تیۆرەکانی جۆر

له‌لایه‌ن: - ئیمان ئەحمەد ئیمان ئەحمەد - به‌روار: 2023-10-05-22:51:00 - کۆدی بابەت: 11407
تیۆرەکانی جۆر

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

تیۆرەکانی جۆر (بە ئینگلیزی: Type theories، بە عەرەبی: نظريات الأنماط)، توێژینەوە و پۆلێن کردنی خاسیەتەکانی کەسایەتی بۆ چەند جۆرێک زۆر کۆنە و مێژووی دوور و درێژی هەیە و هەتا ئێستا ماوە، هەرچەندە زۆر لە دەروونزانان ڕەتی دەکەنەوە و بڕوایان پێی نییە، لەبەر ئەوەی خاسیەت و سیفەتەکان لای هەموو کەس هەن، بەڵام ڕێژە و بڕەکان لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی دیکە دەگۆڕێت. 

گرنگترین تیۆرەکانی جۆرەکانی کەسایەتی

جۆرە جەستەییەکان

ئەم جۆرە تیۆرانە هەوڵدەدەن کە خاسییەت و سیفاتەکانی کەسایەتی مرۆڤ بە جەستەو و پێکهاتەی لەشیانەوە ببەستنەوە، مەبەست لە پێکهاتەی لەش تەندروستی گشتی و هێز و گڕ و تین و زیندوێتی و چالاکی و مرۆڤ و شێوەی جەستەیی و چەند خاسییەتێکی ترە، زۆر لە دایکان و باوکان هەر لە دوای لە دایکبوونەوە هەست بە بوونی جیاوازی لە نێوان منداڵەکانیان دەکەن. بۆ نموونە هەندێک لە منداڵان هەر لە دوای لە دایکبوونەوە زۆر دەجووڵێن و چالاکن، کەچی هەندێکی تریان بێ دەنگ و کز و ماتن، لە لایەکی تریشەوە هەندێکی تریان زۆر پێدەکەنن و بەردەوام ڕووخۆشن، کەچی هەندێکی تریان مۆن و تووڕە و گرینۆکن. 

جۆرە فیسیۆلۆجییەکان

ئەم جۆرە تیۆرانە لەسەر بنەماکانی کیمیایی جەستەیی و هاوسەنگی دەرهاویشتە هۆرمۆنییەکان بونیاد نراون، یۆنانییە کۆنەکان لەوانە هیبوقراط تاکەکانی کۆمەڵیان بەسەر چوار جۆر کەسایەتییدا دابەش کردبوو، ئەوانیش بریتیبوون لە جۆرەکانی خوێنی، لیمفاوی، ڕەشاوی، زەرد باوی. بە بڕوای ئەوان لەشی مرۆڤ لەو چوار شلە پێک دێت، ئینجا هەر کامێکیان زاڵ بێت لەلای مرۆڤ ئەوا ئەو کەسە بەو جۆرە ناودەبرێت، ئەم جۆرەش کۆمەڵێک خاسیەت و سیفات لە خۆ دەگرێت، بەم شێوەیەی خوارەوە: 

  • کەسی خوێنی: کەسێکی کراوە و دڵخۆش و کامەران و کۆمەڵایەتییە و حەز بە ناو کۆمەڵ و دام و دەزگاکان دەکات و زوو دەورووژێنرێت و وەڵام دەداتەوە و تەنها گرنگی بە ئێستای خۆی دەدات، شتەکان زۆر بەهەند و گرنگ هەڵناگرێت. 
  • کەسی لیمفاوی: کەسێکی خاو و تەمبەڵە. 
  • کەسی ڕەشاوی: کەسێکی ڕەشبین و خەمناک و دڵتەنگە و هەڵچوونەکانی بەهێز و خێران. 
  • کەسی زەرد باوی: کەسێکی تووڕە و زوو هەڵچووە، خاوەن جەستەیەکی بەهێزە و عیناد و کەللە ڕەقە.

جۆرەکانی ڕەوشتی دەروونی 

مەرج نییە مرۆڤ هەر لە لایەنی جەستەیی و فیسیۆلۆجییەوە تایبەتمەندی هەبێت و شێوە و بونیادی لە جۆرێک لە جۆرەکانی سەرەوە بێت، بەڵکو هەندێک جار مرۆڤ لە لایەنی دەروونی یان ڕەوشتییەوە سەر بە جۆرێک دەبێت، باشترین تیۆریش تیۆری کارل یۆنگە کە کەسایەتی مرۆڤ بەسەر دوو جۆری سەرەکیدا دابەش دەکات، ئەوانیش کەسایەتی کراوە و کۆمەڵایەتی، کەسایەتی گۆشەگیر و دوورە پەرێزە. مەبەست لە کەسایەتی کراوە و کۆمەڵایەتی ئەو جۆرە کەسەیە کە حەز بە تێکەڵاو بوونی کۆمەڵایەتی و ناو خەڵک دەکات و لە ناو کۆڕ و کۆبوونەوەدا هەست بە خۆشی و کامەرانی دەکات. بەڵام کەسایەتی گۆشەگیر و دوورەپەرێز ئەو کەسە دەگرێتەوە کە حەز بە ناو کۆمەڵ و کۆڕ و کۆبوونەوە ناکات بەڵکو حەز بە تەنیایی و گۆشەگیری دەکات زۆر جاریش شەرمنیشە. 

