هەڵسەنگاندن

له‌لایه‌ن: - ئیمان ئەحمەد ئیمان ئەحمەد - به‌روار: 2024-06-14-12:58:00 - کۆدی بابەت: 13177
هەڵسەنگاندن

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

هەڵسەنگاندن بە ئینگلیزی (Evaluation)، بە عەرەبی (تقییم)، هەڵسەنگاند لە ڕوانگەی سۆراندایکەوە بریتییە لە دەرکردن و وەرگرتنی کۆمەڵێک بڕیار دەربارەی سەرکەوتنی فێرخواز و پێشکەوتنی لە قوتابخانەدا. گرۆنلاندیش دەڵێت: پڕۆەسەیەکی ڕێکخراوە بۆ دیاریکردنی چەندێتی سوود وەرگرتنی فێرخواز لەو ئامانجە پەروەردەییانەی کە پێشتر دانراون.

مەبەستی سەرەکی هەڵسەنگاندن لە بواری پەروەردەدا

  • بڕیاردان لەسەر مەودا و ئاستی گونجاوی پڕۆگرامەکان.
  • دیاریکردنی خاڵە بەهێز و لاوازەکانی پڕۆگرام.
  • دیاریکردنی خاڵە بەهێز و لاوازەکانی فێرخواز.
  • یارمەتی مامۆستا دەدات بۆ دۆزینەوەی حەز و ئارەزووەکانی فێرخواز.
  • یارمەتی مامۆستا دەدات بۆ ناسینی خۆی.

جۆرەکانی هەڵسەنگاندن

هەڵسەنگاندن بە پێی کاتەکەی

یەکەم/هەڵەسانگاندنی سەرەتایی: ئەم جۆرە هەڵسەنگاندنە، لە سەرەتای پڕۆگرام و خوول و ۆورکشۆپ و کاردەکەدا دەبێت، بۆ ئەوەی لە ڕێگەیەوە توانا و ئاستی خوێندکار دیاری بکرێت، سوودەکانی ئەم جۆرە هەڵسەنگاندنە ئەوەیە کە دەتوانین بە پێی لێهاتوویان بەسەر گروپ و پۆلەکاندا دابەشیان بکەین.

دووەم/ هەڵسەنگاندنی پێکهێنەر: ئەم جۆرە هەڵسەنگاندنە هاوشانی پڕۆسەی فێرکردنە و هەر لە یەکەم هەنگاوی فێرکردنەوە تا کۆتایی کۆرس یان وەرز و ساڵەکە بەردەوام دەبێت، واتە بەردەوام مامۆستا لە ماوەی کورتدا دوای هەر وانەیەک بێت یان دوای هەر بابەت و یەکەیەکی خوێندن بێت هەڵسەنگاندن بۆ فێرخواز دەکات، بۆ ئەوەی بزانێت تا چەند سوودیان لە بابەتەکە وەرگرتووە، سەرەڕای دیاریکردنی خاڵە بەهێز و لاوازەکانیان.

لەم جۆرە هەڵسەنگاندنەدا مامۆستا بابەتەکانی خوێندنی ئەو وەرزە یان ئەو ساڵە بەسەر چەند بەش و وانەیەکدا دابەش دەکات و دواتر دوای هەر بەش و وانەیەک هەڵسەنگاندن بۆ فێرخواز دەکات، مەبەستی سەرەکی ئەم جۆرە هەڵسەنگاندنە دیاریکردنی خاڵە بەهێز و لاوازەکانی فێرخوازە، واتە بۆ ئەوەیە بزانرێت فێرخوازەکان لە چ بەش و وانەیەکدا بەهێز و لاواز یان مام ناوەندین.

سێیەم/ هەڵسەنگاندنی کۆتایی: ئەم جۆرە هەڵسەنگاندنە لە کۆتایی هەموو کۆرس و وەرزو ساڵێکدا بە ئاکام دەگەیەندرێت، مەبەستی سەرەکی ئەم جۆرە هەڵسەنگاندنە وەرگرتنی بڕیارە دەربارەی گواستنەوە فێرخوازێک لە قۆناغێکەوە بۆ قۆناغێکی دیکە.

