چارەسەری بەکتریای گەدە

له‌لایه‌ن: - شارا نەوزاد شارا نەوزاد - به‌روار: 2024-05-30-19:19:00 - کۆدی بابەت: 13072
چارەسەری بەکتریای گەدە

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

چارەسەری هەوکردنی بەکتریای گەدە یاخود بەکتریای H. pylori (بە ئینگلیزی; Treatment of H. pylory bacteria، بە عەرەبی; علاج بكتيريا المعدة) پزیشکەکان بە شێوەیەکی ئاسایی تێکەڵەیەک لە دوو دژە بەکتریا و دەرمانێکی کەمکردنەوەی ترشی دەنووسن بۆ چارەسەرکردنی H. pylori. ئەمە بە چارەسەری سیانی ناسراوە. ئەگەر بەرگری لە بەرامبەر دژە بەکتریاکان هەبێت، پزیشک لەوانەیە دەرمانێکی تر زیاد بکات بۆ پلانی چارەسەرییەکە، ئامانجەکە ئەوەیە کە لە سەدا ٩٠ یان زیاتر بەکتریای H. Pylori لەناوببرێت.

بەکتریای گەدە چییە؟

بەکتریای هێلیکۆباکتەر پایلۆری (بە ئینگلیزی; Helicobacter pylori) جۆرێکە لە بەکتریا کە گەدە تووشی هەوکردن دەکات و بە بەکتریای گەدە ناسراوە. ناوپۆشی پارێزەری گەدە و بەشی یەکەمی ڕیخۆڵە باریکە لاواز دەکات، ڕێگە بە شەربەتی هەرس دەدات کە ناوپۆشی گەدە هەراسان بکات. ئەمە لەوانەیە ببێتە هۆی هەوکردنی گەدەی درێژخایەن و برینەکانی گەدە یان ڕیخۆڵە باریکە. نزیکەی دوو لەسەر سێی دانیشتوانی جیهان تووشی بەکتریای Helicobacter Pylori دەبن، لەگەڵ ئەوەشدا زۆربەیان نازانن بەکتریاکەیان هەیە.

هۆکاری بەکتریای گەدە چییە؟

لە کاتێکدا هۆکاری تەواوی هەوکردنی بەکتریای گەدە یاخود ئێچ پیلۆری نەزانراوە، پسپۆڕان پێیان وایە کە بەکتریاکە دەتوانرێت لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی تر بگوازرێتەوە، یان لە ڕێگەی بەرکەوتن بە پیسی و ڕشانەوە. هەروەها لەوانەیە لە ڕێگەی بەکارهێنانی خۆراکی پیس یان ئاوی پیسکراوەوە بێت.

نیشانەکانی بەکتریای گەدە چین؟

هەڵگرەکانی بەکتریای گەدە یاخود بەکتریای H. pylori بە شێوەیەکی ئاسایی نیشانەیان نییە. لەگەڵ ئەوەشدا، ئەگەر نەخۆشێک برین یان هەوکردنی گەدەی هەبێت، لەوانەیە ئازاری سکی هەبێت، هەرسی ناتەواو، هێڵنجدانەوە، هەستکردن بە برسێتی یەک بۆ سێ کاتژمێر دوای خواردن. ئەو کەسانەی کە هەوکردنی بەکتریای گەدەیان هەیە لەوانەیە ئەگەری تووشبوونیان بە شێرپەنجەی گەدە زیاتر بێت.

چارەسەرەکانی بەکتریای گەدە چین؟

چارەسەرییەکە بە شێوەیەکی ئاسایی لە دوو هەفتە زیاتر نابات، بەڵام چاکبوونەوە لە برینەکان کە بەهۆی بەکتریای H. pylori دروستبووە دەتوانێت کاتی زیاتر بخایەنێت. بەکارهێنانی دوو دژە بەکتریا لەجیاتی یەک لەوانەیە مەترسی ناکاریگەری دژە بەکتریاکان بەهۆی پەیدابوونی بەرگرییان دژی دژە بەکتریاکان کەم بکاتەوە. ئەو دژە بەکتریایانەی کە بەکاردێن بۆ چارەسەرکردنی H. pylori بریتین لە:

  • ئەمۆکسیسیلین
  • تێتراسایکلین
  • مێترۆنایدازۆڵ
  • کلاریثرۆمایسین

دەرمانی کەمکردنەوەی ترش کە یارمەتی ناوپۆشی گەدە دەدات بۆ چاکبوونەوە. هەندێک لەم دەرمانانە بریتین لە:

  • ڕێگرییەکانی پەمپی پرۆتۆن وەک ئۆمێپرازۆل (Prilosec) و لانسۆپرازۆل (Prevacid) کە بەرهەمهێنانی ترش لە گەدەدا ڕادەگرێت.
  • بلۆکەرەکانی هیستامین وەک سیمێتیدین (Tagamet)، کە ڕێگری لە بە ترش هاندانی هیستامینی دەکات.
  • بیزمەث سەبسایلیسایلەیت (Pepto-Bismol) کە ناوپۆشی گەدە دادەپۆشێت و پارێزگاری لێدەکات.

