سوودەکانی تەماتە

له‌لایه‌ن: - ڤێنوار زاهیر ڤێنوار زاهیر - به‌روار: 2022-11-29-19:12:00 - کۆدی بابەت: 10491
سوودەکانی تەماتە

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

سوودەکانی تەماتە (بە ئینگلیزی: Benefits of tomatoes، بە عەرەبی: فوائد للطماطم)، میوەیەکە بۆ ئەمریکای باشوور دەگەڕێتەوە. سەرەڕای ئەوەی لە ڕووی ڕووەکناسییەوە بە میوە دادەنرێت، بەڵام بە شێوەیەکی گشتی وەک سەوزەیەک ئامادە دەکرێت و دەخورێت. تەماتە بە سەرچاوەیەکی سەرەکی پێکهاتەی دژەئۆکسێنی لایکۆپین (lycopene) دادەنرێت، کە چەندین سوودی تەندروستی هەیە، بۆ نموونە ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ و شێرپەنجە کەم دەکاتەوە. لە کاتی پێگەیشتندا ڕەنگەکەی لە سەوزەوە بۆ سوور دەگۆڕێت، بەڵام بێجگە لە سوور بە چەند ڕەنگێکی تری وەک زەرد، پرتەقاڵی، سەوز و مۆر بەردەستە. هەروەها هەندێکجار بە شێوە و تامی جیاوازیش بەردەستن، واتە هەندێک مزرن و هەندێکی تریشیان شیرین. 

پێکهاتەی خۆراکی 

تەماتە بە ڕێژەی لە ٩٥% لە ئاو پێکهاتووە، هەروەها ئەو لە ٥% کە دەمێنێتەوە بریتییە لە کاربۆهیدرات و ڕیشاڵ. تەماتەیەکی بچووک واتە نزیکەی ١٠٠ گرام ئەم پێکهاتە خۆراکییانە لەخۆ دەگرێت:

ڤیتامین و کانزاکان 

تەماتە کۆمەڵێک ڤیتامین و کانزای گرنگ لەخۆ دەگرێت، وەکوو:

  • ڤیتامین C، ئەم ڤیتامینە پێکهاتەیەک و دژەئۆکسێنێکی پێویستە، لە تەماتەیەکی مامناوەندا نزیکەی ٢٨% ڤیتامین C هەیە. 
  • پۆتاسیۆم، کە کانزایەکی گرنگە و یارمەتی کۆنتڕۆڵکردنی پەستانی خوێن دەدات و ڕێگری لە تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵیش دەکات.
  • ڤیتامین K، ئەم ڤیتامینە بۆ مەیینی خوێن و تەندروستی ئێسکەکان پێویستە. 
  • فۆلەیت واتە ڤیتامین B9، یەکێکە لە جۆرەکانی ڤیتامین B، بۆ گەشەکردنی شانەکان و ئەرکی خانەکان گرنگە، بە تایبەتی بۆ خانمانی دووگیان پێویستە. 

پێکهاتە ڕووەکییەکان 

ئەو پێکهاتە ڕووەکییانەی لە تەماتەدا بەردەستن بریتیین لە:

  • لایکۆپین، ئەم پێکهاتەیە دژەئۆکسێنە و لە هەمان کاتیشدا ڕەنگ بە تەماتەکە دەبەخشێت، ئەم پێکهاتەیە چەندین لێکۆڵینەوەی لەسەر ئەنجامدراوە، بۆ سەلماندنی ئەو سوودانەی کە هەیەتی.
  • بێتا کارۆتین (beta carotene)، پێکهاتەیەکی دژەئۆکسێنە کە ڕەنگی زەرد یان پرتەقاڵی بە خۆراکەکە دەبەخشێت، لەدوای خواردنی ئەو خۆراکەی ئەم پێکهاتەیەی تێدایە، لەناو لەشدا بێتا کارۆتین بۆ ڤیتامین A دەگۆڕێت. 
  • نارینجێنین (Naringenin)، ئەم پێکهاتەیە لە توێکڵی تەماتەدا هەیە، نارینجێنین هەوکردن کەم دەکاتەوە و لەش لە هەندێک لە نەخۆشییە جۆراجۆرەکان دەپارێزێت. 
  • کلۆرۆجێنیک ئەسید (Chlorogenic acid)، دژەئۆکسێنێکی بەهێزە، یارمەتی دابەزینی پەستانی خوێن دەدات لەو کەسانەی کە بەرزە پەستانی خوێنیان هەیە. 