هەڵسەنگاندن بەپێی سەرچاوە

یەکەم/ هەڵسەنگاندنی پێوەری: لەم جۆرە هەڵسەنگاندنەدا، بە پێی پێوەی تایبەتی کە بە زۆری سەرجاوەکەی ناوەندی ژمێرەییە بڕیار لەسەر کار و چالاکی و بەرهەمەکانی تاک دەدرێت، واتە کاتێک تاقیکردنەوەو و ئەزموون بۆ کۆمەڵێک فێرخواز دەکرێت وهەریەکەیان نمرەی خۆی وەردەگرێت، دواتر هەموو نمرەکان کۆدەکرێنەوە و دابەشی سەر ژمارەی فێرخوازەکان دەکرێت، دەرئەنجامی ئەم دابەشکردنە دەبێت بە ناوەندی ژمێرەیی بۆ هەموو نمرەکانی تر، واتە لە ڕێگەی ئەو پێوەرە بڕیار لەسەر ئاست و باش و خراپی فێرخوازەکانی تر دەدەین.

دووەم/ هەڵسەنگاندنی مەرجی و سەنگی: لە ئەنجامی ئەو گۆڕانکاری و پێشکەوتنانەی کە لە بواری پەروەردە و فێرکردندا ڕوویانداوە، سەرەڕای هەوڵی زانا و توێژەرانی بواری پێوان و هەڵسەنگاندن جۆرێکی تر لە هەڵسەنگاندن هاتە گۆڕەپانی پێوان وهەڵسەنگاندنەوە، ئەویش هەڵسەنگاندنی مەرجی و سەنگییە، لەم جۆرە هەڵسەنگاندنەدا هەر لە پێشەوە  ولە سەرەتاوە سەنگ و مەرجی تایبەتی دیاری دەکرێت و دواتر ئاست و بەرهەم و چالاکیەکانی تاک بە یەو مەرجە بەراورد دەکرێن و لە ڕێگەی ئەو مەرج و سەنگەوە هەڵسەنگاندنیان بۆ دەکرێت.

واتە لە ئەم جۆرە هەڵسەنگاندنەدا پشت بە پێوەر و ناوەندی ژمێرەیی و چالاکیەکانی ئەندامەکانی ئەو گروپەی پێ هەڵدەسەنگێندرێ، نابەسترێت، بەڵکو هەر لە یەکەم جار و پێش تاقیکردنەوە و ئەزموونەکە ئاست و مەرج دادەنرێت، دەبێت ئەو کەسە بگاتە ئەو ئاست و مەرجە ئینجا بە سەرکەوتوو دادەنرێت. بۆ نموونە مامۆستای زمان کاتێک فێرخوازەکانی تاقیدەکاتەوە، هەر پێش کاتی تاقیکردنەوەکە مەرج و ئاستی تایبەتییان بۆ دادەنێت. دەبێت فێرخواز سەرکەوتووانە واتای ٩٠ وشە بزانێت لە کۆی ١٠٠ وشە ئینجا فێرخواز بە سەرکەتوو دادەنرێت.

هەڵسەنگاندن بە پێی ئەو کەسانەی هەڵسەنگاندنەکە دەکەن

  • هەڵسەنگاندنی خودی

زۆر گرنگە هەر لە قۆناغی پێش چوونە قوتابخانە تۆوی هەڵسەنگاندنی خود لە ناخی منداڵاندا بچێندرێت، بۆ نموونە کاتێک لە باخچەی ساوایان وێنەیەک دەکێشێت، یان یارییەک دروست دەکات یان کارێک دەکات، پێی بڵێن ئەو وێنەیە جوانە، باشە. بەردەوام بوونی ئەم جۆرە پرسیار و هەڵسەنگاندنە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ دەبێتە هۆی بەهێزکردنی توانای هەڵسەنگاندنی خود، دوای ماویەک لای ئاسایی دەبێت کە هەندێک لە کاروچالاکییەکانی خۆی بە دڵ نەبێت و رەخنەیان لێبگیرێت.

