بەربڵاوترین جۆرەکانی شێرپەنجە

له‌لایه‌ن: - شارا نەوزاد شارا نەوزاد - به‌روار: 2024-02-04-14:35:00 - کۆدی بابەت: 11939
بەربڵاوترین جۆرەکانی شێرپەنجە

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

بەربڵاوترین جۆرەکانی شێرپەنجە (بە ئینگلیزی: The most common types of cancer، بە عەرەبی: أكثر أنواع السرطان شيوعا) لە جیهاندا شێرپەنجەی مەمک و سییەکان بە باوترین جۆری شێرپەنجە دادەنرێت کە ئەمە لە نێوان هەردوو ڕەگەزدایە. بەجیا لەسەر ئاستی پیاوان شێرپەنجەی سییەکان بە بەربڵاوترین جۆری شێرپەنجە دادەنرێت هەروەها شێرپەنجەی مەمک لە نێو ئافرەتان بە بەربڵاوترین جۆری شێرپەنجە دادەنرێت. بەپێی ئامارێک کە لە ساڵی ٢٠٢٠دا ئەنجامدراوە نزیکەی ١٨.١ ملیۆن حاڵەتی شێرپەنجە لە جیهاندا تۆمارکراوە. لەو ژمارەیەدا ٩.٣ ملیۆن حاڵەت لە پیاوان و ٨.٨ ملیۆن حاڵەتیش لە نێو ژناندا بووە.

نزیکەی یەک لەسەر سێی مردن کە لەئەنجانی شێرپەنجەوە ڕوودەدات بەهۆی بەکارهێنانی جگەرە، بەرزی پێوەری بارستایی لەش، بەکارهێنانی کحول، کەمی خواردنی میوە و سەوزە و نەبوونی چالاکی جەستەییە. ئەو هەوکردنانەی کە دەبنە هۆی شێرپەنجە، وەک ڤایرۆسی پاپیلۆمای مرۆڤ (HPV) و هەوکردنی جگەر، بەرپرسن لە نزیکەی ٣٠٪ی حاڵەتەکانی شێرپەنجە لە وڵاتە کەم پێگەیشتوو و مامناوەندەکاندا.

زۆرێک لە شێرپەنجەکان دەتوانرێت چارەسەر بکرێن ئەگەر زوو دەستنیشان بکرێن و بە شێوەیەکی کاریگەر چارەسەریان بۆ بەکاربهێنرێت. شێرپەنجە یەکێکە لە هۆکارە سەرەکییەکانی مردن لە جیهاندا، نزیکەی دە ملیۆن کەس لە ساڵی ٢٠٢٠ دا گیانیان لەدەستداوە، یان نزیکەی یەک لە شەش حاڵەتی مردن.

لەگەڵ زیادبوونی ئەم بارگرانییە جیهانییە، ڕێگریکردن لە شێرپەنجە یەکێکە لە گرنگترین کێشەکانی تەندروستی گشتی سەدەی بیست و یەکەم. ڕاسپاردەکانی ڕێگریکردن لە شێرپەنجە بەیەکەوە کاردەکەن وەک ڕێگایەکی گشتی بۆ ژیانێکی تەندروست بۆ ڕێگریکردن لە شێرپەنجە لە ڕێگەی گۆڕینی شێوازی خۆراک و کەمکردنەوەی بەکارهێنانی کحول هەروەها زیادکردنی چالاکی جەستەیی و بەدەستهێنان کێشێکی تەندروست و پاراستنی کێشی لەش.

هەروەها کرداری تاکەکان بۆ بەدەستهێنانی شێوازی خۆراکی تەندروست و چالاکی جەستەیی بەردەوام لە ماوەی ژیاندا پێویستی بە کرداری یەکگرتوو و یەکخراو هەیە لەلایەن هەموو کەرتەکانی کۆمەڵگاوە بە کۆمەڵگەی مەدەنی و کەرتی تایبەت و تەندروستی و کەرتە پیشەییەکانی دیکەوە.