لایەنگرانی ئەم تیۆرە دەڵێن ئەو کەسەی لە سەرەتای ژیانیەوە لە جۆری کراوە و کۆمەڵایەتی بێت، ئیتر هەتا هەتایە هەر بەو شێوەیە دەمێنێتەوە و نابێت بە کەسێکی گۆشەگیر و دوورە پەرێز، بێگومان پێچەوانەکەشی ڕاستە، بە بۆچوونی ئەم تیۆرە هەر ئەم دوو جۆری کەسایەتییەیە کە دەبێتە سەرچاوەی بەردەوام بوونی پەیوەندی نێوان هاوڕێیان یان هاوسەری ژیان. ئەوەی لە دەرئەنجامی زۆربەی توێژینەوەکانی ئەم بوارە دەرکەوتووە، ئەوەیە، کە لە ژیاندا ناتوانین مرۆڤەکان تەنها بەسەر دوو جۆر لە کەسایەتی گۆشەگیر و کراوە دابەش بکەین، بەڵکو هێڵێکی ڕاست دەردەچێت، ئەوانەی گۆشەگیرن دەکەونە جەمسەرێکی هێڵەکە و ئەوانەشی کە کراوە و کۆمەڵایەتین دەکەونە جەمسەرەکەی تر و ژمارەیەکی زۆریش دەکەونە نێوان ئەو دوو جەمسەرەوە، کە نە گۆشەگیری تەواون و نەکراوە و کۆمەڵایەتی تەواون، بەڵکو کەم و زۆر لەو دوو جەمسەرە دوور دەکەونەوە، کە ئەمەش لەگەڵ بۆچوونەکەی یۆنگ یەک ناگرێتەوە، کە مرۆڤ تەنها بەسەر ئەو دوو بەشەدا دابەش دەکات.

هەڵسەنگاندنی تیۆرەکانی جۆر 

بوونی ئەم جۆرە تیۆرانە و دابەشکردنی خەڵک بەسەر چەند جۆر و کۆمەڵەیەکدا کارێکی ئاسان نییە، لەبەر ئەوەی مرۆڤ پێکهاتەیەکی ئاڵۆزە و دەرئەنجامی کۆمەڵێک هۆکاری بۆماوەیی و کۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیرییە، بەڵام ئەوەی جێگەی سەرنج و تێڕامانە، ئەوەیە کە تیۆری جۆرەکان، هەموو خاسییەت و سیفاتەکانی مرۆڤ بۆ یەک هۆکار کە ئەویش بۆماوەییە دەگەڕێننەوە کە ئەمەش لەگەڵ دەرئەنجامی توێژینەوە زانستییەکان یەک ناگرنەوە. لەبەرئەوەی ئەم جۆرە تیۆرانە ڕۆڵی کۆمەڵ و دام و دەزگا کۆمەڵایەتییەکان و ڕووداو و بەسەرهاتەکانی قۆناغی منداڵی و قۆناغەکانی تر پشتگوێ دەخەن، لە کاتێکدا قۆناغەکانی ژیان و ڕووداو و فێربوون و بەسەرهاتەکانی دوای لە دایکبوون کاریگەری خۆیان لەسەر کەسایەتی مرۆڤ و دەرکەوتن یان دەرنەکەوتنی خاسییەتەکانی هەیە، کە ئەمەش لە لایەن تیۆرەکانی جۆرەکانەوە پشتگوێ خراوە. 

لە لایەکی تریشەوە جیاوازی لە نێوان تاکەکانی کۆمەڵ، جیاوازییەکی بڕییە نەک جۆری، واتا هەموو خاسییەت و سیفاتە دەروونییەکان لەلای هەموو کەسێک هەیە، بەڵام بڕ و ڕێژەکەی لە یەکێکەوە بۆ یەکێکی تر دەگۆڕێت، کە ئەوەش لەگەڵ بۆچوونەکانی تیۆرەکانی جۆرەکان یەک ناگرنەوە، لەبەر ئەوەی ئەوان هەندێک خاسییەت و سیفاتی تایبەتی بۆ جۆرێک دیاری دەکەن، کە لەلای جۆرێکی تر نییە، کە ئەمەش پێچەوانەی سروشتی مرۆڤایەتییە. 


سەرچاوەکان



340 بینین