تەماتە سەرچاوەیەکی باشی پێکهاتەی لایکۆپینە، کە بە ڕێژەیەکی زۆر لە توێکڵەکەیدا هەیە. بە شێوەیەکی گشتی تاکوو تەماتەکە سوورتر بێت، ڕێژەی ئەم پێکهاتەیەی زیاترە. بەرهەمەکانی تەماتە وەکوو، کەچەب، دۆشاوی تەماتە، شەربەتی تەماتە، هەروەها سۆسی تەماتە دەوڵەمەندترین سەرچاوەکانی تەماتەن لە سیستمی خۆراکی ڕۆژئاوا. ڕێژەی ئەم پێکهاتەیە لە تەماتەی تازە و نوێدا کەمترە بە بەراورد بەو بڕەی لە خۆراکە هاتووەبارەکاندا هەیە، وەک کەچەب. بۆ نموونە لە هەر ١٠٠ گرام لە کەچەب نزیکەی ١٠ بۆ ١٤ گرام لە لایکۆپینی تێدایە، لە کاتێکدا لە تەماتەیەکی بچووکدا کە نزیکەی ١٠٠ گرام بێت نزیکەی یەک بۆ هەشت گرام لە پێکهاتەی لایکۆپینی تێدایە. بەڵام خۆراکە هاتووەبارەکان بە ڕێژەیەکی کەمتر بەکاردەهێنرێن بە بەراورد بە تەماتە نوێییەکە، کەواتە واباشترە ئەم پێکهاتەیە لە سەرچاوی میوە تازەکەوە وەربگیرێت، واتە لە تەماتەی تازەوە وەربگرێت. چەند خۆراکێک کاریگەری لەسەر هەڵمژینی ئەم پێکهاتەیە لەلایەن جەستەوە هەیە، وەرگرتنی ئەم پێکهاتە خۆراکییە لەگەڵ هەر سەرچاوەیەکی چەوریدا دەبێتە هۆی زیادبوونی کرداری هەڵمژینی ئەم پێکهاتەیە، کە بە نزیکەی چوار جار بە بەراورد بە باری ئاسایی زیاترە. هەڵمژینی پێکهاتەی لایکۆپین لە جەستەی هەموو کەسێکدا وەکوو یەک نییە و جیاوازە.

سوودەکانی تەماتە

خواردنی تەماتە و هەروەها ئەو بەرهەمانەی لە تەماتە دروستکراون، بەگشتی یارمەتی بەرەوپێشچوونی تەندروستی پێست و کەمکردنەوەی ئەگەری توشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ و شێرپەنجە دەدات. 

١. تەندروستی دڵ

نەخۆشییەکانی دڵ وەکوو جەڵتە و ڕاوەستان یان لەکارکەوتنی دڵ یەکێکن لە هۆکارە باوەکانی مردن لە جیهاندا. لێکۆڵینەوەیەک لەسەر پیاوانی تەمەن مامناوەند ئەنجامدراوە و دەرکەوتووە، کەمیی ڕێژەی لایکۆپین و بێتا کارۆتین ئەگەری تووشبوونی بە نەخۆشییەکانی دڵ و جەڵتە زیادکردووە. سەلمێنراوە کە ئەو پێکهاتە خۆراکییانەی لایکۆپینیان تێدایە، یارمەتی کەمبوونەوەی کۆلیستڕۆڵی خراپ (LDL) دەدەن. هەروەها تەماتە دژ بە هەوکردنە و جەستە لە تەنۆلکەی سەربەست دەپارێزێت. لەگەڵ ئەوەشدا کاریگەری ئەرێنی لەسەر دیواری ناوەوەی بۆرییەکانی خوێن دروست دەکات و ئەگەری تووشبوون بە مەیینی خوێن کەم دەکاتەوە. 

٢. ڕێگریکردن لە شێرپەنجە

شێرپەنجە بریتییە لە گەورەبوونی خانە نائاساییەکانی لەش بە شێوەیەکی کۆنتڕۆڵ نەکراو، دواتر خانەکانی تریش تێدەپەڕێنێت و ئەوانیش تووش دەکات، واتە بەشەکانی تری لەش دەگرێتەوە. توێژینەوەکان دەریانخستووە پەیوەندییەک لەنێوان خواردنی تەماتە و کەمکردنەوەی ئەگەری تووشبوون بە شێرپەنجەی پڕۆستات و سییەکان و گەدەدا هەیە. لێکۆڵینەوەیەک کە لەسەر ئافرەتان ئەنجامدراوە، ئاشکرایکردووە بەهۆی بوونی پێکهاتەی کارۆتین لە تەماتەدا، ڕۆڵی لە ڕێگریکردن لە شێرپەنجەی مەمکدا هەیە. 

٣. تەندروستی پێست

تەماتە ڕۆڵی لە تەندروستی پێستیشدا هەیە، بەهۆی بوونی ڕێژەیەکی باش لە پێکهاتەی لایکۆپین و پێکهاتە ڕووەکییەکانی تر پارێزگاری لە پێست دەکات لە سووتانی بەهۆی خۆرەوە. 

کاریگەرییە لاوەکییەکانی تەماتە

بەگشتی خواردنی تەماتە هیچ کێشەیەک و گرفتێک بۆ کەسەکە دروست ناکات، بەڵام دەشێت هەندێک کەس هەبن هەستیارییان بە خواردنی تەماتە هەبێت، کەواتە ئەگەر بێت و ئەم کەسانە تەماتە بخۆن ئەوا دووچاری هەستیاری دەبنەوە. هەستیاری بە تەماتە حاڵەتێکی زۆر دەگمەنە و لەناو خەڵکیدا باو نییە. هەندێک کەس لە ئەنجامی خواردنیدا دووچاری کۆنیشانەی هەستیاری دەم دەبنەوە (Oral allergy syndrome)، کە کۆئەندامی بەرگری پەلاماری ئەو پڕۆتینە دەدات کە لەناو میوەکە یان سەوزەکەدا هەیە. لە ئەنجامدا دەبێتە هۆی خورانی دەم یان هەڵئاوسانی دەم و قورگ.


سەرچاوەکان



1594 بینین