بۆچی حەزی  خواردنەکان لای مرۆڤەکان جیاوازە؟

له‌لایه‌ن: - ئیسرا بورهان ئیسرا بورهان - به‌روار: 2023-09-10-21:53:00 - کۆدی بابەت: 11268
بۆچی حەزی  خواردنەکان لای مرۆڤەکان جیاوازە؟

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

بۆچی حەزی  خواردنەکان لای مرۆڤەکان جیاوازە؟ (بە عەرەبی: لماذا حب اكل تختلف من شخص لاخر، بە ئینگلیزی: Why do different people like different food) حەز و ئارەزووی کەسەکان لە زۆر بواردا جێگیر نییە و گۆڕاوە، ئارەزووی خواردن  و حەزکردن لە خواردن یان پەسەندکردنی و خواردن بەند و پەیوەستە بە زۆر فاکتەر و هۆکارەوە، ژینگە و کولتوور و دەوروبەر، هۆکاری تایبەتی کەسەکە، لەگەڵ بۆماوە و هۆکارە تەندروستییەکان لە گرنگترین هۆکارەکانی جیاوازی حەز و خولیاکانمانن.

هۆکاری جیاوازی حەزی مرۆڤ بۆ خواردنەکان

ژینگەی دەوروبەر و کولتوور

ژینگەی دەوروبەر و کولتوور و پەروەردەی کەسەکە هۆکاری سەرەکین بۆ جیاوازی حەز و خولیاکانمان بە تایبەت خواست و ئارەزوومان بۆ خواردن، زۆر کەس هەر لە تەمەنی منداڵییەوە خواردنێکی کولتووری ناوچەکەی بە دەستی کەسێکی نزیکی خواردووە و تام و چێژی خواردنەکە لە یادەوەری دەمێنێتەوە، ئەو جۆرە خواردنە بە درێژایی ژیانی دەبێت بە خواردنێکی پەسەندی.

بۆماوەیی

بۆهێڵ و بۆماوەوە ڕۆڵیان هەیە لە دیاریکردنی شێوازی خواردنە دڵخوازەکانی مرۆڤ.  هەندێک سەرچاوە دەریخستووە که هەندێک کەس هەڵگری چەند جۆرێک جیناتن کە وایان لێدەکات بۆ هەندێک تام و بۆنی خواردن کەمتر هەستیار بن، بەم جۆرە تام و بۆنی چەند جۆرێک خواردنیان لەلا پەسەند نییە،  بەڵام مەیلیان بۆ خواردنێکی دیاریکراو زیاترە و ئارەزووی زیاتری دەکەن .

ئەزمونەکانی ڕابردوو

دەکرێت ئەزموونی ڕابردووی کەسەکان بۆچوون و ئارەزووەکانیان بۆ خواردن سنووردار بکات، ئەگەر لە ڕابردوودا ئەزموونێکی نەرێنییان لەگەڵ خواردنێکی دیاریکراودا هەبوو، ڕەنگە دووبارە مەیلی ئەو  خواردنەیان نەبێت و حەزیان بۆ نەبێت، بە پێچەوانەشەوە ئەگە کەسێک ئەزموونێکی باش و ئەرێنی لەگەڵ خواردنێک هەبێت واتا لە کاتی بۆنەیەکی دڵخۆشیدا یان لەکاتێک خواردوویەتی هەستی  برسییەتی زۆر بووە ئەوە دەکرێت مەیل و خواستی بۆ ئەو خواردنە زیاتر بێت.

هۆکارە تەندروستییەکان

هۆکاری تەندروستی وەک هەستیاری بە خۆراک یان هەندێک نەخۆشی تەندروستی تر دەکرێت کاریگەری لەسەر ئارەزووی خواردنی کەسەکان هەبێت.  هەندێک کەس بەهۆی کێشەی تەندروستییەوە ناچار دەبن خۆیان لە کۆمەڵێک خۆراک بەدوور بگرن، بەم شێوەیەش چەند جۆرێک خواردنیان پێ باشترە لە چەند جۆرێکی تر.


سەرچاوەکان



331 بینین