ناوهڕۆك
ناساندن
هیلالی شیعی (بە عەرەبی: الهلال الشيعي، بە ئینگلیزی: Shiite Crescent)، ئاماژەیە بۆ ئەگەری سەرهەڵدانی هاوپەیمانی یاخود بزووتنەوەیەکی سیاسی-ئاینی کە ئێران دروستی کردووە، لەڕووی جوگرافییەوە ئێران، عێراق، سوریا، لوبنان و بەشێک لە هیندستان، پاکستان، بەحرەین، ڕۆژهەڵاتی سعودیە، بەشێک لە تورکیا، ئەفریقا لەخۆدەگرێت، کەتێیاندا شیعەکان ڕۆڵی سیاسی دەگێڕن.
مێژووی هیلالی شیعی
بەکارهێنانی ئەم وشەیە هاوتەریب بوو لەگەڵ هاتنە سەرکاری شیعەکان لە هەڵبژاردنەکانی عێراقدا، دوای هێرشی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە ساڵی ٢٠٠٣ و ڕووخاندنی حکومەتی سەدام حوسێن. لەسەر بنەمای ئەمەش هاتنە سەر دەسەڵاتی شیعەکان لە عێراقدا تەواوکردنی هیلالێک بوو لە ناوچەکانی نفوزی شیعە، ئەمەش بەو مانایەیە کە نەک هەر لە ئێران و لە شێوەی کۆماری ئیسلامی و لە لوبنان وەک بزووتنەوەیەکی بەهێز و پێشکەوتنخوازانە، بەڵکو لە عێراق و سوریاش کە دەسەڵاتیان کۆنترۆڵ کردووە، پێگەیەکی یەکلاکەرەوەیان لە ناوچەکەدا هەیە.
ئەم دەستەواژەیه بۆ یەکەمجار لەلایەن شا عەبدوڵڵای دووەمی ئوردنەوە باسی لێوەکرا، وەک ئاماژەیەک بۆ مەترسی بەدەستهێنانی دەسەڵات لەلایەن شیعە لە ناوچەکەدا، لەمانگی ئەیلوولی ساڵی ٢٠٠٥ وەزیری دەرەوەی سعودیە لە سەردانێکیدا بۆ ئەمریکا نیگەرانی وڵاتەکەی خۆی لەبارەی هیلالی شیعەوە ڕاگەیاند، هەروەها لە نیسانی ٢٠٠٦ دا سەرۆکی پێشووی میسر (حوسنی موبارەک) لە میانی چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی ئەلعەرەبیە ڕایگەیاند: شیعەکانی وڵاتانی عەرەبی دڵسۆزترن بۆ ئێران تا ئەو وڵاتانەی تێیدا دەژین و ئێران کاریگەری لەسەر شیعەکانی عێراق هەیە کە 65%ی دانیشتوانی ئەو وڵاتە پێکدەهێنن.
هەموو ئەم لایەنانە کۆک بوون لەسەر ئەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران دەتوانێت بە خستنەڕووی کاریگەریی سروشتی لە نێو شیعەکانی عێراقدا، ڕێنمایی جیۆپۆلەتیکی بکات بەجۆرێک پێشهاتەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و گۆڕینی هاوسەنگی هێز بە قازانجی شیعەکان و دژی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل و سوننە بێت لە ناوچەکەدا.
ئەجێندای هیلالی شیعی
کارنامەی سەرهەڵدانی هیلالی شیعی سێ پرسی سەرەکی لەخۆدەگرێت:
١-تاران دەیەوێت هەژموونێکی هەرێمی گەورە بۆ ئێران دروست بکات بۆ ئەوەی لە سەرانسەری ناوچەکەدا کاریگەری لەڕووی ئابووری و کولتووری و سیاسی دروست بکەن.
٢-تێکدانی هەژموونی سوننە کەزاڵ بووە بەسەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی عەرەبی بە شێوەیەکی نەریتی.
٣-ڕەتکردنەوەی تێوەگلانی ئەمریکا و وڵاتانی بیانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەتایبەتی کەمکردنەوەی هەژموون و دەستێوەردانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا.
گرنگی هیلالی شیعی بۆ ئێران چیە؟
١-گواستنەوەی کەرەستە و سەرباز و چەک لە ئێرانەوە بۆ بریکارەکانی لە ناوچەکەدا لە ڕێگەی وشکانییەوە زۆر هەرزانترە وەک لە ڕێگەی ئاسمانییەوە.
٢-بۆ ئێستا ئەم پردە وشکانییە (هیلالی شیعی) زۆر گرنگ نییە، بەڵام بۆ داهاتوو لە ئەگەری شەڕی ئیسرائیل و حزبوڵڵا یان هەر ململانێیەک لە ناوچەکەدا، فڕۆکەخانەی دیمەشق یان هەر فڕۆکەخانەیەکی دیکەی ناوچەکە ڕەنگە بۆردومان بکرێت و ڕێگەی ئاسمانی دابخرێت لەم بارودۆخەشدا ڕێگای وشکانی یارمەتیدەرێکی باشی ئێران دەبێت.
٣-کاتێک ئەم پردە وشکانییە (هیلالی شیعی) تەواو بوو ئێران وەک سەرکەوتنێکی تری بەکاریدەهێنێت.
٤-بێگومان ئەم هیلالە تەحەددا بۆ بەرژەوەندی ئەمریکا لە ناوچەکەدا دەخاتە ڕوو.
٥-ئێران لە ڕێگەی ئەم هیلالەوە مەترسی لەسەر ڕێگا بازرگانییە گرنگەکان و لەسەر ئاسایش و سەقامگیری هاوپەیمانە سەرەکییەکان لەوان ئیسرائیل و سعودیە دروستی دەکات.
٦-دەستێوەردان لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئێران ئاڵۆزتر دەکات، بە لەبەرچاوگرتنی ئەگەری پەرەسەندنی ململانێی نێوان هێزەکانی سەر بە ئەمریکا و ئێران.
٧-سەرکەووتنی هیلالی شیعی لە بنەڕەتدا دەبێتە هۆی فراوانبوونی تۆڕی بە وەکالەتی ئێران بەمەش هێرشەکان بۆ سەر خودی ئێران ڕادەگرێت.
٨-بەسەرکەوتنی هیلالی شیعی ئێران دەتوانێت سەرکردایەتی بۆ کۆمەڵگەی شیعەی جیهانی دابین بکات.
٩-فراوانکردنی پێگەی ناوچەیی ئێران لەبەرامبەر ڕۆژئاوا و سعودیە، ئیسرائیلدا.
١٠-هیلالی شیعی دەبێتە ئامڕازێکی یارمەتیدەر بۆ ئێران بۆ چەسپاندنی کاریگەری خۆی لە ناوچەکەدا لەڕووی ئابووری، کەلتووری و ئایینی.