لەبەرگرتنەوەی مێشک

له‌لایه‌ن: - شانیا سەردار شانیا سەردار - به‌روار: 2023-02-18-21:00:00 - کۆدی بابەت: 11046
لەبەرگرتنەوەی مێشک

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

لەبەرگرتنەوەی مێشک یان کۆپیکردنی مێشک (بە ئینگلیزی: Mind uploading یان Mind emulation، بە عەرەبی: تحميل العقل یان تحميل الدماغ) پرۆسەیەکی بیردۆزیی خەمڵاندنی هەموو مێشکە، کە سکانێکی مێشکی تێدا بەکاردێت بۆ لەبەرگرتنەوەی دۆخی دەروونیی تاک لە کۆمپیوتەرێکی دیجیتاڵدا یاخود ڕۆبۆتێک، بە مەبەستی دروستکردنی مێشکی دیجیتاڵی. کۆمپیوتەرەکە دواتر شیکردنەوەیەک بۆ پڕۆسەی زانیارییەکانی مێشک بەڕێوە دەبات، بۆ ئەوەی لە بنچینەدا بە هەمان شێوەی مێشکی ڕەسەن وەڵام بداتەوە و ئەزموونی هەبوونی مێشکێکی هۆشیارانە بکات. ئەم پڕۆسەیە وەکوو بیردۆزماوەتەوە و نەبووە بە ڕاستی، کاری لەسەر دەکرێت و ئەگەری هاتنەدی هەیە لە داهاتوودا. چەندین توێژینەوەی گرنگ لە ناوچە پەیوەندیدارەکانی بە لەبەرگرتنەوەی مێشکەوە کراوە، لەوانەش نەخشەکێشانی مێشکی ئاژەڵان و لێکدانەوەی، پەرەسەندنی خێرای کۆمپیوتەرەکان، ڕاستیی گریمانەیی، پەیوەندی نێوان مێشک و کۆمپیوتەر، کۆنێکتۆمیکس و دەرهێنانی زانیاری لە مێشک. بەڕای لایەنگرانی بیردۆزەکە زۆرێک لە ئامراز و بیرۆکە پێویستەکان بۆ گەیشتن بە لەبەرگرتنەوەی مێشک لە ئێستادا بوونیان هەیە یان لە ئێستادا لە ژێر پەرەسەندنی چالاکدان هەرچۆنێک بێت، ئەوان دان بەوەدا دەنێن کە بیرۆکەکە زۆر بیردۆزییە، بەڵام هێشتا هیوایان بە بواری تەکنەلۆجیا و ئەندازیاری هەیە. لەبەرگرتنەوەی مێشک لە چەندین فیلم و ڕۆمانی زانستی خەیاڵی و یاری ڤیدیۆییدا وەک چەمکی سەرەکی باسکراوە.

مێژوو

هانس پیتەر مۆراڤک ئەندامی دەستەی یاریدەدەر لە پەیمانگای رۆبۆت لە زانکۆی کارنگی مێلۆن لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، لە ساڵی ١٩٧٩ باس لە لەبەرگرتنەوەی مێشک دەکات بە ئەنجامدانی نەشتەرگەری مێشک. دواتر لە ساڵی ١٩٨٨ مۆراڤک هەمان باس بەکاردەهێنێت و بە گواستنەوەی مێشک (Transmigration) ناوی دەبات.
ڕەی کورزوایل، بەڕێوەبەری ئەندازیاری گۆگڵ، ماوەیەکی زۆرە پێشبینی کردووە کە خەڵک تا ساڵی ٢٠٤٥ دەتوانن تەواوی مێشکیان بۆ کۆمپیوتەر بگوازنەوە ببن بە "دیجیتاڵیی نەمر".
لە ساڵی ١٩٩٣، جۆی سترۆت وێبسایتێکی بچووکی دروست کرد بە ناوی لەبەرگرتنەوەی مێشک (Mind Uploading Home Page)، دەستی کرد بە داکۆکی کردن و بانگەشەکردن لە بیرۆکەکە.