  • هەڵسەنگاندنی دەرەکی

مەبەست لە هەڵسەنگاندنی دەرەکی ئەوەیە کە کەسانی تر لە دەرەوەی قوتابخانە یان شارەکە سەردانی قوتابخانە دەکەن و بە پێی ئەو پێوەر و ستاندارتانەی کە لەسەری ڕێککەوتون هەڵسەنگاندن بۆ خوێندکار و مامۆستا و کارمەندانی خوێندنگەکە دەکەن، بۆ ئەوەی دواتر بە هەڵسەنگاندنی سەرپەرشتیار و هەڵسەنگاندنی خودی بەراورد بکرێن و پەیوەندی لە نێوانیان بدۆزرێتەوە وهەڵسەنگاندنەکە زانستی و بابەتی بێت، چونکە ئەگەر هەڵسەنگاندنەکە هەڵسەنگاندنی دەرەکی نەبێت ئەگەری زۆری هەیە پەیوەندی بکەوێتە نێو هەڵسەنگاندنەکە، هەڵسەنگاندنەکە زانستی و بابەتی دەرنەچێت. ئەگەر دەرکەوت جیاوازی زۆر لە نێوان هەڵسەنگاندنی خودی مامۆستا و هەڵسەنگاندنی سەرپەرشتیار بۆ مامۆستا هەیە، ئەمە واتای ئەوەیە کە کەم و کورتی هەیە و یەکێک لە ئەو دوو هەڵسەنگاندنە ڕاست نییە. بۆ یەکلایکردنەوەی ئەم کێشەیە پێویستە پەنا بۆ هەڵسەنگاندنی دەرەکی ببرێت بۆ ئەوەی بزانرێت هەڵسەنگاندنی سەرپەرشتیار ناردوستە یان هەڵسەنگاندنی خودی مامۆستاکە.

  • هەڵسەنگاندنی دایک و باوک و کۆمەڵگای مەدەنی

لە وڵاتانی ئەوروپی و بە تایبەتیش ئەمریکا، خێزان  وکۆمەڵگای مەدەنی ڕۆڵی کاریگەریان لە پرۆسەی هەڵسەنگاندنی دام و دەزگا پەروەردەییەکان هەیە. هۆکاری سەرەکیش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە بودجەی قوتابخانەکان لە باجی هاوڵاتیان دابین دەکرێت، لەبەرئەوە دایک و باوک بە مافی خۆیان دەزانن کە هەڵسەنگاندنەکان بۆ قوتابخانەکان بکەن، بۆ ئەوەی لە لایەک بزانن منداڵەکانیان لەو قوتابخانەیەدا چی فێردەبن لەلایەکی دیکەشەوە بۆ ئەوەی دڵنیابن ئەو پارەی کە لە گیرفانی خۆیان دەیدەن و بەشێکی بۆ قوتابخانەکان دەچێت، شوێنی خۆی دەگرێت و بەفیڕۆ ناڕوات.

  • هەڵسەنگاندنی هاوڕێکان

لە فێرکردنی بە هەرەوەزی دەکرێت خوێندکاران هەڵسەنگاندن بۆ هاوڕێکانیان بکەن و لایەنە باش و خراپەکانی ڕوون بکەنەوە، ڕاستە لە سەرەتاوە ڕەنگە هەڵسەنگاندنەکان بابەتی نەبن بەڵام وردە  وردە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ دوای ڕێنمایکردنیان، هەڵسەنگاندنەکان بەرەو بابەتی زیاتر دەڕۆن، واتە دەتوانرێت سوود لە هەڵسەنگاندنی خوێندکارەکان بۆ یەکتری وەربگیرێت و تەنها پێوەر تاقیکردنەوە باوەکان نەبن.


سەرچاوەکان



43 بینین