چارەسەری سروشتی بۆ ڕزگاربوون لە بەکتریای گەدە

له‌لایه‌ن: - شارا نەوزاد شارا نەوزاد - به‌روار: 2024-05-25-20:59:00 - کۆدی بابەت: 12985
چارەسەری سروشتی بۆ ڕزگاربوون لە بەکتریای گەدە

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

چارەسەری سروشتی بۆ ڕزگاربوون لە بەکتریای گەدە  (بە ئینگلیزی; Natural treatment to get rid of H pylori، بە عەرەبی; العلاجات الطبيعية للتخلص من بكتيريا المعدة) لەگەڵ بەکارهێنانی دژە زیندەییەکان بۆ چارەسەرکردنی بەکتریای گەدە یاخود بڵێین بەکتریای H. pylori چەند چارەسەرێکی سروشتیش هەن کە دەتوانرێت سوودیان لێ ببینرێت بۆ چارەسەرکردن و ڕزگاربوون لە بەکتریای گەدە. هەندێک لە چارەسەرە سروشتییەکان بریتین لە پرۆبایۆتیک و گەڵای برۆکۆلی کە دەتوانن یارمەتی کەمکردنەوەی ژمارەی بەکتریای H. pylori لە گەدەیا بدەن. 

بەکتریای H. pylori چییە؟

هێلیکۆباکتەر پایلۆری (Helicobacter pylori) بەکتریایەکە کە دەتوانێت ببێتە هۆی هەوکردن لە ناوپۆشی گەدە. توێژینەوەیەکی ساڵی ٢٠٢٠ دەریخستووە کە بەکارهێنانی پرۆبایۆتیک یارمەتی هاوسەنگی نێوان بەکتریای باش و خراپی گەدە دەدات. بەکارهێنانی پرۆبایۆتیک لەگەڵ چارەسەری ستانداردی H. pylori وا لە دژە بەکتریاکان دەکات کاریگەرتر بن چونکە دژە بەکتریا هەردوو بەکتریای باش و خراپ لە گەدەیا دەکوژێت، بەڵام پرۆبایۆتیک یارمەتی پڕکردنەوەی بەکتریای باشی جەستە دەدات. هەروەها دەتوانێت مەترسی گەشەکردنی کەڕوو کەم بکاتەوە. 

بەکتریای ئێچ پایلۆری بەرپرسیارە لە دروستبوونی نزیکەی ٨٥ بۆ ٩٥ لە سەدی برینەکانی دوانزەگرێ و ڕێڕەوی هەرس لە وڵاتە پێشنەکەوتووەکان هەروەها لە نێوان ٣٠ بۆ ٥٠ لە سەدی برینەکانی دوانزەگرێ و ڕێڕەوی هەرس لە وڵاتە پێشکەوتووەکاندا. هەوکردنی گەدە بەهۆی بەکتریای H. pylori هەندێک جار بێ نیشانەیە، هەر بۆیە زۆرێک لەو کەسانەی کە ئێچ پایلۆریان هەیە هەر نازانن کە ئەوەیان هەیە. ئەم بەکتریایە لەوانەیە ببێتە هۆی نیشانەکانی ڕیخۆڵە وەک:

  • ئازار و سوتانەوەی ناو سک
  • هەڵئاوسان
  • هێڵنجدانەوە
  • لەدەستدانی ئارەزووی خواردن
  • زۆر جار لەدەستدانی پێشبینی نەکراوی کێش
  • شێرپەنجەی گەدە

بەکارهێنانی چارەسەری ئاسایی وەک دژە بەکتریا دەتوانێت ببێتە هۆی کاریگەری لاوەکی سەخت لەسەر هەندێک کەس، لەوانەیە هەست بە هێڵنجدانەوە و سکچوون و لەدەستدانی ئارەزووی خواردن بکەن. هەندێک کەس بەرگرییان بەرامبەر دژە بەکتریاکان هەیە، کە دەتوانێت ڕێگا نەریتییەکان بۆ چارەسەر ئاڵۆز بکات. لە ئەنجامی ئەمەشدا، گرنگیدان بە چارەسەری سروشتی بۆ هەوکردنی بەکتریای H.pylori لە زیادبووندایە. ئەمانە دەتوانرێت بەکاربهێنرێن لەگەڵ چارەسەری ئاسایی واتا دژە بەکترییەکان کە پزیشک دیاری دەکات، هەروەها دەکرێت لە هەندێک حاڵەتدا بە تەنها بەکاربهێنرێن.

چارەسەری سروشتی بۆ بەکتریای گەدە

چەندین توێژینەوە لەسەر چارەسەری سروشتی بەکتریای گەدە واتا H. pylori ئەنجام دراون. زۆربەی چارەسەرەکان ژمارەی بەکتریاکانی ناو گەدەیان کەمکردووەتەوە، بەڵام نەیانتوانی بە هەمیشەیی لەناوی ببەن. هەروەها پێویستە قسە لەگەڵ پزیشک بکرێت پێش ئەوەی دەست بکرێت بە چارەسەری سروشتی. نابێت چارەسەری پێشنیارکراوی پزیشک بگۆڕیت بۆ چارەسەری سروشتی لە خۆتەوە و بە بێ ڕاوێژی پزیشک. بە ڕەزامەندی پزیشک، دەتوانیت چارەسەری سروشتی بەکاربهێنیت وەک چارەسەرێکی گونجاو. کە ئەمە لە هەمان کاتدا دەتوانێت کاریگەری دەرمانە پزیشکییەکان زیاد بکات.

