چۆنیەتی ناسینەوەی هەنگوینی ئەسڵی بەبێ تاقیگە

له‌لایه‌ن: - کەژان حیکمەت کەژان حیکمەت - به‌روار: 2022-09-14-16:20:00 - کۆدی بابەت: 10249
چۆنیەتی ناسینەوەی هەنگوینی ئەسڵی بەبێ تاقیگە

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

چۆنیەتی ناسینەوەی هەنگوینی ئەسڵی بەبێ تاقیگە (بە ئینگلیزی: How to know the original honey without a laboratory، بە عەرەبی: كيفية معرفة عسل اصلي بدون مختبر)، هەنگوین بە یەکێک لە شلەمەنییە شیرینەکان هەژمار دەکرێت، کە هەنگ بە بەکارهێنانی شیلەی گوڵ دروستی دەکات و بەپێی ڕەنگ پۆلێن دەکرێن، بۆنموونە هەنگوینێک بە ڕەنگی ئاڵتوونی نرخی گرانترە لە جۆرێکی تر کە ڕەنگەکەی تاریکترە، تامەكەشی دەگۆڕێت بەپێی ئەو گوڵەی کە شیلەکەی لێ بەکاردەهێنرێت، کە بە شێوەی خاو و پاستو ریزەکراو بەدەستدەهێنرێت. هەنگوین ٧٠٪ بۆ ٨٠٪ لە شەکر پێکدێت، کە ڕێژەیەکی بەرز لە مۆنۆساکاریدەکان، گلوکۆز و فرەکتۆز لەخۆدەگرێت، بەکارهێنانەکانی هەنگوین سەرکەوتوو بووە لە زانستی نوێدا بەتایبەتی لەچارەسەرکردنی برینە درێژخایەنەکان و کۆنتڕۆڵکردنی هەوکردنەکان.

چۆنیەتی ناسینەوەی هەنگوینی ئەسڵی لەماڵەوە

زۆرێک لە ئێمە کاتێک دەمانەوێت هەنگوینێک بکڕین یەکەم شت بە خەیاڵمانا دێت ئەوەیە کە ئایا ئەسڵییە یان نەخێر؟ چونکە زۆرێک کە هەنگوین دروست دەکەن فێڵی تێدا دەکەن ئەویش بە زیادکردنی ماددەی دیکە. هەنگوینی سروشتی بە یەکێک لە ماددە خۆراکییە گرنگەکان دادەنرێت کە جۆرەها مۆنۆساکاریدەکان و هەندێک لە سرکە، کەمێک لە ترشە ئەمییەنییەکان لەخۆدەگرێت.

شێوازەکانی ناسینەوەی هەنگوینی سروشتی

  • بڕێک لە هەنگوین دەکەینە ناو پەرداخێک ئاوی گەرمەوە، ئەگەر ڕاستەوخۆ لە ناویدا توایەوە ئەوا هەنگوینەکە ئەسڵی نییە و فێڵی تێدا کراوە، بەڵام ئەگەر لە بنی پەرداخەکە نیشت و جێگیربوو ئەوا هەنگوینەکەمان سروشتییە.
  • دەزوویەکی مۆم دەهێنین، هەڵیئەکێشینە ناو هەنگوینەوە پاشان ئاگری پێوەدەنێین ئەگەر گڕی گرت ئەوە واتای وایە کە هەنگوینەکە ئەسڵییە، بەڵام ئەگەر دەزووی مۆمەکە گڕی نەگرت ئەوا هەنگوینەکە سروشتی نییە و فێڵی تێدا کراوە ئەویش بەهۆی بوونی ئاو تێیدا بەوەش هەرگیز هەنگوینەکە گڕ ناگرێت.
  • ڕێگایەکی تر ئەویش کەمێک هەنگوین دەخەینە سەر کاغەزێک یان پارچە قوماشێک یاخود دەستەسڕێک، ئەگەر هەنگوینەکەیان مژی ئەوە ئاماژە بەوەدەکات کە هەنگوین نائەسڵە بەڵام گەر هیچ لە هەنگوینەکەی نەمژی ئەوا سروشتییە.
  • لەم شێوازەدا بڕێکی کەم لە هەنگوین بە كەوچکێک دەهێنین، دەستدەکەین بەڕژاندنی هەنگوینەکە، ئەگەر بینیت هەنگوینەکە بەشێوەی دەزوویەکی ڕێک دێتە خوارەوە بەبێ هیچ دابڕانێک ئەوا هەنگوینێکی ئەسڵییە بەڵام گەر بە شێوەی بەش بەش بێتە خوارەوە ئەوا فێڵی تێدا کراوە.
  • لێرەوە دڵۆپێک هەنگوین دەخەینە سەر پەنجەمان، ئەگەر بڵاوبوویەوە و خلیسکا ئەوا ناسروشتیە بەڵام بە یەکگرتوویی مایەوە و هیچ نەخلیسکا هەنگوینێکی ئەسڵیمان هەیە.
  • بڕێک هەنگوین دەخەینە سەر ئاگر، ئەگەر دەستی بە توانەوە کرد لەگەڵ گەرمکردنەکە و بە شێوەیەکی خاو مایەوە ئەوا سروشتییە بەڵام ئەگەر هەنگوینەکە کوڵا و هەڵمی کرد ئەوا فێڵی تیدا کراوە.


سەرچاوەکان



937 بینین