چۆنیەتی بیردۆزەکە

لەبەرگرتنەوەی مێشک بە شێوەیەکی گشتی لەوانەیە بە یەکێک لەم دوو شێوازە ئەنجام بدرێت: زانیارییەکانی مێشک کۆپی بکرێت و لە مێشکی ڕەسەنیشدا بمێنێتەوە، یان دوای کۆپی کردن زانیارییەکان لە مێشکی ڕەسەندا بسڕێنەوە. ڕێگای یەکەمی لەبەرگرتنەوەی مێشک بە سکانکردن و نەخشەکێشانی تایبەتمەندییە بەهێزەکانی مێشکی بایۆلۆجی بەدەست دێت، پاشان بە خەیاڵکردن و کۆپی کردنی، زانیارییەکان لەناو سیستمێکی کۆمپیوتەر یان ئامێرێکی تردا دەبێت، لەم پڕۆسەیەشدا دڵنیایی نییە کە مێشکی ڕەسەن وەکوو خۆی دەمێنێتەوە و لەوانەیە لە پرۆسەی کۆپیکردن ڕزگاری نەبێت. لە ڕێگای دووەمدا دەمارە ڕاگەیاندنەکان بەشێوەیەکی گەردیلەیی تێکدەشکێن و دەگوازرێنەوە و دواتر لە بەرنامەیەکی کۆمپیوتەریدا ڕێکدەخرێنەوە، هەتا مێشکی ڕەسەن چیتر بوونی نییە و لە جێگەی ئەو بەرنامەیەکی کۆمپیوتەری هەیە. ئەمانەش ئەگەری بەکارهێنانی چەندین تەکنیکی جیاوازیان بۆ کراوە. لەوانەیە مێشکە هاوشێوەکراوەکە لە نێو ژیانێکی گریمانەیی خەیاڵیدا بێت یان جیهانێکی هاوشێوەکراو، کە لە جەستەیەکی 3Dـی ئەناتۆمی دابنرێت. مێشکی هاوشێوەکراو دەتوانرێت لە کۆمپیوتەرێکدا نیشتەجێ بکرێت یان ڕۆبۆتێکی مرۆڤدۆست یان جەستەیەکی بایۆلۆجی. 

سوودەکانی  مێشک لەبەرگرتنەوە

لەبەرگرتنەوەی مێشکی مرۆڤ لەوانەیە ببێتە هۆی گەشەی ئابووریی بەردەوام. ئەگەر مرۆڤ ڕێگەی پێدرا کە مێشکی خۆی کۆپی بکات بۆ ناو جەستەی ڕۆبۆتێکی مرۆڤدۆست، کاراتر دەبێت. مرۆڤ لە جیاتی ئەوەی پشت بە گەشەی دانیشتووان ببەستێت بۆ گەیشتن بە هێزێکی کاری گەورەتر، دەتوانێت مێشکی خۆی چەند جارێک لەسەر کۆمپیوتەر کۆپی بکات و بەرهەمداری زیاد بکات. یەکەم وڵات کە دەتوانێت لەم تەکنەلۆجیایە سەرکەوتوو بێت و بیردۆزەکە بکات بە ڕاستی لەوانەیە بتوانێت هەژاری جیهانیی چارەسەر بکات بە بەخشینی تەنها ٠.١٪ لە تێکڕای بەرهەمی ناوخۆیی ساڵانەی وڵاتەکە.

ئەگەر وشیاری مرۆڤ کۆپی بکرێت بۆ ڕاستییەکی گریمانەیی، مرۆڤ کاریگەری کەمتری لەسەر ژینگە دەبێت و دووەم ئۆکسیدی کاربۆن کەمتر دەبێتەوە لە بەرگە هەوا. خواردن بریتی دەبێت لە هەر خواردنێک کە بمانەوێت کە تەنیا بە کارەبا یان ڕووناکی بەرهەم دەهێنرێت، بەمشێوەیە ئەو وێرانکارییە ژینگەییەی بەهۆی کشتوکاڵ و پاشەڕۆی ئاژەڵەوە دروست دەبێت نامێنێت.

