دڵت بێنەوە

له‌لایه‌ن: - شارا نەوزاد شارا نەوزاد - به‌روار: 2023-12-09-19:54:00 - کۆدی بابەت: 11710
دڵت بێنەوە

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

دڵت بێنەوە (بە ئینگلیزی: Take your heart back، بە عەرەبی: استرجع قلبك) کتێبێکە لە نووسینی نووسەری دیاری ئیسلامی خاتوو یاسمین موجاهید. دڵت بێنەوە دیدگایەکی تایبەتە لە بارەی ڕزگاربوون لە کۆت و بەندەکانی ژیان هەروەها یەکێکە لە پڕفرۆشترین پەرتووکەکان.

ناسنامەی کتێبەکە

ناوی کتێب دڵت بێنەوە
ناوی نووسەر یاسەمین موجاهید
وەرگێڕانی بۆ کوردی ئاراس عیزەدین
دیزاینی بەرگی کوردی ناوەندی ڕێنوێن
دیزاینی تێکستی کوردی دانا حەسەن
نۆبەتی چاپ سێیەم چاپی لە ٢٠٢١ بووە
چاککردن ناوەندی ڕێنوێن
بابەت ئایینی گرنگیدان بە خود و خۆ بەرەوپێشبردن لە ڕووی ئایینییەوە.
ژمارەی لاپەڕەی ٣٢٢ لاپەڕە

پێشەکی

نووسەر لە پێشەکی کتێبەکەدا ئاماژەی بەوەکردووە پەرتووکی دڵت بێنەوە، پەرتوکێکی ئاسایی نییە. پەرتووکێکە لە بارەی گەشتی دڵ لە ناوەوە و دەرەوەی زەریای ئەم ژیانەدا. پەرتوکێکە لە بارەی ئەوەی چۆن دڵت لە نقومبوون لە قوڵایی ئەو زەریایەدا بپارێزیت، چی بکەیت کاتێک نقومبوویت. واتا پەرتوکێکە لە بارەی ڕزگاربوون و هیوا و نوێبوونەوە.

هەموو دڵێک دەتوانێت چاکببێتەوە، هەموو چرکە ساتێک دروستکراوە بۆ نزیککردنەوەمان لەو گۆڕانکارییە. پەرتووکی دڵت بێنەوە لە بارەی دۆزینەوەی ئەو ساتەیە کە هەموو شتێک دەوەستێت و لەناکاو جیاواز دەردەکەوێت. ئەم پەرتوکە باس لە بەئاگاهاتنەوە دەکات، پاشان گەڕانەوەت بۆ بارێکی باشتر و ڕاستەقینەتری خۆت.

ناوەڕۆک

کتێبە باس  لە حەوت بابەتی سەرەکی دەکات کە دواتر ئەوانیش وردتر باس لە بابەتەکان دەکەن. سەرەکیترین بابەتەکان بریتین لە:

  • هۆگربوونەکان
  • خۆشەویستی
  • ناڕەحەتییەکان
  • پەیوەندیمان لەگەڵ پەروەردگاردا
  • پلەوپایەی ئافرەتان
  • ئوممەت
  • هۆنراوە

چەند نووسینێکی نێو کتێبەکە

ئەم جیهانە ناتوانێت تێکت بشکێنێت، ئەگەر خۆت ڕێگەی پێنەدەیت. ناتوانێت دەستت بەسەردا بگرێت، ئەگەر کلیلەکان و دڵتی پێنەبەخشیت. کەوایە ئەگەر بۆ ساتێک ئەو کلیلانەت داوەتە دەست دونیا، خێرا وەریانبگرەوە. ئەمە کۆتایی نییە. نابێت لێرەدا بمریت، دڵت بێنەوە و بیدەرەوە دەست خاوەنی ڕاستەقینەی خۆی کە پەروەردگارە.