شێرپەنجە چییە؟

شێرپەنجە دەستەواژەیەکی گشتییە بۆ کۆمەڵێک نەخۆشی کە دەکرێت کاریگەری لەسەر هەر بەشێکی لەش هەبێت. دەستەواژەکانی تر کە بەکاردێن بریتین لە شێرپەنجەی خراپ و نیۆپلازمی نوێ. یەکێک لە تایبەتمەندییە دیاریکراوەکانی شێرپەنجە بریتییە لە دروستبوونی خێرای خانە نائاساییەکان کە لە سنوورە ئاساییەکانیان زیاتر گەشە دەکەن و دواتر دەتوانن بەشەکانی تەنیشت لەش داگیر بکەن و بڵاو ببنەوە بۆ ئەندامەکانی تر. ئەم پرۆسەیە بە مێتاستەیسس ناودەبرێت. بڵاوبوونەوەی شێرپەنجە هۆکاری سەرەکی مردنە بەهۆی شێرپەنجەوە. بە واتایەکی تر ڕێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی شێرپەنجە بە لەشدا هۆکارێکی سەرەکی دوورکەوتنەوەیە لە گیان لەدەستدان بەهۆی شێرپەنجەوە.

بەربڵاوترین جۆرەکانی شێرپەنجە

شێرپەنجەی جیهانی بۆ هەردوو ڕەگەز

شێرپەنجەی مەمک و سییەکان باوترین جۆری شێرپەنجەیە لە جیهاندا، بە ڕێژەی ١٢.٥٪ و ١٢.٢٪ی کۆی ژمارەی حاڵەتە نوێیەکان کە لە ساڵی ٢٠٢٠ دەستنیشان کراون. شێرپەنجەی کۆلۆن سێیەم باوترین جۆری شێرپەنجەیە کە لە ساڵی ٢٠٢٠دا ١.٩ ملیۆن حاڵەتی نوێی تووشبوونی هەبووە، ئەمەش ١٠.٧٪ی حاڵەتە نوێیەکانە.

هەروەها ئامارەکانی ساڵی ٢٠٢٣ ئاماژە بەوەدەکەن شێرپەنجەی مەمک لەپلەی یەکەم دایە پاشان شێرپەنجەی سییەکان و شێرپەنجەی کۆڵۆن - ڕیخۆڵە. باوترین جۆری شێرپەنجە لە لیستەکەدا شێرپەنجەی مەمکە، هەروەها لەبەرئەوەی شێرپەنجەی کۆڵۆن و ڕیخۆڵە زۆرجار بە شێرپەنجەی کۆلۆن - ڕیخۆڵە ناودەبرێن، ئەم دوو جۆرە شێرپەنجەیە بۆ لیستەکە کۆدەکرێنەوە. بۆ ساڵی ٢٠٢٣، ژمارەی حاڵەتە نوێیەکانی شێرپەنجەی کۆڵۆن و شێرپەنجەی ڕیخۆڵە بە ڕێژەی ١٠٦.٩٧٠ و ٤٦.٠٥٠ حاڵەت مەزەندە دەکرێت، کە کۆی گشتی ١٥٣.٠٢٠ حاڵەتی نوێی شێرپەنجەی کۆلۆن زیاد دەکات.

باوترین شێرپەنجەکان لە جیهاندا لەم خشتەیەی خوارەوەدا تۆمارکراون. بەپێی ئاستی هەردوو ڕەگەز هەرورها ئاستی پیاوان و ئاستی ئافرەتان بە جیا.

جۆری شێرپەنجە  تۆماری نوێ  ژمارەی مردن
شێرپەنجەی میزڵدان  ٨٢.٢٩٠     ١٦.٧١٠
شێرپەنجەی مەمک ٢٩٧.٧٩٠مێ    ٢.٨٠٠ نێر    ٤٣.١٧٠ مێ  ٥٣٠ نێر
شێرپەنجەی سییەکان     ٢٣٨،٣٤٠ ١٢٧.٠٧٠
شێرپەنجەی کۆڵۆن ١٥٣،٠٢٠    ٥٢،٥٥٠
شێرپەنجەی ناوپۆشی منداڵدان  ٦٦،٢٠٠    ١٣.٠٣٠
شێرپەنجەی گورچیلە  ٨١،٨٠٠    ١٤،٨٩٠
شێرپەنجەی خوێن (هەموو جۆرەکانی) ٥٩،٦١٠  ٢٣،٧١٠
شێرپەنجەی جگەر و جۆگەی زراوی ناو جگەر  ٤١،٢١٠   ٢٩،٣٨٠
شێرپەنجەی پێست ٩٧.٦١٠  ٧.٩٩٠
لیمفۆمای ناهۆدکین
٨٠.٥٥٠   ٢٠.١٨٠
شێرپەنجەی پەنکریاس  ٦٤.٠٥٠  ٥٠.٥٥٠
شێرپەنجەی پرۆستات ٢٨٨.٣٠٠  ٣٤.٧٠٠
شێرپەنجەی سایرۆید (شێرپەنجەی غودە)  ٤٣.٧٢٠    ٢.١٢٠

شێرپەنجە لە پیاواندا

شێرپەنجەی سییەکان باوترین شێرپەنجەیە لە پیاواندا لە سەرانسەری جیهاندا، کە لە ساڵی ٢٠٢٠دا ١٥.٤٪ی کۆی ژمارەی حاڵەتە نوێیەکانی دەستنیشان کردووە.