پرۆبایۆتیک

پرۆبایۆتیک یارمەتی پاراستنی هاوسەنگی دەدات لە نێوان بەکتریای باش و خراپی ڕیخۆڵە. بەپێی توێژینەوەیەکی ساڵی ٢٠٢٠، بەکارهێنانی پرۆبایۆتیک پێش یان پاش چارەسەری ستانداردی H. pylori دەتوانێت ڕێژەی لەناوبردنی باشتر بکات. دژە بەکتریاکان بەکتریای باش و خراپ لە گەدەدا لەناودەبەن، بۆیە پرۆبایۆتیکەکان یارمەتی پڕکردنەوە و پاراستنی بەکتریای باشی گەدە دەدەن. هەروەها دەکرێت مەترسی گەشەکردنی کەڕوو کەم بکەنەوە. 
سوودەکانی: کۆبوونەوەی بەکتریا باشەکان لە ڕیخۆڵەدا کە ئەمەش دەکرێت یارمەتی دەربێت لە دابەزاندن و لەدەستدانی چەوری سک.
زیانەکانی: لەوانەیە نیشانەی هەرسکردنێکی ناخۆش دروست بکات، هەروەها لەوانەیە ببێتە هۆی سەرئێشە یان کاردانەوەی خراپ.

چای سەوز

توێژینەوەیەکی ساڵی ٢٠٢٠ دەریخستووە کە ئەو هەویری دەم شوشتنەی لە دەرهێنانی چای سەوز ئامادە دەکرێت کاریگەرە لە ڕێگریکردن لە گەشەکردنی بەکتریای ئێچ پایلۆری.
سوودەکانی: دەوڵەمەند بە پۆلیفینۆڵ کە دەتوانێت یارمەتی کەمکردنەوەی هەوکردن بدات، هەروەها لەوانەیە سوتاندنی چەوری زیاد بکات لە ماوەیەکی کورتدا.
زیانەکانی: چای سەوز کافاینی تێدایە، بۆیە ئاگاداری زیاد لە پێویست بەکارهێنانی بە.

هەنگوین
هەنگوین توانای دژە بەکتریای هەیە دژی بەکتریای H.pylori. تا ئێستا هیچ لێکۆڵینەوەیەک دەرینەخستووە کە هەنگوین دەتوانێت بە تەنها بەکتریاکە لەناو ببات، بەڵام دەتوانێت ڕێگری لە گەشەکردنی بەکتریاکە بکات. توێژەران پێشنیاری ئەوە دەکەن کە بەکارهێنانی هەنگوین لەگەڵ چارەسەری ستاندارد دەتوانێت کاتی پێویستی چارەسەرییەکە کورت بکاتەوە. هەنگوینی خاو و هەنگوینی مانوکا لەوانەیە زۆرترین کاریگەری دژە بەکتریایان هەبێت.
سوودەکانی: تەندروستی دڵ باشتر دەکات و ڕێژەی بەرزی دژە ئۆکسانی تێدایە.
زیانەکانی: هۆکاری بەرزبوونەوەی ئاستی شەکری خوێنە کە لەوانەیە هۆکار بێت بۆ زیادبوونی کێش.

زەیتی زەیتون

زەیتی زەیتوون کاریگەرە لە کەمکردنەوەی گەشەی H. pylori و دەتوانێت ڕۆڵی هەبێت لە ڕێگریکردن لە هەوکردن. زەیتی زەیتوون بژاردەیەکی تەندروستە بۆ بەکارهێنان لە چێشتەکان و زەڵاتەدا.
سوودەکانی: هەوکردن کەم دەکاتەوە هەروەها سوود بە تەندروستی ئێسک و دڵ دەگەیەنێت.
زیانەکانی: کالۆری چڕی تێدایە و هۆکاری هەستیاری شاراوەی تێدایە.