کاروبارەکانی بڕواداران زۆر سەرسوڕهێنەرن، چونکە لە هەموو کاروبارەکانیاندا خێر و چاکە هەیە. ئەمەیش تەنها بۆ باوەڕدارانە. کاتێک شتێکی خۆش ڕوودەدات بۆیان، سوپاسگوزارن و خێری تێدایە بۆیان. کاتێک شتێکی ناخۆش ڕوودەدات بۆیان، بەرگەدەگرن و سەبر و ئارامیان دەبێت و خێری تێدایە بۆیان.

ئەم هاوکێشەیە ڕوون و ئاشکرایە، تاکو زیاتر دروستکراوەکانمان بووێت ئەگەری کەمترە بەدەستی بهێنین. ئەگەر پێویستت بە خۆشەویستی بێت و بتەوێت لە  ڕێی دروستکراوەکانەوە بەدەستی بهێنیت، هەرگیز بە ڕاستی و بە تەواوەتی بەدەستی ناهێنیت. هەر شتێکی دروستکراوەکان کە لە پێناوی بەدەستهێنانی دا ڕادەکەیت، داگیرت دەکات و هەرگیز پڕت ناکاتەوە.

لە یادت بێت دڵ ئەندامێکی جێگیر نییە. دڵ واتا گۆڕان وشە عەرەبییەکەی بریتییە لە (القلب) کە لە ڕەگەکەیەوە سەرچاوەی گرتووە بە مانای (هەڵگەرانەوە) دێت. دڵ هەڵدەگەڕێتەوە بۆیە ئامانجمان لە ژیاندا دەبێت ئاگادارکردنەوەی دڵ و گەڕانەوەی بێت بۆ لای پەروەردگار.

ئەگەر بە دوای دروستکراوەکاندا ڕابکەیت، پەروەردگار و دروستکراوەکان لەدەست دەدەیت. ڕووەو پەروەردگار بڕۆ، پەروەردگار و دروستکراوەکان بەدەستدەهێنیت.

وتەی کەسایەتییە دیارەکان لەسەر کتێبەکە

پڕۆفیسۆر تارق ڕەمەزان دەربارەی کتێبەکە دەڵێت: پەرتووکی دڵت بێنەوە باس لە ئاوێتەبوونی  ڕۆح و جەستە دەکات لە ڕێی خۆشەویستی و ئاشتییە. هەموومان پێویستمان بەم پەرتووکەیە.

زە موسلیم ئۆبزێرڤە دەربارەی کتێبەکە دەڵێت: ئەم پەرتووکە پەیامێکی لێوانلێوە لە هێز و توانا بۆ هەموو تاقم و گرووپەکانی ئەم جیهانە. بە شێوەیەکی ڕێک و جوان و مرۆڤانە داڕێژراوە تاکو هەمووان سوودی لێ وەربگرین لە قۆناغە جیاجیاکانی ژیانماندا.

ستایشەکان

کۆمەڵێک نووسەر و میدیا و کەسایەتی دیار تەنانەت هاووڵاتی ئاسایش ستایش و بۆچوونی خۆیان لە بارەی کتێبەکەوە نووسیووە لەوانە:

  • پڕۆفیسۆر تارق ڕەمەزان
  • پیتەر گڵاو - دیزاینەری براوەی خەڵات
  • ساهیل یو کەی
  • گۆڤاری عزیزە
  • موسلیم ومێن ئێکسپەوزد
  • گۆاری سیستەرز
  • دالیا ئی ئێن
  • ئەبو ف
  • دریۆ
  • ئەمیرە جی
  • ئەمەزۆن کەستەمە
  • جولی ٤٠٨
  • رایفە بی
  • دانا ئێم
  • ڕێجینائۆ
  • کەی پۆڵمان
  • وەرگێڕ ئاراس عیزەدین

هەروەها کتێبێکە جێی گفتوگۆ بووە لە ناو خوێنەرانی کورددا و چەندین ڕای جوانیان دەربارەی کتێبەکە نووسیووە کە لە پێشەکی چاپی سێیەمی کتێبەکەدا ئاماژە بە بۆچوون و ڕاکانیان کراوە.


سەرچاوەکان



462 بینین