سێ جۆری سەرەکی شێرپەنجەی سییەکان، پرۆستات و کۆلۆن، ٢١.٩٪ی شێرپەنجەکانی تێدایە.

ئەو شێرپەنجە باوانەی کە زیاتر لە ٥٪ تووشی شێرپەنجە بوون، شێرپەنجەکانی گەدە و جگەر بوون.

هەروەها لە ئامارەکانی ساڵی ٢٠٢٣دا شێرپەنجەی سییەکان لە بەربڵاوترین جۆری شێرپەنجەی نێو پیاوان ماوەتەوە و بە دوایدا شێرپەنجەی پڕۆستات، شێرپەنجەی کۆڵۆن، شێرپەنجەی گەدە، شێرپەنجەی جگەر، شێرپەنجەی میزڵدان، شێرپەنجەی سورێنچک، شێرپەنجەی گورچیلە، شێرپەنجەی خوێن، شێرپەنجەی ناودەم و شێرپەنجەی پەنکریاس هەروەها شێرۆەنجەی قوڕگ و شێرپەنجەی سایرۆید و شێرپەنجەی پێست لە ڕیزی کۆتاییدان.

شێرپەنجە لە ژناندا

شێرپەنجەی مەمک باوترین جۆری شێرپەنجەیە لە ژناندا لە سەرانسەری جیهاندا، کە لە ساڵی ٢٠٢٠دا ٢٥.٨٪ی کۆی ژمارەی حاڵەتە نوێیەکانی دەستنیشان کردووە.

ئەو سێ شێرپەنجەیەی کە شێرپەنجەی مەمک و کۆلۆن و سییەکانن، ٤٤.٥٪ی شێرپەنجەکانیان تێدایە.

شێرپەنجەی ملی منداڵدان چوارەم باوترین جۆری شێرپەنجەیە لە ئافرەتاندا، کە لە ساڵی ٢٠٢٠دا ٦.٩٪ی کۆی ژمارەی حاڵەتە نوێیەکانی دەستنیشان کردووە.

ڕێژەی تووشبوون بە شێرپەنجە لەنێو ئافرەتاندا لە ساڵی ٢٠٢٠دا لە بەرزترین ڕێژەوە بۆ کەمترین بەم جۆرە بووە:

  • شێرپەنجەی مەمک
  • شێرپەنجەی کۆڵۆن
  • شێرپەنجەی سییەکان
  • شێرپەنجەی ملی منداڵدان
  • شێرپەنجەی سایرۆدی
  • شێرپەنجەی گەدە
  • شێرپەنجەی هێلکەدان
  • شێرپەنجەی جگەر
  • شێرپەنجەی پەنکریاس
  • شێرپەنجەی خوێن
  • شێرپەنجەی سورێنچک
  • شێرپەنجەی گورچیلە
  • لە کۆتاییدا و بە ڕێژەیەکی نزم شێرپەنجەی قوڕگ و شێرپەنجەی لیکە ڕژێنەکان و شێرپەنجەی زێ دەبینرێت.

باوترین شێرپەنجەکانی هۆکاری مردن

بە پلەی یەکەم شێرپەنجەی سییەکانە و پاشان شێرپەنجەی کۆڵۆن ڕیخۆڵە و دواتریش شێرپەنجەی پەنکریاس

  • شێرپەنجەی سییەکان ١٢٧.٠٧٠ حاڵەتی مردن بە ڕێژەی (٢١%).
  • شێرۆەنجەی کۆڵۆن ڕیخۆڵە ٥٢.٥٥٠ حاڵەتی مردن بە ڕێژەی (٩%).
  • شێرپەنجەی پەنکریاس ٥٠.٥٥٠ حاڵەتی مردن بە ڕێژەی (٨%).
  • شێرپەنجەی مەمک ٤٣.٧٠٠ حاڵەتی مردن بە ڕێژەی (٧%).
  • جۆرەکانی تری شێرپەنجە ٣٣٥.٩٥٠ حاڵەتی مردن بە ڕێژەی (٥٥%).


سەرچاوەکان



166 بینین