ناوهڕۆك
ناساندن
داستانی گلگامێش (بە عەرەبی: ملحمة جلجامش، بە ئینگلیزی: Epic of Gilgamesh) داستانێکی سۆمەرییەکانە کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ٢٠٠٠ ساڵ پێش زایین، بە ڕێنووسی مێخی "بزماری" لەسەر ١٢ تابلێت "قوڕی خۆشکراو" بە شێوەی هۆنراوە نووسراوە و باس لە پاشایەک دەکات بە ناوی گلگامێش کە هەوڵی ئەوە دەدات بگات بە پلەی نەمری. ئەم چیرۆکە بە یەکێک لە گرنگترین داستانەکانی مێژوو دادەنرێت چونکە ئەوە پشت ڕاست دەکاتەوە شارستانیەتی میزۆپۆتامیا گرنگی زۆریان داوە بە لایەنی ئەدەب بە تایبەتی هۆنراوە.
زانیارییە گشتییەکان
نووسین | ٢١٠٠-١٢٠٠ پێش زایین |
وڵات | میزۆپۆتامیا |
زمان | ئەکەدی |
شێوازی نووسین | لەسەر تابلێتی قوڕی نووسراوە |
ناوەڕۆک
داستانی گلگامێش لە ١٢ تابلێتی قوڕی خۆشکراو پێک دێت. یەکەم بەشی داستانەکە باس لە چیرۆکی گلگمێش دەکات کەوا پاشای ئورک و ئنکیدو بووە. کەسێکی دڕندە کە لەلایەن خواوەندەکان دروست کراوە گلگامێش دەوەستێنێت لە بەڕێوەبردنی خەڵکی ئورک. کاتێکیش ئینکیدو دەبێتە ناوچەیەکی شارستانی لە ڕێگەی پەیوەندی جووت بوون لەگەڵ "شامهات". گەشت دەکات بۆ ئورک و ئاڵنگاری دەکات لەگەڵ گلگامێشدا بۆ تاقیکردنەوەی هێز. لەم ئاڵنگارییەدا گلگامێش براوە دەبێت دوای ئەوە دەبن بە هاوڕێی یەکتر و پلانی گەشت کردن دادەنێن بۆ "دارستانی سیدار" بۆ ڕاوکردنی پاڵەوانەکانی هومبابا. لەم جەنگەدا خواوەندی عەشتار "گای پیرۆز" دەنێرێت بۆ لەناوبردنی گلگامێش و ئینکیدو. هەردووکیان گایە پیرۆزکراوەکە لەناو دەبەن. لە هەمان کاتیشدا خاوەند عەشتار بڕیاری کوشتنی ئینکیدو دەدات و دەقی مردنی بەسەردا دەخوێنێت و ڕۆحی دەکێشێت.
ئەم ڕووداوە گلگامێش دەخاتە تێڕامانی ورد بۆ ژیان و گەڕان بە دوای نەمریدا کە هەموو هێز و توانای خۆی دەخاتە گەڕ بۆی بگات بەم ئاستە. گلگامێش شەڕی خواوەندەکان دەکات و زۆربەی خواوەندە بەهێزەکان ملکەچ دەکات تا بگات بە شکۆمەندی و پلەی نەمری بەدەست بهێنێت، بۆ ئەمەش خواوەند عەشتار کە خواوەندی گەورەی بابل بوو فەرمانی پێ دەکات ئەگەر هاتوو توانی بچێتە ناو دەریا و گەوهەرێک هەیە لەگەڵ خۆیدا بیهێنێتەوە ئەوا پلەی نەمری پێدەدات بەڵام گلگامێش کاتێک دەچێتە نێو دەریا، خواوەندی دەریا هێرشی دەکاتە سەر و نوقمی ناو ئاوەکەی دەکات و دەخنکێت بەمەش ناگات بە پلەی نەمری.
لێکدانەوە بۆ داستانەکە
شرۆڤەکارانی داستانەکە دەڵێن ئەم داستانە هەڵگری پەیامێکی جوانە کە سۆمەرییەکان لەو کاتەدا توانیویانە درکی پێ بکەن، گەرچی ڕێژەیەکی زۆر خواوەندیان هەبووە. زۆربەی خواوەندەکانیش لە پاشا و پاڵەوانەکان سەریان هەڵداوە بەڵام هیچیان نەیان توانیوە بە نمری بمێننەوە پێیان وابووە هێزێک هەیە لە سەرووی خواوەندەکان بە نەمری دەمێنێتەوە ئەویش بە تێڕوانینی خودی خۆیان تەنها ڕۆح بە نەمری دەمێنێتەوە و هەر جارێک و دەچێتە ڕۆحی کەسێکی ترەوە بە شێوازێکی نوێ.
مێژووی داستانەکە
سەرچاوە مێژووییەکان ئاماژە بەوە دەدەن داستانی گلگامێش مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ نزیکەی ٢٠٠٠ ساڵ پێش زایین. لە هەمان کاتیشدا بە یەکێک لە کۆنترین بەرهەمە ئەدەبییەکان دادەنرێت کە مابێتەوە و لە ناو نەچووبێت. گرنگی ئەم بەرهەمە لەوەدایە بە شێوەی هۆنراوە نووسراوە کە وا دەردەکەوێت سۆمەرییەکان دەستی باڵایان هەبووە لە نووسینی هۆنراوەدا. مێژوونووسان و پسپۆڕانی بواری ئەدەب دەڵێن داستانەکە لەسەردەمی "سێیەمین سەردەمی فەرمانڕەوایی ئور" نووسراوە کە بە وردی دەکاتە ساڵی ٢١٠٠ پێش زایین.
پەیوەندی گلگامێش بە ئایینەکان
زۆرێک لە مێژوونووسان دەڵێن پەیامی ئەم داستانە ڕەنگدانەوەی هەیە لە کتێبە ئایینییەکاندا کە دیارترینیان ئینجیل و تەوراتن. لە ئینجیلدا بە تایبەتی ئەو کۆپییەی ئینجیل کە بە زمانی عیبری نووسراوە زۆر بە ڕوونی دەردەکەوێت کاریگەری گلگامێشی پێوە دیارە چونکە هیچ نووسراوێکی ئایینی نییە پێش گلگامێش باسی لە نەمری ڕۆح کردبێت.