ڤایرۆسی Bk چییە؟

له‌لایه‌ن: - بەنان ئەحمەد بەنان ئەحمەد - به‌روار: 2022-11-23-21:04:00 - کۆدی بابەت: 10421
ڤایرۆسی Bk چییە؟

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

ڤایرۆسی Bk (بە ئینگلیزی: BK virus، بە عەرەبی: فیروس Bk) لە خێزانی (polyomavirus)ـە و بۆماوە ماددەکەی پێکهاتووە لە دوو شریتی DNA. زۆر کەس لە قۆناغی منداڵییدا دەکرێت دووچاری ئەم ڤایرۆسە ببێت بەڵام بە دەگمەن دەبێتە هۆی نەخۆشی و نیشانەی قورس. بە گشتی نیشانەکانی هاوشێوەی هەڵامەتێکی سووکە. کاتێک تووشی ڤایرۆسی (BK) دەبیت، ڤایرۆسەکە بۆ هەمیشە لە جەستەدا دەمێنێتەوە. بەڵام ئەمە کێشە بۆ زۆربەی خەڵک دروست ناکات، بۆیە پێی دەوترێت شاراوە، یان وەک ئەوەی لە جەستەتدا خەوتبێت. بەڵام کاتێک سیستمی بەرگری لەش بەباشی کار نەکات، ڤایرۆسەکە لە خەو هەڵدەستێت و چالاک دەبێت. پاشان دەکرێت ببێتە هۆی دەرکەوتنی نیشانەکانی هەوکردن.

چ شتێک مەترسی تووشبوون بە ڤایرۆسەکە زیاد دەکات؟

ڕەنگە ڤایرۆسەکە لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی تر بگوازرێتەوە بەهۆی پژمین، کۆکە و خواردنی خۆراک و ئاوی پیسەوە.

چۆن چاندنی ئەندامەکان مەترسی تووشبوون بە ڤایرۆسەکە زیاد دەکات؟

دوای چاندنەکە، پێویستە نەخۆش دەرمانی دژە ڕەتکردنەوە (anti-rejection) وەربگرێت. ئەوەش دەبێتە هۆی ئەوەی خڕۆکە سپییەکانی خوێنی بەباشی کار نەکەن. خڕۆکە سپییەکانی خوێن یارمەتی جەستەت دەدەن دژی هەوکردن. بۆیە کاتێک ئەم دەرمانانە وەردەگریت مەترسی تووشبوون بە هەوکردن لە جەستەدا زیاتر دەبێت. دەکرێت ڤایرۆسی BK لە جەستەتدا بێت و ئاگاداری نەبیت. ڕەنگە دوای چاندنەکە دووبارە ڤایرۆسەکە چالاک بێتەوە کە ئەمەش بەهۆی دەرمانی دژە ڕەتکردنەوەکەوەیە. دەتوانێت زیان بە گورچیلە نوێیەکەت بگەیەنێت و ببێتە هۆی ئەوەی جەستەت ڕەتیبکاتەوە.

چۆن بزانیت ڤایرۆسی (Bk) لە جەستەتدا بوونی هەیە؟

کارمەندانی تەندروستی پشکنین بۆ نیشانەکانی ڤایرۆسەکە دەکەن لە لەشتدا. ئەوان پێش و دوای چاندنی گورچیلەکان پشکنین دەکەن. بەو پێیەی کە ڤایرۆسەکە دەتوانێت بەئاگا بێتەوە، کەواتە گرنگە چاودێری نیشانەکانی تووشبوون بکرێت. لەوانەیە نیشانەکانی ئەمانەبن:

  • گرفتی بینایی، وەک لێڵ بوونی بینین
  • گۆڕانی ڕەنگی میز بۆ قاوەیی یان سوور
  • بوونی ئازار لە کاتی میزکردندا
  • بە سەختی میز کردن
  • میز کردنی زیاد لە پێویست
  • کۆکە، هەڵامەت یان کێشەی هەناسەدان
  • تا، ئازار و بێ هێزی ماسولکەکان
  • گرژبوون

هەبوونی هەر یەکێک لەم نیشانانە دەکرێت نیشانەی تووشبوون بێت. بەمەش کاریگەری لەسەر سەرکەوتنی چاندنی گورچیلەکانت دەبێت. گرنگە کە بە کارمەندانی تەندروستی بوترێت ئەگەر هەست بە هەر نیشانەیەکی تووشبوون کرا.

چۆن چاودێری ڤایرۆسەکە دەکرێت؟

دوای چاندنەکە پشکنین بۆ خوێن و میزی نەخۆشەکە دەکرێت. کارمەندانی تەندروستی بڕیار دەدەن کە چەند جار پشکنینی بۆ بکرێت بۆ ڤایرۆسی (BK)ـی و هەوکردنی تر. ئەمەش یارمەتیدەرە بۆ دڵنیابوون لەوەی کە چاندنەکە لە مەترسیدا نییە.


سەرچاوەکان



307 بینین