ناوهڕۆك
ناساندن
ئۆبلاست ڤۆڵگۆگراد (بە ڕووسی: Волгогра́дская о́бласть، بە عەرەبی: فولغوغراد أوبلاست، بە ئینگلیزی: Volgograd Oblast) یەکێکە لە ئۆبلاستەکانی ڕووسیا، دەکەوێتە ناوچەی خوارەوەی ڤۆڵگا لە باشووری ڕووسیا. ناوەندی کارگێڕییەکەی بریتییە لە ڤۆڵگۆگراد. ژمارەی دانیشتووانی ئەم ناوچەیە لە سەرژمێری ساڵی ٢٠١٠ دا ٢,٦١٠,١٦١ کەس بووە. پێشتر بە ئۆبلاست ستالینگراد ناسرابوو، لە ساڵی ١٩٦١ ناوی ئێستای پێدرا، ئەمەش کاتێک شاری ستالینگراد ناوی بۆ ڤۆڵگۆگراد گۆڕدرا وەک بەشێک لە پڕۆسەی داماڵینی ستالینگەرایی.
وڵات | ڕووسیا |
ناوەندی کارگێڕی | ڤۆڵگۆگراد |
ڕووبەر | ١١٣،٩٠٠ کم دووجا |
ناوچەی شار | ٧٦% |
ناوچەی گوندنشینی | ٢٤% |
جوگرافیا
ئۆبلاستی ڤۆڵگۆگراد لە باشووری ڕۆژاوا لەگەڵ ئۆبلاستی ڕۆستۆڤ، لە باکووری ڕۆژاوا لەگەڵ ئۆبلاستی ڤۆرۆنیژ، لە باکوور لەگەڵ ئۆبلاستی ساراتۆڤ، لە باشووری ڕۆژهەڵاتەوە ئۆبلاستی ئەستراخان و کۆماری کالمیکیا هاوسنوورە، و لە ڕۆژهەڵاتیشەوە سنوورێکی نێودەوڵەتی لەگەڵ کازاخستان هەیە. دوو ڕووباری سەرەکی لە ڕووسیای ئەورووپی، دۆن و ڤۆڵگا، بەناو ئۆبلاستەکەدا تێدەپەڕن و بە کەناڵی ڤۆڵگا-دۆن بەیەکەوە دەبەسترێنەوە. ڕێڕەوی ئاوی ستراتیژی ئۆبلاستی ڤۆڵگۆگراد وایکردووە کە ببێتە ڕێگایەکی بەناوبانگ بۆ کەشتیوانی و بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا. ئۆبلاستی ڤۆڵگۆگراد شوێنی سەرەکی شەڕی ستالینگراد بوو لە کاتی جەنگی جیهانیی دووەمدا، زۆرجار وەک یەکێک لە گەورەترین و خوێناویترین شەڕەکان لە مێژووی شەڕدا سەیر دەکرێت.
ڕووبارەکان
- ڕووباری ڤۆڵگا
- ڕووباری دۆن
- ڕووباری مێدڤێدیتسا
- ڕووباری خوپیۆڕ
مێژوو
ئۆبلاستی ستالینگراد لە ٥ی کانوونی دووەمی ١٩٣٦ لەسەر خاکی ستالینگراد کرای دامەزرا. ئەم ئۆبلاستە لە ١٠ی تشرینی دووەمی ١٩٦١ ناوی گۆڕدرا بۆ ڤۆڵگۆگراد.
دیمۆگرافی
ژمارەی دانیشتووانی ئەم ناوچەیە بەپێی سەرژمێری ساڵی ٢٠١٠ی ڕووسیا ٢,٦١٠,١٦١ کەس بووە، لە سەرژمێری ساڵی ٢٠٠٢ی ڕووسیادا ٢,٦٩٩,٢٢٣ کەس بووە، و لە سەرژمێری ساڵی ١٩٨٩ی سۆڤیەتدا ٢,٥٩٣،٩٤٤ کەس بووە.
ئایین
بەپێی ڕاپرسییەکی ساڵی ٢٠١٢ی ڕووسیا ٥٤.٥%ی دانیشتوانی ئۆبلاستی ڤۆڵگۆگراد پابەندن بە کڵێسای ئۆرتۆدۆکسی ڕووسیا، ٤% مەسیحی گشتیی بێ پەیوەندین، ٢% باوەڕدارانی مەسیحی ئۆرتۆدۆکسی ڕۆژهەڵاتن کە سەر بە هیچ کڵێسایەک نین یان ئەندامی نا -کڵێساکانی ئۆرتۆدۆکسی ڕۆژهەڵاتی ڕووسیا، ٣% موسڵمانن. جگە لەوەش، ١٨%ی دانیشتووان ڕایدەگەیەنن باوەڕیان هەیە بەڵام بێ ئایینن. ١٢% بێدینن، و ٦,٥% پەیڕەوی لە ئایینەکانی تر دەکەن یان وەڵامیان نەداوەتەوە.