کاتێک مێشکێک لەبەرگیرایەوە بۆ ناو کۆمپیوتەرێک، ئەوکاتە زیرەکییەکی کۆمپیوتەریی هەیە و دەتوانێت زۆر خێراتر بیر بکاتەوە لەو کاتەی کە تەنها مێشکێک بوو لە جەستەی مرۆڤدا. ئیلیزەر یودکۆسکی لە پەیمانگای سێنگولاریتی بۆ زیرەکیی دەستکرد پێشبینی و ژماردنی خێرایی لەبەرگرتنەوەی مێشکی دەستکرد دەکات بۆ ئەوەی نزیکەی ملیۆنێک جار خێراتر لە تێکرای مێشک، واتای ئەوەیە کە مێشک تەنها لە ماوەی ٣١ چرکەدا دەتوانێت ئەزموونی ساڵێکی ئاسایی ژیان بکات. 

هەڵهاتن لە کۆنتڕۆڵی ڕاستەوخۆ لەلایەن یاساکانی فیزیاوە. ڕەنگە ئەم سوودە زیاتر فەلسەفی بێت، بەڵام ئەگەر ڕاستەوخۆ ئەزموون بکرێت، ئەوا سروشتی ئەم سوودە ڕوون دەبێتەوە. لە ژینگەیەکی گریمانەییدا، هەموو شتێک بەدەست پڕۆگرامەرە و ژیانی گریمانەیی کەسەکە  دەتوانێت ببێتە تابلۆ بۆ دروستکردنی جیهانێکی خەیاڵیی هەڵبژێردراو لەلایەن تاکەکەس.

دروستکردنی پەیوەندی نزیکتر لەگەڵ کەسانی تر. لە مێژووی مرۆڤایەتیدا کارلێککردنی مرۆڤێک لەگەڵ یەکێکی تردا سنووردارکراوە لە چوارچێوەی مەودایەکی کەمی قسەکردن و گفتوگۆکردن و دەربڕینەکانی دەموچاو. بەڵام ئەگەر کۆپیکردنی مێشک ببێت بە ڕاستی، بە هاوبەشیکردنی دۆخی مێشکیمان لەگەڵ ئەوانی تر، دەتوانین بچینە ناو ئاڵوگۆڕێکی قووڵتر لە بیرۆکە و هەستەکان. پێشبینی ئەوە دەکرێت کە "قسەکردن" دەبێت بە شێوازێکی کۆن و دواکەوتووی هەبوونی پەیوەندی.

گەڕانی بۆشایی ئاسمان. بۆ خۆبەدوورگرتن لە مەترسییەکانی نەمانی کێشکردن لە بۆشایی ئاسمان و تیشکدانەوەی گەردوونیی بۆ جەستەی مرۆڤ، ناردنی مێشکێکی لەبەرگیراوە بۆ بۆشایی ئاسمان لە ناردنی کەسێکی ئاسایی ئاسانترە. هەروەها ئەوە ڕێگە دەدات بۆ بەکارهێنانی کەشتی ئاسمانی بچووکتر و بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ مەودای دووری گەشتی نێوان ئەستێرەکان بێسنوور دەکات.

نەمری. لە تیۆردا ئەگەر بتوانرێ زانیاری و پرۆسەکانی مێشک لە جەستەی بایۆلۆجی جیابکرێتەوە، ئەوا چیتر بە سنووری تاکەکەسی و ماوەی ژیانی ئەو جەستەیەوە نابەسترێتەوە. ئەگەر زانیاری ناو مێشک بەشێکی یان بە تەواوی کۆپی بکرێت یان بگوازرێتەوە بۆ لاشەیەکی تر یاخود کۆگای دیجیتاڵیی، بەو پێیە لە ڕوانگەیەکی میکانیکی تەواوەوە دەبێتە هۆی کەمکردنەوە یان لابردنی مەترسی مردن. ئەم پێشنیارە لە ساڵی ١٩٧١ لە لایەن زیندەوەرزان جۆرج ئێم مارتن لە زانکۆی واشنتۆن تاوتوێ کراوە. 

