ناوهڕۆك
سەرەتا
چاندنی داری مانگۆ (بە ئینگلیزی: Planting mango tree، بە عەرەبی: زراعة شجرة المانجو)، نشینگە بنەڕەتییەکەی داری مانگۆ ئاسیایە و یەکێکە لە ئەو جۆرانەی کە چاندن و گەورەکردنی کەمێک قورسە و بەئاسانی پێناگات، بەڵام لە هەبوونی هەلومەرجی گونجاودا دارەکە گەڵای درێژ و سەوزی دەبێت و لە نێوان مانگەکانی ١٢-٣ گوڵی سپی دەگرێت، لە پاش تێپەڕبوونی ٣-٥ مانگ بەسەر گوڵگرتنیدا بەر دەگرێت.
ناوچەی گونجاویش بۆ گەورەبوونی لە ئاووهەوای گەرمی هێڵی خولگەیی و نیمچە خولگەییە، کە مەترسی هەبوونی شەپۆلی سەرما و سۆڵەی نییە، کاتی چاندنی وەرزی بەهارە و دواتر بەخێرایی گەشەدەکات، هەروەها بۆ بەرگرتن داری مانگۆ پێویستی بە دارێکی مانگۆی تر نییە، چونکە لە گوڵەکانیدا هەردوو بەشی نێرینە و مێینە بوونیان هەیە و خۆی دەپەڕێنێت، چەندین جۆری جیاوازی هەیە و باشترە کە لە خاکدا بچێنرێت نەک ئینجانە، بەڵام جۆرە کورتەباڵاکانی دەکرێت لە گۆزەکانیشدا گەشەبکەن.
بەرهەمی مانگۆ لە نێوان وەرزەکانی هاوین بۆ پاییز پێدەگات, بەڵام کاتە دیاریکراوەکەی بەگوێرەی ناوچەکانی جیاوازە، جگە لە بەرەکەی بەشەکانی تری دارەکە بە توێكڵی میوەکەشەوە ژەهراوین بۆ مرۆڤ و نابێت بخورێن، هەروەها چەند جۆرێکی جیاوازی هەیە و بەگوێرەی خواستی خەڵکی خۆیان دەتوانن نەمام هەڵبژێرن بۆ چاندن، بەرەکەشی جگە لە ئەوەی کە وەک میوە دەخورێت بۆ دروستکردنی خۆراکی جیاوازیش بەکاردێت.
هەنگاوەکانی چاندن
- هەڵبژاردنی جێگەیەکی فراوان، چونکە دواتر دارەکە گەشەیەکی زۆر دەکات.
- هەڵکۆڵینی چاڵێک.
- چاندنی نەمامێک کە چەند سانتیمەترێک درێژبێت، هیچ گەڵا و گوڵێکی پێوە نەبێت.
- پاشان پڕکردنەوەی چاڵەکە و ئاودانی بەگوێرەی پێویست.
شێوازی گرنگیپێدان
بۆ گەشەکردنی پێویست ڕۆژانە پێویستی بە ڕووناکی خۆری زۆر هەیە، واتە بەلایەنی کەمەوە ڕۆژانە هەشت کاتژمێر تیشکی خۆری ڕاستەوخۆی هەبێت، کە ئەگەر ڕووناکی پێویستی نەبێت بەرهەم هێنانی گوڵ و بەر ئاستەنگی تێدەکەوێت، بەڵام خاکەکەی ترش و تفت یاخود هاوسەنگبێت ئاساییە و لە هەموویاندا گەشەدەکات، تەنها پێویستە کە بەباشی ئاو پێیدا تێپەڕبێت و کەڵەکەنەکات و بە شێداری بهێڵرێتەوە، کاتی ئاودانیشی لە کاتی وشکبوونەوەی بنجی دارەکەبێت، هەروەها داری مانگۆ پێویستی بە بەپیتکردنی زۆر نییە و لە خاکی ئاساییدا گەشەدەکات.
بۆ بەرگرتن پێویستی بە ٥-٨ ساڵ گەشەکردن هەیە، کاتی پێگەیشتنی بەرەکەی دەگۆڕێت و بەگشتی دەبێت ڕەقبێت، بەڵام بە نەرمی دەستی لێبدرێت و لێبکرێتەوە بۆ ئەوەی بەرگەکەی نەدڕێت، ئەگەر پێش کاتی پێگەیشتنیشی لێبکرێتەوە ئەوا دەکرێت بۆ ماوەی چەندین ڕۆژ لە ماڵدا دابنرێت هەتاکوو پێدەگات، هەموو ساڵێک یان دوو ساڵ جارێک دەبێت هەڵبپاچرێت لە دوای تەواوبوونی بەرگرتن، بە لابردنی هەموو لقە نەخۆش و لاوازەکان بۆ ئەوەی قەبارەکەی بە جڵەوکراوی بهێڵرێتەوە، بەڵام ڕووبەڕووی چەندین نەخۆشی جیاوازیش دەبێتەوە و پێویستە بە وریاییەوە چاودێری بکرێت.