کتێبی هونەری سەرکردایەتیکردن لە ژیاننامەی پێغەمبەری مەزندا ﷺ

له‌لایه‌ن: - ئێڤین عومەر ئێڤین عومەر - به‌روار: 2022-11-28-22:05:00 - کۆدی بابەت: 10481
کتێبی هونەری سەرکردایەتیکردن لە ژیاننامەی پێغەمبەری مەزندا ﷺ

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

هونەری سەرکردایەتیکردن لە ژیاننامەی پێغەمبەری مەزندا ﷺ ئەم کتێبە وێنەیەکی نوێ و قاڵبێکی جیاوازە لەوەی خەڵکی لەسەری ڕاهاتوون سەبارەت بە ژیانی پێغەمبەر (ﷺ)، چونکە ئەم کتێبە گێڕانەوەی ژیانی پێغەمبەر و کۆکردنەوەی شەڕ و غەزاکانی نییە، هەروەها پەندو و سوود هەڵێنجان نییە لە ڕووداوەکانی ژیانی پێغەمبەر ﷺ، بەڵکوو ئەم کتێبە کۆکردنەوەی کۆمەڵە هەڵوێستێکە کە نزیکن لەیەک ماناوە، نووسەر بۆ هەر هەڵوێستێکیش ڕستەیەکی بەکارهێناوە کە مانای ناواخنەکانیان بێت و ناونیشانێکی نووسیوە کە کۆیان بکاتەوە، بەڵام ئەمانە هەموو یەک بابەتن ئەویش بابەتی سەرکردایەتی و کاریگەریەتی لە ژیانی سەروەری هەموو مرۆڤەکان. 

ناسنامەی کتێب

ناو هونەری سەرکردایەتیکردن لە ژیاننامەی پێغەمبەری مەزندا ﷺ 
نووسینی سلیمان بن عوض قيمان
وەرگێڕانی تۆفیق کەریم
ژمارەی لاپەڕە ٢٢٦ لاپەڕە
بابەت لێکۆڵینەوە
نۆبەی چاپ یەکەم ٢٠١٧
ناوەندی چاپ ناوەندی هزریی و ڕۆشنبیریی خاڵ

بەشەکانی کتێبەکە

ئەم کتێبە لە دە بەش پێکهاتووە:

  • بەشی یەکەم: ڕێزلێنان و بایەخ پێدان لە فەرهەنگی دەروونی مرۆڤایەتیدا.
  • بەشی دووەم: رەخنە و بریندارکردن لە فەرهەنگی دەروونی مرۆڤایەتیدا.
  • بەشی سێیەم: ناوی جوان و پیاهەڵدانی شیرین.
  • بەشی چوارەم: گفتوگۆ و قەناعەتپێکردن لە فەرهەنگی دەروونی مرۆڤایەتیدا.
  • بەشی پێنجەم: زەردەخەنەی ڕاستگۆیانە لە فەرهەنگی دەروونی مرۆڤایەتیدا.
  • بەشی شەشەم: گاڵتە و گەپ لە فەرهەنگی دەروونی مرۆڤایەتیدا.
  • بەشی حەوتەم: ئافرەتی راساڵ لە فەرهەنگی سەرکردەی سەرکەوتوودا.
  • بەشی هەشتەم: منداڵی سەرکەوتوو لە فەرهەنگی خێزانێکی سەرکەوتوودا.
  • بەشی نۆیەم: ئەوەیە خۆشەویستی.
  • بەشی دەیەم: دەستلێخشاندنێکی بەسۆز.

نموونەیەک لە کتێبەکە

ئیدارەدانی گیروگرفتەکان: حەکیمان لەسەر ئەوە یەکدەنگن کە گیروگرفت بەشێکی ژیانی خێزانییە و وەک خوێیە بۆ ژیان و ئایینی ئیسلامیش بڕیاری داوە لە قەفەسی زێڕینی خێزانیدا باڵادەستی بۆ پیاو بێت، کەچی ئەم بڕیارە قورئانییە بە هەڵە بەکاردەهێنرێت، بەشێکی پیاوان وا لێیتێگەشتوون کە مافی خۆیانە ڕاوبۆچوونیان بسەپێنن و بە تەنها بڕیار بدەن و لە ماڵدا لەسەرەوە بن، بەڵام ئەوەی من تێیگەیشتووم ئەم بەرزکردنەوەیەی قەدری پیاو و باڵادەستییەی بۆ ئەوەیە دەستپێشخەری چاکسازی بێت و لە مافی خۆی دابەزێت و خۆگر بێت و چاوپۆشی لە هەڵە و پەڵە بکات، چونکە هۆی باڵادەستییەکە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە عەقڵی دامەزراوتر و ڕای پەسەندتری هەیە، فەرموون با لە ژیانی سەرکردە مەزنەکەوە ﷺ چەند نموونەیەک وەرگرین.

ڕازیکردنی تووڕە: نوعمانی کوڕی بەشیر دەڵێت: ئەبوبەکر مۆڵەتی چوونە ماڵی پێغەمبەری وەرگرت و گوێی لە دەنگی بەرزی عائیشە بوو، کە چووە ژوورەوە دەستی بەرزکردەوە کە لێیدا و وتی: نەتبینم دەنگ بەسەر پێغەمبەری خوادا بەرز بکەیتەوە، بەڵام پێغەمبەری خوا ﷺ دەستی گرت، ئیتر ئەبوبەکر بە تووڕەیی چووە دەرەوە، پێغەمبەر ﷺ فەرمووی: چۆنت دی لەو پیاوە ڕزگارم کردی؟ ئیتر ئەبوبەکر چەند ڕۆژێک نەهاتەوە، دوایی کە هاتەوە و مۆڵەتی لە پێغەمبەری خوا ﷺ وەرگرت دەبینێت ئاشتن و پێی وتن: وەک چۆن لە شەڕەکەتاندا بەشدارتان کردم، دەی لە ئاشتیەکەشدا بەشدارمکەن، پێغەمبەر ﷺ فەرمووی: ئەوا کردمان، ئەوا کردمان.

عائیشە هەڵە دەکات و پێغەمبەر ﷺ دەستپێشخەری ئاشتەوایی دەکات، ئەو دەنگ بەسەر پێغەمبەردا بەرز دەکاتەوە، کەچی پێغەمبەر دەستبەرز ناکاتەوە و بەرگریی لێ دەکات و دەیپارێزێت، لەمیشدا هەر دەستپێشخەرە، باوکی ژنەکە ئامادە دەبێت و گوێی لە کچەکەیەتی شتێک دەڵێت کە نەدەبوو بیبیستایە، زۆر پیاو هەیە بۆ هەلێک دەگەڕێت خوا خوای هەڵەیەکیەتی لە هاوسەرەکەی تا سزای بدات، بەڵام ئەم سەرکردە مەزنە ﷺ کە باوکی ژنەکەی خۆی شایەت و ئەمادەیە، جگە لە خۆشەویستی و ڕەزامەندی دەربڕین، هیچی نەکرد، بەڵکو چووە ڕیزی هاوسەرەکەیەوە و لە تووڕەیی باوکە شایەتحاڵەکەشی پەنای دا، بەڕاستی باڵادەستی ئاوها دەبێت.


سەرچاوەکان



529 بینین