زۆربەی خەڵک بە درێژایی ژیانیان بەکتریای گەدەیان هەیە و هیچ نیشانەیەکیان نییە. بەڵام کاتێک دەبێتە هۆی هەوکردنی گەدەی درێژخایەن و چارەسەر نەکراوە، لەوانەیە ئاڵۆزییەکی گەورە ڕووبدات. لەوانەیە خوێنبەربوون و شێرپەنجەی گەدە بگرێتەوە. بەکتریای H. pylori هۆکاری سەرەکی و مەترسییە بۆ هەندێک جۆری شێرپەنجەی گەدە. ڕێژەی لەناوبردنی بەکتریای H. pylori بەرزە کاتێک چارەسەری دژە بەکتریای پەسەندکراوی FDA بەکاردێت. ڕێژەی لەناوبردنی بەکتریاکان زیاتر دەبن کاتێک دژە بەکتریاکان لەگەڵ هۆکاری کەمکردنەوەی ترش تێکەڵ دەکرێن. هەروەها زیادکردنی چارەسەری سروشتی دەتوانێت سوودی زیاتری چاکبوونەوە پێشکەش بکات.

دەتوانرێت چی بکرێت؟

لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، پزیشکەکان بە دەگمەن پشکنین بۆ بەکتریای H.pylori دەکەن مەگەر نیشانەکانیان هەبێت. هەوکردنی بەکتریای ئێچ پیلۆری دەکرێت نیشانەکانی لەگەڵ نەخۆشییەکانی تری گەدە وەک یەک بێت، وەک گەڕانەوەی ترشی گەدە و GERD. زۆر گرنگە کە دەستنیشانی گونجاو بکەیت بۆ ئەوەی دڵنیابیت لەوەی کە بە دروستی چارەسەر دەکرێت. لەوانەیە پێویست بە ناوبینی بکات، یان ڕیخۆڵە بین، یان هەردووکیان بۆ پشکنین و دەستنیشانکردنی بەکتریای گەدە. ئەگەر پشکنینەکە ئەرێنی بوو بۆ بەکتریایی H. pylori، زووتر دەست بە چارەسەر بکرێت، باشترە. چارەسەرە سروشتییەکان زیانت پێناگەیەنن، بەڵام سەلمێنراو نین بۆ لەناوبردنی هەوکردن. لە جیاتی چارەسەری ئاسایی بەبێ سەرپەرشتی پزیشک بەکاریان مەهێنە.

چۆن ڕێگری لە دووبارە تووشبوونەوە بگیرێت؟

سەرچاوەی H.Pylori ڕوون نییە. هەربۆیە هیچ ڕاسپاردەیەکی فەرمی لەلایەن CDC ەوە نییە بۆ ڕێگریکردن لێی. بە شێوەیەکی گشتی، پێویستە پاکوخاوێنی باش ئەنجام بدرێت بە زۆر شوشتنی دەستەکان و ئامادەکردنی خواردنەکان بە شێوەیەکی دروست. نەخۆشی تووشبوو بە بەکتریای گەدە واتا H.Pylori پێویستە تەواوی چارەسەرییەکە تەواو بکات تەنانەت ئەگەر پێش تەواوبوونی دەرمانەکانیش نیشانەکانی نەمابوون، بۆ ئەوەی ڕێ لە مەترسی دووبارە تووشبوونەوە بە بەکتریای گەدە بگرێت.

چەند پرسێک

ئایا ڕزگاربوون لە بەکتریای گەدە بێ بەکارهێنانی دژە بەکتریاکان ئەگەری هەیە؟ 

بۆ ئەوەی بەتەواوی جەستە بەکتریاکە لەناو ببات، پێشنیاری پزیشک بۆ دژە بەکتریا یارمەتیدەرێکی سەرەکی دەبێت بۆ ڕزگاربوون لە بەکتریای H. pylori.

ئایا ئاوی لیمۆ بۆ بەکتریای گەدە باشە؟

ئاوی لیمۆ لە ئێچ پایلۆری واتا بەکتریای گەدە ڕزگارت ناکات تەنانەت لەوانەیە نیشانەکان خراپتر بکات چونکە ترشە.

ئایا زەنجەفیل باشە بۆ بەکتریای گەدە؟

زەنجەفیل دەتوانێت یارمەتی کێشەکانی گەدە بدات، بەڵام لە بەکتریای H. pylori ڕزگارت ناکات.


سەرچاوەکان



141 بینین