چۆن وەڵامی بەڵێ لە دایک و باوکم وەربگرم؟

له‌لایه‌ن: - ئیلهام ئەنوەر ئیلهام ئەنوەر - به‌روار: 2022-12-04-21:36:00 - کۆدی بابەت: 10547
چۆن وەڵامی بەڵێ لە دایک و باوکم وەربگرم؟

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

چۆن وەڵامی بەڵێ لە دایک و باوکم وەربگرم؟ (بە ئینگلیزی: ?How do I convince my parents ،بە عەرەبی: كيف أقنع والدي؟)، هەندێک کات دایک و باوک دژایەتی ویست و بڕیارەکانت دەکەن، بۆ بەدەستهێنانی ڕەزامەندی ئەوان دەبێت بەڕێگایەکی دروست ڕەفتار و قسەیان لەگەڵ بکەیت. ئەم بابەتە لەلای هەندێک کەس زۆر دەبێتە کێشە بەشێوەیەک کە وادەزانن دونیا کۆتایی هاتووە، بەڵام دایکی تۆ لە دیدگای خۆیەوە سەیری بابەتەکە دەکات و ناتوانێت بە داواکارییەکەت ڕازی بێت. بەڵام هەندێک کات دەتوانن بە چەند ڕێکارێکی دروست دایک و باوک ڕازی بکەن و وەڵامی بەڵێ وەربگرن.

وەرگرتنی وەڵامی بەڵی لە دایک و باوک

١- سەرەتا ڕێز و سوپاسگوزاری خۆتت بۆ دەرببڕە پاشان داوای لێبکە

دەروونناسان لەم بارەیەوە دەڵێن: ئەگەر داوای شتێک لە من بکەن و دەنگەدەنگ دروست بکەن، هەوڵبدەن پێداگیری بکەن کە شایانی ئەو شتەن، بەدڵنیاییەوە وەڵامی نەخێر وەردەگرن. بۆئەوەی ئەوە ڕوونەدات واباشترە کە هەستێکی باش بە دایکت یان باوکت بدەیت و پێی بڵێیت کە چەند سوپاسگوزاری ماندووبوون و خۆشەویستییەکانیت پاشان داواکارییەکەتی پێ بڵێ. جادووی سوپاسگوزاری دەبێتە هۆی دروستبوونی هەستێکی باش لە کەسی بەرانبەردا بەشێوەیەک کە ناتوانێت لەبەرانبەر داواکارییەکەت بوەستێت.

٢- هۆکارەکانت شیبکەوە

هەوڵبدەن لەسەر کاغەزێک هۆکارەکانی خۆت بۆ ئەنجامدانی ئەو کارە بنووسیت، ئەو بابەتەی کە لەسەر کاغەزەکە نووسراوە گرنگترین خاڵی بابەتەکەیە، پاشان زیاتر بیربکەرەوە و نموونەی باش بۆ کارەکەت بهێننەوە و بیانخە سەر کاغەزەکە، هەروەها دەتوانیت سیناریۆیەکی بۆ دابڕێژیت، ئەگەر دایکت وەڵامی نەخێری پێدایت، ئەوا ئەو نموونانەی بۆ بهێنەوە کە هەمان کاری ئەنجامداوە و تێیدا سەرکەوتنی بەدەستهێناوە. هەوڵبدە کە تەواو بەئارامی و لەسەرخۆیی ئەم کارە ئەنجام بدەیت، لەڕاستیدا دەبێت کارێک بکەیت هیچ دوودڵی و گومانێکیان بۆ دروست نەبێت بۆئەوەی ڕێگریت لێنەکەن و ڕازی ببن ئەو کارە ئەنجام بدەیت.  

٣- کاتی گونجاو هەڵبژێرە

بۆ باسکردنی داواکارییەکەت هەوڵبدە کاتێکی گونجاو هەڵبژێریت، ئەگەر دایک و باوکت ماندوو یان تووڕە بوون داوایان لێ مەکە، بەڵکوو چاوەڕێ بکە تا کاتێک دڵخۆش و ئارام بن، پاشان دەتوانیت داواکارییەکەتی پێ بڵێیت بۆ نموونە ئەگەر پێت وایە کە دایکت ئاژەڵەکانی خۆش دەوێت، دەتوانیت لە کاتێکدا کە خەریکی سەیرکردنی ئاژەڵەکانە، باسی داواکارییەکەت بکەیت، چونکە لەو دۆخەدا ئارامییەکی زیاتری هەیە. 

٤- بابەتەکە بچووک بکەرەوە

کاتێک کە داواکارییەکت لە دایک و باوکت هەیە، هەوڵبدە داواکارییەکە بە بچووکی باس بکە، بۆ نموونە ئەگەر دەتەوێت باڵندەیەکی ماڵی بکڕیت و دایکت ڕازی نابێت، دەتوانیت قەبارەی باڵندەکە بچووک بکەیتەوە و لە شتێکی بچووکەوە دەست پێبکە.

