوەتەوە سلێمانی، لە ساڵی ١٨٨٤ دەچێتە پێنجوێن و دەبێت بە خوێندکاری مەلا عەبدولڕەحمانی پێنجوێنی و دواتر کۆچ دەکات بۆ موکریانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە ناوچەی موکریان شێخ بورهان لە خانەقاکەی خۆی فێری ڕێبازی نەقشبەندی دەکات، حەریق دەروێش بووە بۆی نەبووە هاوسەرگیری بکات بەڵام بەهۆی ئەوەی بە دزییەوە هاوسەرگیری دەکات یاساکان دەشکێنێت و شێخ بورهان لە خانەقاکەی دەری دەکات، پاشان دەبێت بە ئیمام لە شاری مەهاباد لە مزگەوتی سەید حەسەن کە بە مزگەوتی هەژاران ناسراوە و درێژە بە سۆفییەتی و دەروێشییەکەی دەدات، حەریق لە ساڵی ١٩٠٩ لە تەمەنی ٥٣ ساڵیدا لە شاری مەهاباد کۆچی دوایی کردووە لە گۆڕستانی مەلا جامی نێژراوە.

شیعر و بەرهەمەکانی

حەریق لە نووسینی شیعردا کێش و سەروای پاراستووە و ئیلهامی لە شاعیرانی وەک نالی و مەولەوی وەرگرتووە، شیعری هەورامی بۆ شێخەکەی نووسیوە و بەم شیعرەش ڕەخنەی لە نالی شاعیریش گرتووە:
زۆر حەیفە ئەتۆ نالی، بەو پیریە منداڵی
بەو جۆرە لە عیشق ئەدوێی زیبا کچ و دیبا کوڕ
بۆ عیشقی حەقیقی بێ، تالیب مەبە ئیللا کوڕ
هەم حەزرەتی لەولا کوڕ، هەم یووسوفی والا کو

بەرهەمەکانی:

• دیوانی حەریق لەلایەن کوردی مەریوانی لە بەغداد ساڵی ١٩٣٦.
• دیوانی حەریق لەلایەن مەحموود خاکی، کەرکووک لە چاپخانەی الجمهوریة ساڵی ١٩٣٨.
• دیوانی حەریق (گردآورندە) لەلایەن سەید نەجمەدین ئەنیسی لە چاپخانەی نشر محمدی لە سەقز ساڵی (١٩٩٠).
• دیوانی حەریق لەلایەن نەوزاد کەلهور لە نووسینگەی تەفسیر لە هەولێر ساڵی ٢٠١١ چاپ کراوە.

نموونەی شیعری: هەوری خەفەت

هەوری خەفەتە بەفری غەمی داوە بەسەرما
یا سەڕسەڕی دووریتە کە لێی کردمە سەرما
گاهێ بە شەرارەی غەم و گەهـ سەڕسەڕی هیجران
خۆشی نەبوو بۆ من نە بە گەرما نە بە سەرما
کەوتۆتە سەرم ئەشک و غوباری ئەلەمی دڵ
یەعنی: کە قوڕی میحنەتە کردوومە بەسەرما
گەر دەچمەوە ساحیب نیە هیچ مونیس و ساحیب
گەر دەچمە سەقز ناری سەقەڕ وا لە جگەرما
شاهیدمە حەواسم کەسەکەم چەندە کەساسم
بەخودا نییە غیرەت لە خەیاڵ و لە نەزەرما
هەرچەندە بە جیسمانی کە دوورم لە حوزوورت
ڕۆحانییەتت سەبتە لەنێو دیدەیی تەڕما
تۆفانی سروشکم چووە سەر جوودی وجوودم
کەشتی تەنی قوم کرد و نە نووح و نە ئەسەر ما
لەوساوە کە تۆ ڕۆیی دڵم ڕۆیی بەدووتا
هێلانەیی تەن هەروەکوو مەئوایی سەقەرما
بێ فەوجی وەفاکەت کە جەفایە وەرە ئەمشەو
ئەم لەشکری ئاهی منە بێ فەتح و زەفەر ما
لەم قەسوەتەدا دانەکەوێ پەردەیی زوڵمەت
بەرچاوی دڵم بگرێ، دەسا بێ بە گوزەرما
ئاوێنەیی دڵ ژەنگی قەساوەت ڕوخی پۆشی
خاکستەری دڵسووختەیی بێنە بەسەرما
مەنواڕە بە زاهیر کە بەبێ قووتم و ڕووتم
ڕووت، قووت و خەیاڵت غەزەلی چاکە لەبەرما
سەرمایەیی ئەم مڵکی خەیاڵاتە حەریقی
حەیفێ کە تەلەف بوو، بە هەدەرچوو، بە زەرەرما

نموونەی شیعری: جێژنانەی ڕۆح

قوربان وەرە قوربانە، سا بمکە بە قوربانت
ڕەنگین کە بە خوێناوم کاکۆڵی پەرێشانت
ئازادییە ئەمڕۆژە، سا فەرموو بە ئازانە
تیرت لە کەمانت خە بۆ قەتڵی شەهیدانت
جێژنانەیی مە ڕووحە کردوومە بە قوربانت
تۆش ماچێ کەرەم فەرموو لەو سێوی زەنەخدانت
تفڵی دڵی بێچارە موددێکە گرفتارە
غەمخواری دڵ ئازارە بۆ ناوەکی موژگانت
ڕۆح و دڵ و دین هەرسێ مەجمووع بە یەکدەفعە
قوربانی سەعاتێکی لەعلی لەبی مەرجانت
مەقسوودی من ئیزهارە بۆ ئەمسیلەیی مەدحت
بۆ توحفەیی ئەوسافی ئەزهاری گوڵستانت
ئەی خوسرەوی پەروێزم، شیرینی شەکەرڕێژم
فەرهادی دڵی کوشتم چاوی ڕەشی قەتتانت
موومکین نییە تەقسیمی زەربی عەدەدی زەخمت
مینها کە لە تەقسیمدا، زەربی خەمی چەوگانت
دڵ تالبی ڕوخسارت، جان تالبی گوفتارت
فرزەندی خیرەد ڕۆیی بۆ لەعلی بەدەخشانت
بۆستانە کەناری دڵ بۆ نەخلی قەدت قوربان
دیدەم وکوو ڕووبارە بۆ سەروی خەرامانت
قەلعەی دڵەکەم قوربان نیشانەیە بۆ تیرت
سینەم وەکوو سەحرایە، بۆ جیلوەیی مەیدانت
بۆو چاوە کە وا مەستە، دڵ سستە سەرم مەستە
ئەم ئەبرووە پەیوەستە، بۆ قەتڵی موحیببانت
تەنهاکە حەریقم من بۆ شەمعی شەبوستانت
مەمکووژە وەرە تۆخوا، سا تۆ، بە ڕەقیبانت


سەرچاوەکان



1449 بینین