ڕەگی بەلەک

ڕەگی بەلەک چارەسەرێکی سروشتی باوە بۆ برینەکانی گەدە. هەروەها دەکرێت یارمەتیدەر بێت بۆ بەرەنگاربوونەوەی بەکتریای H.Pylori. پێداچوونەوەیەکی ساڵی ٢٠٢٠ دەریخستووە کە ڕەگی بەلەک ڕێژەی لەناوبردنی بەکتریاکان زیاد دەکات و کاریگەری دژە بەکتریای هەیە. هەروەها پێدەچێت یارمەتیدەر بێت بۆ ڕێگریکردن لە H. pylori لە پێوەلکانی بە دیوارەکانی خانە و یارمەتی چاکبوونەوەی برینەکان دەدات. لەگەڵ ئەوەشدا ڕەگی بەلەک لەوانەیە کارلێک لەگەڵ دەرمانە پزیشکییەکان بکات بۆیە گرنگە کە قسە لەگەڵ پزیشک بکرێت پێش ئەوەی ڕەگی بەلەک زیاد بکرێت بۆ پلانی چارەسەریی.
سوودەکانی: دەتوانێت هەرسکردنی ناتەواوی گەدە کەم بکاتەوە و ڕێگە لە گەڕانەوەی ترشێتی بۆ ناو گەدە بگرێت. هەروەها لەوانەیە یارمەتی چارەسەرکردنی برینەکانی ڕێڕەوی هەرس بدات.
زیانەکانی: ئەوە زانراوە کە کارلێک لەگەڵ دەرمانەکانی وەک NSAIDs دەکات، ڕوونکەرەوەی خوێن، ستاتین، میز پێکەرەکان و ئەوانی تر دەکات. هەروەها لەوانەیە درێژخایەن بەکارهێنانی باش نەبێت (بەکارهێنانی درێژخایەن و ژەمێکی زۆر لە ڕەگی بەلەک دەتوانێت ببێتە هۆی کەڵەکەبوونی گلیسیریزین لە جەستەدا و کاریگەری لەسەر ئاستی کۆرتیزۆل و نیشانە مەترسیدارەکانی تر بکات).

برۆکۆلی  تازە دەرچوو

ئاوێتەیەک لە برۆکۆلی تازە دەرچوودا هەیە کە پێی دەوترێت سۆلفۆرافان و دەتوانێت کاریگەر بێت دژی بەکتریای H. pylori. برۆکۆلی دژە ئۆکسانێکی هەیە کە هەوکردن کەم دەکاتەوە و تەندروستی ڕیخۆڵە باشتر دەکات. هەروەها لەوانەیە نیشتەجێبوونی بەکتریا و کاریگەرییەکانی لەسەر ڕێڕەوی هەرس بە گشتی کەم بکاتەوە. توێژینەوەیەکی باوەڕپێکراو لەسەر ئەو کەسانەی نەخۆشی شەکرەی جۆری دوو و بەکتریای گەدەیان هەیە دەریخستووە کە هاڕاوەی ڕووەکی تازە دەرچووی برۆکۆلی شەڕ لەگەڵ بەکتریاکە دەکات. بەڵام هۆکارەکانی مەترسی دڵ زیاد دەکات. لەگەڵ ئەوەشدا، لە لێکۆڵینەوەیەک کە لە ساڵی ٢٠٢٠ ەوە ئەنجامدراوە و لێکۆڵینەوەیەک لە ساڵی ٢٠٢١ ئەنجامدراوە هەردوو توێژینەوەکە دەریانخستووە کە سۆلفۆرافان لەوانەیە ئەو ڕووداوانەی کە لە ئەنجامی هەوکردنی بەکتریای H. pylori ڕوودەدەن لەناو نەبات یان کەم نەکاتەوە، بەتایبەتی هەوکردنە سەختەکان.
سوودەکانی: دەتوانێت هەوکردن کەم بکاتەوە و تەندروستی ڕیخۆڵە بەهێز بکات، هەروەها تەندروستی دڵ باشتر دەکات.
زیانەکانی: مەترسییەکی زۆری هەیە بۆ پیسبوون بە بەکتریا، بۆیە دڵنیابە لەوەی پێش خواردنی بیشۆیت هەروەها خواردنی بڕێکی زۆر لەوانەیە کاریگەری لەسەر کاری ڕژێنی پەریزاد (غودە) هەبێت.

چارەسەرکردن بە ڕووناکی (فۆتۆثێراپی)

چارەسەری ڕووناکی شین لەوانەیە ڕێگایەک بێت بۆ چارەسەرکردنی بەکتریای H. pylori بەتایبەت ئەوانەی بەرگریان دژی دژە بەکترییەکانیان پەیاکردووە. فۆتۆثێراپی ڕووناکی سەروو بنەوشەیی بەکاردەهێنێت بۆ یارمەتیدان لە نەهێشتنی H. pylori لە گەدەدا. لێکۆڵینەوەیەکی دیکە لە ساڵی ٢٠٢٠ دەریخستووە کە بەکارهێنانی ناوبینی شین چارەسەری curcumin (جۆرە ڕووەکێکە) باشتر دەکات، لە ئەنجامدا زیانی کەمتر بە شانەکان دەگەیەنێت و بەرهەمهێنان و چالاکی H. pylori کەم دەکاتەوە. هەندێک لە توێژەران پێیان وایە ئەو فۆتۆثێراپەی کە لە ناو گەدەدا بەکاردێت سەلامەتە. هەروەها دەتوانێت سوودبەخش بێت کاتێک دژە بەکتریاکان بژاردەیەکی دروست نین.
سوودەکانی: یارمەتیدەرە ئەگەر نەتوانیت دژە بەکترییەکان بەکاربهێنیت بەهۆی دروستبوونی بەرگری بۆیان.
زیانەکانی: چارەسەرێکی کاتییە (بەکتریاکە چەند ڕۆژێک دوای فۆتۆثێراپی لەوانەیە دووبارە سەر هەڵبداتەوە).


سەرچاوەکان



2263 بینین