٥- متمانەبەخۆبوونیان بەرز بکەوە

قسەی کەسانی تر زۆر کاریگەری دەکاتە سەر دایک و باوک، هەروەها دەربارەی لێهاتووییەکانی خۆیان زۆر پێداگیری دەکەن، لەکاتێکدا کە لەگەڵ کۆمەڵێک کەسدا دانیشتوون، هەوڵبدە گفتوگۆیەکیان لەگەڵ دابمەزرێنە کە متمانەبەخۆبوونیان بەرز بکاتەوە، بەوپەڕی ڕێزەوە هەڵسوکەوت بکە، ئەم کارە دەبێتە هۆی ئەوەی کە متمانەبەخۆبوونیان زیاتر بێت و بەهۆی هەبوونی منداڵێکی ئاوا هەست بە شانازی بکەن، لەئەنجامدا قورس دەبێت بۆیان کە لەبەرانبەر داواکارییەکانت وەڵامی نەخێر بدەنەوە.

٦- لەگەڵ دایکت مامەڵە بکە

هەوڵ بدەن لەبەرانبەر داواکارییەک کە لە دایکتت هەیە، بەڵێنێکی پێبدە چونکە بەڵێندان بە دایکت یارمەتیت دەدات کە زووتر بە مەبەستەکەت بگەیت، بۆ نموونە بەڵێنی پێبدە کە لەبەرانبەر ڕازیبوونی بە داواکارییەکەت، کارەکانی ماڵەوە ئەنجام دەدەیت و دڵنیایی پێبدە کە بەڵێنەکەت جێبەجێ دەکەیت، ئەم کارە دەبێتە هۆی ئەوەی کە دایکت زیاتر متمانەی پێت هەبێت و نەتوانێت دژایەتی داواکارییەکەت بکات.

٧- متمانەیان بەدەست بهێنە

لەکاتێکدا کە داواکاری گەورەت هەیە، دەبێت بزانیت کە ئارامگرتن نهێنی سەرکەوتنتە. بۆ نموونە کاتێک کە داوای تابلێت دەکەیت یان دەتەوێت ئۆتۆمبێلت بۆ بکڕن، دەبێت ئەوەیان بۆ بسەلمێنیت کە دەتوانیت بەپێی پێویست ئارامگر بیت. بۆ نموونە دەتوانیت بە ئەنجامدانی بەرپرسیارییەتی بچووک ئەم کارە بەئەنجام بگەیەنیت یان تەنانەت دەتوانیت بەڵێنی زیاتریان پێبدەیت، ئەم کارە وا دەکات کە متمانەیان بەدەست بهێنیت.

٨- بەرپرسیارییەتییەکانت قبوڵ بکە

ئامانجی سەرەتایی دایک و باوکت ئەوەیە کە گەنجێکی خاوەن بەرپرسیارییەتی پەروەردە بکەن، تۆش دەتوانیت بە ئەنجامدانی کارەکان بەدروستی ئەوەیان نیشان بدەیت کاتێک کە شتێکت دەوێت زۆر پێداگیری مەکە و مەپاڕێوە لەبری ئەوە هەوڵبدە پابەند بیت بە بەڵێنەکانتەوە و نیشانی بدە کە کەسێکی بەرپرسیاریت. ئەم کارە بەتەواوی وا لە دایک و باوکت دەکات کە وەڵامی بەڵێت پێ بدەن.

٩- ناچاریان مەکە

لەکاتێکدا کە داواکارییەکت لێیان هەیە، هەوڵ مەدە ناچاریان بکەیت یەکسەر وەڵامت بدەنەوە، لەجیاتی ئەوە کاتیان پێبدە تا بیری لێبکەنەوە و پاشان وەڵامت بدەنەوە واتا وەکوو منداڵ ڕەفتار مەکە و مەیانخەرە ناو بارودۆخێکی نەخوازراوەوە. ئەم کارە دەبێتە هۆی ئەوەی بە کەسێکی پێگەیشتووت بزانن، کە بنەماکانی ڕێز و ئەدەب جێبەجێ دەکات.

١٠- وەڵامی نەخێر بگۆڕە بۆ بەڵێ

ئەگەر وەڵامەکە نەخێرە دەبێت ئەو لێهاتووییەت هەبێت کە چۆن وەڵامی بەڵێ وەربگریت، لێیان بپرسە بۆچی بەکارەکەت ڕازی نیین، ئەگەر وەڵامێکی ئاڵۆز و ناڕوونت وەرگرت، داوایان لێبکە بۆت ڕوون بکەنەوە کە پێویستە کام بەرپرسیارێتییانە ئەنجام بدەیت بۆئەوەی وەڵامی بەڵێ وەربگریت، چۆن نیشانی بدەیت کە بەئەندازەی پێویست گەورەبوویت، ئاگاداربە کە لەم کاتانەدا نابێت دەنگەدەنگ دروست بکەیت و بۆڵەبۆڵ مەکە، تەواوی ئەم کارانە بەوپەڕی ئارامی و لەسەرخۆیی ئەنجام بدە.


سەرچاوەکان



177 بینین