باشترین کاتەکان بۆ کتێب خوێندنەوە

له‌لایه‌ن: - لەنیا بەختیار لەنیا بەختیار - به‌روار: 2023-11-09-19:51:00 - کۆدی بابەت: 11616
باشترین کاتەکان بۆ کتێب خوێندنەوە

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

باشترین کاتەکان بۆ کتێب خوێندنەوە (بە ئینگلیزی: best times for reading book، بە عەرەبی: أفضل الأوقات لقراءة الكتاب) هەرچەندە زۆرێک لە ئێمە دەزانین کە کتێب خوێندنەوە چالاکییەکی زۆر سوود بەخشە. ئەگەر بۆ چێژوەرگرتن بخوێنیتەوە یان بۆ فێربوون و پشوودان، دەتوانیت ئەزموونی خوێندنەوەت باشتر بکەیت ئەگەر چەند ڕێگا و تەکنیکێکی خوێندنەوە فێر ببیت. هەرچەندە هەندێک لە خەڵکی بە تەواوی ئەم لایەنە پشتگوێ دەخەن یەکێک لە هۆکارەکان کە کاریگەری لەسەر باشی خوێندنەوەکەت، خێرایی و مانەوەی زانیارییەکان هەیە کاتە. چەند سوودێک بۆ خوێندنەوەی کتێب لە شەواندا هەیە، بە هەمان شێوەش چەند سوودێک بۆ کتێب خوێندنەوە لە بەیانیاندا هەیە، بەپێی جۆری کتێبەکەی دەیخوێنیتەوە و مەبەستی خوێندنەوەکە کاتەکان دەگۆڕێت. کەواتە باشترین کات بۆ خوێندنەوە چ کاتێکە؟

لە کاتێکدا هەموومان دەکەوینە ژێر پۆلێنێکی دیاریکراوەوە، جوانی جۆرەکانمان ئەوەیە کە هەموومان تا ڕادەیەکی دیاریکراو تاکین. سیستمی لەشی مرۆڤەکان جیاوازن هەندێک ئارەزووی خوێندنەوە دەکەن لە قەرەباڵغیدا و هەندێکی تر بە پێچەوانەوە، ڕێگایەک کە بۆ تۆ بە تەواوی کار دەکات و سوودی دەبێت ڕەنگە بۆ کەسێکی تر بێ سوود بێت.

خوێندنەوە لە بەیانیاندا

یەکێک لەو خاڵانەی وا دەکات کتێب خوێندنەوە لە بەیانیاندا بەسوود بێت ئەوەیە کە بەیانیان بە گشتی ئەو کاتەیە کە مرۆڤ لە کاتی ڕۆژەکەدا زۆرترین پشوو دەدات. لە دوای پشوودانێکی تەواو بەهۆی خەوێکی تەندروست لە شەودا بەیانیان کاتێکی زۆر باش و گونجاوی کتێب خوێندنەوەیە. هەروەها یەکێکی تر لە هۆکارەکان ئەوەیە کە مێشک لە بەیانیاندا و دوای لە خەو هەستان وزەیەکی زیاتری هەیە. هەروەها دەکرێت هەستی بەرهەمداری و باشی بە ڕۆژەکەت ببەخشێت، بۆ نموونە تەواوکردنی کاتی خوێندنەوەی ڕۆژانە لە کاتژمێر ١٠ ی بەیانی دەتوانێت کاریگەری ئەرێنێ هەبێت لەسەر ئەوەی تەواوی ڕۆژەکە چۆن دەبێت. بەڵام سەڕەڕای ئەمانە مرۆڤەکان جیاوازن و هەندێک لە خەڵکی ناتوانن لە بەیانیاندا هیچ کارێک ئەنجام بدەن. سەعات ٩ ی بەیانی بۆ خوێندنەوە کاتێکی گونجاوە.

خوێندنەوە لە دوای نیوەڕۆیاندا

لەگەڵ ئەوەی خەڵکی کەمتر دوای نیوەڕۆیان بۆ خوێندنەوە تەرخان دەکەن، بەڵام ئەمیش سوودی خۆی هەیە. هۆکاری ئەوەش کە خەڵکی کەمتر پاش نیوەڕۆیانیان بۆ خوێندنەوە لا پەسەندە ئەوەیە کە لەم کاتەدا زیاتر خەڵکی کار دەکەن، یان دەچنە بازاڕکرد، بەشێکی کەمی خەڵکی لەم کاتەدا لە ماڵ دەبن و کاتیان بۆ خوێندنەوە دەبێت.

خوێندنەوە لە شەواندا

خوێندنەوە لە شەواندا یارمەتی توانای خەوتن و خەوێکی باشتر دەدات. هەروەها شەوان بۆ فێربوون و مانەوەی زانیارییەکان کاتێکی گونجاوە. لە شەواندا کاتی  باشترت بۆ خوێندنەوە هەیە مۆبایلەکەت کەمتر زەنگ لێ دەدات، دەتەوێت دوای ڕۆژێکی هیلاکی و پڕ ماندووبوون پشوو بدەیت لەبەر ئەمە دەتوانیت بۆ ماوەیەکی زیاتر و بەبێ وەستانی زۆر لە خوێندنەوە بەردەوام بیت. کاتژمێرێک بەر لە نووستن کاتێکی گونجاوە تاکوو ئەزموونێکی باشی خوێندنەوە بکەیت. جگە لەم کاتەش دەکرێت خۆت کاتێکی دیارکراو لە شەوەکەتدا بەپێی کاروبار و خشتەی ڕۆژانەت ڕێک بخەی.


سەرچاوەکان



765 بینین