زیانەکانی مێشک لەبەرگرتنەوە

بیردۆزی مێشک لەبەرگرتنەوە دژی یاساکانی سروشتە، شتێک کە هیچ گومانێکی تێدا نییە ئەوەیە هەموو کەسێک بە هەر هۆکارێک بێت و لە هەر تەمەنێکدا بێت ڕۆژێک دێت دەمرن. ئەگەر ئەم بیردۆزە سەربکەوێت وەکوو ئەوەی کە پێشبینی دەکرێت ئەوا نەمری بەدی دێت، بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە ئایا کەسێک دەتوانێت بە کۆپپیەکی دیجیتاڵی بڵێت کە ئەوە خۆیەتی؟، ئایا دەتوانێت بە شێوەیەکی هەمیشەیی لە ژیانێکی گریمانەیی و خەیاڵیدا بژی؟. ئەمانە و چەندین پرسی فەلسەفی دیکە بوونەتە هۆی ئەوەی ئەم بیردۆزە بە بیرۆکەیەکی خراپ دابنرێت و هەندێک کەس لە دژی بوەستنەوە.

کاتێک لە ژیانێکی دیجیتاڵی و گریمانەیی دەژیت، لەوانەیە وات لێبێت نەتوانیت ڕاستی و خەیاڵ لەیەکتر جیا بکەیتەوە، نەتوانرێت خۆت و کۆپییەکەت جیا بکرێنەوە. لە ژیانێکدا دەژیت کە لەوانەیە جگە لەو کەسانەی گەشەیان بە تەکنەلۆجیاکە کردووە خۆشت لێی تێنەگەیت.

یەکێکی تر لە کێشەکان کە لەوانەیە دروست ببێت دزینی کۆپی مێشکتە، ئەگەر کەسێک کۆپی مێشکت بەرێت یاخود کۆنترۆڵی بکات وەکوو ئەوەی لێدێت کە ژیانی خۆت بەدەست یەکێکی ترەوە بێت. ئەو کەسە دەتوانێت بۆ هەر شتێک بەکارت بهێنێت و دەستبگرێت بەسەر ژیانتا و ببیت بە کۆیلەی، یاخود هەر نهێنییەکت هەبێت ئاشکرای بکات. 

وەکوو باسکرا لەبەرگرتنەوەی مێشک هێشتا بیردۆزێکە و هیچ دڵنیاییەک نییە کە ئایا سەرکەوتوو دەبێت یان نا، هیچ گەرەنتییەک نییە کە لە داهاتوودا هیچ کێشەیەکی تێدا ڕوونادات، لەوانەیە کێشەیەک ببێتە هۆی مردنی ئەو کەسانەی لەبەرگرتنەوەی مێشکیان کردووە. 

هیچ گەرەنتییەک نییە کە کۆپییەکەت %١٠٠ وەکوو خۆت دەبێت تەنانەت لەوانەیە لە داهاتوودا مێشکی دیجیتاڵی ببن بە دوژمنی مرۆڤ و ببن بە هۆکاری لەناوچوونی مرۆڤایەتیی. 

یەکێک لە سوودەکانی بیردۆزەکە کە دەتوانیت بڵێیت زیانیشە، ئەوە بوو کە دەتوانیت کۆنترۆڵی دۆخی هەستیی خۆت و یادگارییەکانت بکەیت، بەشێوەیەک کە دەسەڵاتت هەیە بەسەر سڕینەوەی یادگارییە ناخۆشەکانت، دەتوانیت لە خراپترین بارودۆخەکانیشت ئاستی دڵخۆشیت بگەیەنیت بە ڕێژەیەکی بەرز و بە پێچەوانەشەوە، بەڵام ئایا ژیان هیچ واتایەکی دەمێنێت لەم کاتەدا؟.

بەهۆی ئەوەی لە ژیانی دیجیتاڵیدا کەسەکان دەچنە پەیوەندییەکی زۆر قوڵترەوە، لەوانەیە وای لێبێت بتوانن مێشکی بەرانبەر بخوێننەوە بزانن کەسەکە هەست بە چی دەکات، بەمەش شتێک نامێنێت بەناوی تایبەتمەندی یاخود نهێنی و ژیانی تایبەتی.


سەرچاوەکان



576 بینین